كەجەكە: ئەردۆغان ئەنفالێكی دیكە لە هەرێمی كوردستان دەكات
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە ڕایگەیاند، دەوڵەتی توركیا سیاسەتی قڕكردن باشووری كوردستان بەڕێوەدەبات و دەیەوێت عێراق بخاتە ژێر دەستییەوە، دەبێت لایەنە سیاسییەكانو كۆمەڵگە ئەمە قبوڵ نەكەن، ئێستا ئەردۆغانیش هەمان كاری سەدام دووبارەی دەكاتەوە و ئەنفالێكی دیكە دەكات.
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە سەبارەت بە داگیركاریی توركیا لە باشووری كوردستان و عێراق، هەڵوێستی گەل و خیانەتی پارتی بۆ میدیاكانی پەكەكە دەدوێت.
بەسێ هۆزات ڕایگەیاند، ئێستا دەوڵەتی توركیا سیاسەتی قڕكردن لە باشووری كوردستان جێبەجێ دەكات، بەڕێوەبەریی باشووریش خۆی لەناو خیانەت دایە، بەڵام هەندێك لایەن هەرچەندە لەو پرسەشدا نەبن، بەڵام وەك پێویست لەو ڕاستییە تێناگەن، دەبێت گەلەكەمان، لایەنەكانی دیكە لە باشوور، یەکێتی، گۆڕان، ڕێكخراوە ئیسلامییەكان، كۆمەڵگە لەو ڕاستییە تێبگەن، كە دەوڵەتی توركیا سیاسەتی میساقی میللی جێبەجێ دەكات، لەسەر عێراق سیاسەتی هەژموونگەرایی بەڕێوەدەبات.
دەشڵێت: دەبینین بادینان لەلایەن سوپای توركیاوە دەسوتێندرێت، هەموو گوندەكانی بۆردوومان دەكرێت، باس لە چۆڵكردنی 600 بۆ 700 گوند دەكرێت، لە ساڵانی 1993-1994 زیاتر لە چوار هەزار گوند لە باكووری كوردستان سووتێندران، هەمان شت لە باشووری كوردستانیش دەكەن، گوندەكان، گۆڕستانەكان، هەموو شوێنێك وێران دەكەن، ئەوەی ئیسرائیل دەیكات ئەویش دەیكات، پارتیش لەگەڵیدا ڕۆڵ دەگێڕێت، بۆ نموونە سەیری ڕاگەیاندنی پارتی بكەین، دەبینین كوردستان دەسووتێندرێت، بەڵام ڕاگەیاندنی پارتی هیچ هەواڵێك لەسەری ئامادە ناكات، بەڵكو قسەكانی ئەردۆغان لە ڕاگەیاندنەكانی پارتیدا یەكەم هەواڵە.
ئاماژەی بەوەش كرد، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت هەموو باشووری كوردستان و موسڵیش بلكێنێت بە توركیاوە، بە واتایەكی دیكە دەیەوێت تەواوی عێراق بخاتە ژێر دەستییەوە، ئێمە پێشتر وتمان ڕێگەی گەشەپێدان ڕێگەی داگیركارییە، بە پاساوی ئەو ڕێگەیە لە هەموو شوێنێك هێزی سەربازیی و هەواڵگیریی ڕێكدەخات، ئێستا پیلانی ئەوەیان داناوە كە شاندێك لە عێراقەوە دەچێتە توركیا و دیدار ئەنجام دەدەن، لە ئێستاوە دیارە سەودا و مامەڵە لەسەر بەهاكانی كوردان دەكەن.
بەسێ هۆزات وتی: ناڕەزایەتییەكان لە باشووری كوردستاندا زۆر لاوازن، لەسەر باشوور سیاسەتی قڕكردن، داگیركردن و لكاندن بەڕێوەدەچێت، پێویستە گەلەكەمان قیامەت بەرپا بكات، ئەوەی ئێستا دەكرێت ئەنفالە، ئەوەی سەدام لە باشوور كردوویەتی ئێستا ئەردۆغان دەیكات، دەبێت گەلەكەمان سەر بۆ گوشاری لەو چەشنە نزم نەكات، سیاسەتێكی مەترسییدار لەسەر باشوور پەیڕەو دەكرێت، دەبێت ڕۆشنبیران لە كوردستان، باشووری كوردستان و عێراق ناڕەزایەتییەكانی بەهێز نیشان بدەن و هاوڵاتیانیش خاوەنداریی لێ بكەن.