ئەمڕۆ عێراق پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ پارەی مووچە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
میدیا عێراقییەکان، لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویانكردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی تەموزی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت.
"وەزارەتی دارایی عێراق بڕی یەک تریلۆن دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی و هێزە ئەمنیی و سەربازییەكان”. سەرچاوەكە وای بە میدیا عێراقییەكان وتووە.
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاو دەکرێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 13ی ئابی 2024, لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی تەیف سامی، وەزیری دارایی كۆبووەوە و بە وتەی پەرلەمانتارانی كوردی بەشدار لە كۆبوونەوەكە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا پارە بۆ مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.