هەمواری یاسای باری کەسێتی: کۆتایی ئافرەت وەک مرۆڤ

3 مانگ لەمەوپێش



  د. سەردار عەزیز

 لە مەزهەبی جەعفەریدا ئافرەت بریتیە لەو بونەوەرەی کە بۆ ئەوەیە پیاو لەزەتی لێببینێت.

بۆ ئەوەی پیاو لەم بونەوەرە لەزەت ببینێت ئەوا پێویستی بە ئەوەیە کە چەند ساڵێک چاوەڕێ بکات هەتا ئەم بونەوەرە کە پێی دەڵێن ئافرەت پێبگات.

پێگەیشتنی ئافرەت، سات و بڕیارێک نیە کە ئافرەتەکە خۆی بیدات، بەڵکو پیاو یان چەند پیاوێک لە سەر بنەمای فەسلەجی و جەستە و گۆڕانکارییەکانی جەستەی ئافرەتەکە بڕیاری لێدەدەن. ئەم پرۆسەیە شایستەی لە سەر وەستانە.  

یەکەم، ئافرەت بە هیچ شێوەیەک بونەوەرێک نیە کە خاوەن بڕیار و کەسایەتی و ئەیجینسی خۆی بێت.

بەڵکو وەک میوەیەک، بەرهەمێک، جەستەیەکی بێ عەقڵ ئەوانیتر بڕیاردەدەن کە ئایا کاتی ئەوە هاتوە پیاو لەزەتی لێببینێت یان نا؟ دوو، ئایا ئافرەت خاوەن باری دەرونی و ئازار و کەسایەتیە، بێگومان نەخێر.

چونکە ئەو جەستەی ئامادەیە بۆ پیاو و نیشانەکانی دەرکەوتوون و تەواو.

سێ، ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە دۆخە ئاژەڵییەکەی پێکەوەبونی ژن و پیاوە.

لەم جۆرە پەیوەندییەدا، ڕازیبونی ئافرەت بە ئەنجامدانی پێکەوەبون بە هیچ شێوەیەک لەبەرچاو ناگیرێت، چونکە لە بنەمادا  جگە لە سەرچاوەی لەزەت و خزمەت هیچ شتێکی زیاتر نابینرێت.

کێشەی ئەم دیدە لە گەڵ دیدی مۆدێرندا ئەوەیە کە لە دیدی مۆدێرندا ئافرەت وەک مرۆڤ دەبینرێت.

کاتێک ئافرەت دەبێتە مرۆڤ، پرۆسەکە تێک دەچێت، چونکە دەبێت پرسی پێبکرێت، ڕازی بێت و بڕیار بدات.

بۆ ئەمەش  کاتێک کەسێک وەک مرۆڤ دەبینرێت دەبێت توانای بڕیاردان و ئاگایی و تێگەیشتنی قۆناغی منداڵی تێپەڕاندبێت، نەک تەنها باری جەستەیی.

لێرەدا جەدەلی جەستە و مێشک دروست دەبێت، لە یونانی کۆنەوە، بە تایبەتی لە قوتابخانەکانی وەک مۆنیزم و دوالیزمدا پرسی جەستە و مێشک پرسێکی سەرەکی بوە.  

بە دەر لەم دیدە فەلسەفییە، کە پیاو بە خاوەن هەموو بڕیار و ڕەوایی و لەزەتێک دەبینێت، لە هەمانکاتدا هەمواری یاساکە ڕەهەندی تری مێژویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە.

سەرەتای ئەم پرسە دەگەرێتەوە بۆ چلەکانی سەدەی ڕابوردوو، کاتێک پەرلەمانی سەردەمی مەلەکی ڕەشنوسی یاسای باری کەسییان داڕشت.

بەڵام هەر ئەو کاتە مەرجەعیەتی شیعە دژی بوو. ڕەشنوسەکە نەبوو بە یاسا هەتا ساڵی ١٩٥٩ لە سەردەمی عەبدوالکریم قاسمدا.

هەرچەندە چەند کودەتایەک لە عێراقدا ڕویدا بەڵام یاساکە بە دەستکارییەوە، مایەوە.

مەرجعیەتی نەجەف هەمیشە دژی بوو. بۆیە کاتێک ڕژێم دەگۆڕێت لە عێراق، ئەنجومەنی حوکم دروست دەبێ، دەستوبرد لە سەرەی عەبدولعەزیز حەکیمدا هەوڵی هەڵوەشانەوەی یاساکە دەدرێت و پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ پۆل برێمەد دەیهێنێتەوە.

لەو ساتەوە چەند جارێکی تر هەوڵی هەڵوەشانەوەی دراوە. بەڵام لە ئێستادا جیاوازە.

بۆ یەکەمجارە مەرجەعیەتی سیستانی لە نەجەف لە پشت ئەم هەموارەوەیە.

لە دەقی هەمواری یاساکەدا بە ڕونی دیارە، نەک تەنها بە پێنوسی سور لە سەری نوسراوە، بەڵکو بە فەرمی بە ڕاستەوخۆ ئاماژەدەدات بە مەرجعیەتی نەجەف و هەروەها مەرجەعی خاوەن زۆرینە.  

ئەمە لە کاتێکدا ڕودەدات کە شیعە زۆرینەی دەسەڵاتدارن لە پەرلەمان و هەروەها پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان هەیە بە وەکالەت.

هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەمی یاساکە تێپەڕیوە، بەڵام بەبێ ڕەزامەندی سوننە و کورد بە ئاسانی نابێت بە یاسا.

لە ئێستادا کورد و سوننە لاوازن و سازشکەرن.

بە تایبەتی لە ئێستادا ئەگەر بە ووردی تەماشای داڕشتنی ئەجیندانی پەرلەمان بکەیت دەبینیت لە سەر بنەمای پشتم بخورێنە، پشتت دەخورێنم، یان شتێکم بدەرێ شتێکت دەدەمێ دادەڕێژرێت.

بۆیە هەوڵدەدرێت یاسای لێبوردنی سوننە گیراوەکان لە سەر بنەمای ئەوە تێپەڕێنرێت کە لە بەرامبەردا سوننە دەنگ بدەن بە هەمواری یاسای باری کەسێتی. گروپی سوننە لە ئێستادا پەرت و هەرزانکڕاون.  

تێپەڕاندنی ئەم یاسایە تەنها دژایەتی و موڵکایەتی ئافرەت نیە، بەڵکو کۆتاییە بە مەدەنی و سەردەمی و مرۆڤانەبونی دادگا.

لە هەمانکاتدا کردارێکی ڕاستەوخۆیە لە دەستوەردانی مەرجەع لە کاروباری دەوڵەتدا.

لە ئیسلامدا سوننە چونکە وەک شیعە ڕێکخراو و خاوەن ناوەند و کەسایەتی تایبەت نیە، پەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتدا پەیوەندییەکی جەمسەرگیریی نیە.

بەڵام شیعە وەک کاتۆلیک لە ئاینی مەسیحیدا لە هەوڵی ئەوەدایە یان خاوەنی دەوڵەت بێت یان ئەو بوارانەی بەلایەوە گرنگە لە ژێر دەستیدا بێت، لە سەروی هەمویانەوە خێزان.

  سەرکوتی ئافرەت لە پشتیەوە ترسێک خۆی حەشارداوە، ئەویش ترسی کەلتوری ڕۆشنگەری و مۆدێرنەیە.

ئەمەش وەها دەکات کە ئافرەت و جەستەی ببێت بە مەیدانی ململانێی نێوان هێزە کۆنەپارێزەکان و هێزە مەدەنییەکان.

لە ئێستادا لە عێراق و کوردستانیش ئافرەت لە ململانێیەکی سەختدایە بۆ ئەوەی مرۆڤ بێت.

ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە، کە کۆمەڵگای عێراقی کۆمەڵگایەکی زیندوە. هەوڵی تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ بەرهەڵستکاریی نیە.

لە ئەنجامی فشارەکاندا سودانی و ئەوانیتر دەیانەوێت بەندەکانی یاساکە سوکتر بکەن.

بەڵام ناتوانن ڕێگریی لێبکەن لە بەر بونی مەرجەعیەت لە پشتی و هەروەها تەبابونی دیدی خۆیان لەمبارەوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار