سووککردنی کاندیدەکان!
3 مانگ لەمەوپێش
کاوە شێخ عەبدوڵڵا
ئێستا کە ناو و ژمارەی هەندێ لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکراکراون، ڕەشبینی و نائومێدییەکی زۆر نیشاندراوە لەلایەن خەڵکەوە. تەنانەت گەیشتووەتە ڕادەی سووکایەتپێکردن و تانەوتەشەری زۆر.
بۆ هەندێک لەو کاندیدانە، حەق بە خەڵکە کە نائومێد و ڕەشبین بن لێیان، چونکە سابیقە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان ئیسپاتیکردووە، ئەوانە کە بەهۆی گاڵتەجاڕی و خۆسووککردنەوە بوونەتە ناوێکی دیار، پەرلەمان شوێنی ئەوان نییە.
بەڵام دوور نییە لەناو ئەو کاندیدانەدا، کەسانی پڕ وزە و کاریگەر دەربکەون کە بەهۆی ژینگە سیاسیی و میدیاییەکەی کوردستانەوە، دەرفەتی دەرکەوتنیان نەبووە.
لەوانەیە وزەی زۆر باش و توانای دەرنەکەوتووی کچان و کوڕانی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی و کاری پەرلەمانییدا دەر بکەون کە لە داهاتوودا ببنە کەسانی گرنگ و کاریگەر.
ئیمانوێڵ کانت فەیلەسووفی ئەڵمانیی قسەیەکی هەیە دەڵێت: چەرخی ڕۆژگار هەر دەسووڕێ و ناوەستێ، بۆ هەموو سەردەمێکیش سەرکردەی نوێ و وزەی نوێ بەرهەم دەهێنێ. ئەو ناوەستێ لەڕێی سەرکردە بەسەرچووەکان!
بۆ کوردستانیش ئەم قسەیە ڕاستە، هەرچەندە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە داپۆشراوە بە نائومێدی و داڕووخان. بەڵام چەرخی رۆژگار بەردەوامە لە سووڕی خۆی سەرباری نائومێدی و ڕەشبینییەکانیش.
دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و بە سەنتەرکردنی پەرلەمانی کوردستان، لەناو هەموو فراکسیۆنەکاندا... گۆڕان لە هەموویان زیاتر... وزەی زۆر کاریگەر و کەسایەتیی گرنگ دەرکەوتن کە ئەگەر ئەم دەرفەتە نەبوایە، زۆر ئەستەم بوو ئەو وزە و کەسایەتییانە ناویان بدرەوشێتەوە.
پاشان نەوەی نوێ ــش بەهێنانە پێشەوەی چەند وزەیەکی باش، چەند کەسێکی تر دەرکەوتن و لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی و پەرلەمانیی توانیان بمێننەوە.
منیش وەک ئێوە، هەموو خڵتە و پاتاڵەکانی ناو ئەو بزووتنەوە و جووڵانەوە و فراکسیۆنانە دەناسمەوە، بەڵام من هەمیشە چاوم لەسەر باشییەکانە و نامەوێ خراپییەکان گەورە بکەم تا ئاستی گەورەکردنێکی بێمانای ئەوان.
ئێستایش سەرباری هەموو نائومێدی و ڕەشبینییەکان...چاوەڕێ دەکەم چەندین کەسایەتیی ویژدان زیندوو و بە هەڵوێست و گرنگ دەربکەون کە ڕۆڵیان هەبێ لە ژینگەی سیاسی کوردستاندا.
بە سووککردن و نوقڵانەی خراپ بۆ هەموو کاندیدەکان، هیچ خزمەتێک بە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان ناکات. چونکە ئەمە زۆر ڕوونە، هەردەبێ حزب و سیاسەت پێشەنگی چالاکییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بن. ئیتر دوورەپەرێزی و ڕەتکردنەوەی هەمیشەیی سیاسەت، خەڵک مەحکوم دەکات بەوەی خراپەکاران و بێباکەکان درێژە بە حوکمڕانی خۆیان بدەن.
نائومێدی و پاڵدانەوەی یەکجاریش، هیچ خزمەتێک بەداهاتووە زەوتکراوەکەمان ناکات. لانیکەم چاودێربە بەسەر ئەوانەی بڕیارە سبەینێ پێشەنگی چالاکییە سیاسی و ئابوورییەکەت بن.