تەڤگەری ئازادیی: فواد حسێن و هاکان فیدان دەستیان بە داڕشتنی پیلانێكی نوێ كرد دژ بە هەرێمی کوردستان
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تەڤگەری ئازادیی دەڵێت، وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و بۆ بەردەوامیی دان بە پیلانگێڕیی و داگیرکاریی سەر باشوری كوردستان و جینۆسایدی گەلی كورد.
ئەمڕۆ هەینی، 16ی ئابی 2014، دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لەبارەی سەردانی شاندی عێراق بەسەرۆکایەتی فواد حسێن وەزیری دەرەوە لەسەر پشکی پەدەکە، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادیی:
جارێكی تر وەزیری دەرەوەی عێراق کە پارتییە (فواد حسێن) و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك ھاکان فیدان، بۆ بەردەوامیی دان بە پیلانگێڕیی و داگیرکاریی سەر باشوری كوردستان و جینۆسایدی گەلی كورد، لە ئەنقەرە كۆبونەوە و دەستیان بە داڕشتنی پیلانێكی نوێ كرد، دژ بە بزوتنەوەی ئازادیی کوردان و ھێڵی نیشتمانیی و ئازادییخوازیی.
لە دوای بەناو رێککەوتنە ٢٧ خاڵییەکەی نێوان حکومەتی ئەردۆغان و حکومەتی سودانیی لە بەغداد و بارزانیی لە ھەولێر، ھێرشەکانی سوپای تورکیا بە ھاوکاریی پارتی-بارزانیی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بۆ سەر ھەرێمەکانی زاپ و گارا و مەتینا دەستی پێکرد، بەئامانجی داگیركردنی خاڵە ستراتیژییەکانی سنوری خاكی باشوری كوردستان، بەڵام بەھۆی بەرگری ئازایانەی ھێزەکانی پارێزەرانی گەل، ھێشتا لە روی سەربازییەوە نەیان توانیوە بگەنە ھیچ ئامانجێک، لە بەرامبەر دا حکومەتی عێراق لە رێگەی دادگا، داخوازیی تورکیای جێبەجێکرد، بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی بڕیاری قەدەغەی لەسەر سێ پارتی موڵەتپێدراوی نیشتمانیی وەک: (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ئازادیی ئیزیدی، بەرەی دیموکراسی گەل) دا بە تۆمەتی ناڕەوا و نایاسایی، تەنھا تاوانێک کە ھەبێت پێشەنگایەتیی کردنی ناڕەزایەتییەکان بووە، دژبە ھێرشەداگیرکارییەکانی تورکیا، بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق.
لەکاتێکدا فواد حسین كە وەزیری دەرەوەی عێراقە، ئەركی ئەو پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیەتی، بەڵام لە ھەڵوێستەکانیدا وەک بەشێک لە ھێڵی خیانەت و ھاوکاریی دەوڵەتی تورک دەردەکەوێت، هەر بۆیە پێویستە ھێزە نیشتمانییەکانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو سوکایەتیی و شەرمەزارییە قبوڵ نەکەن کە دژ بە یاسا، سەروەریی خاک و ھەر ھاووڵاتییەکی نیشتمانپەروەری عێراقیی دەکرێت.
ئێمە وەكو تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، دژی هەموو پیلانێكی داگیركاریی و لەشكركێشیی سوپای داگیركەرانین.
هەروەها داوایش لە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكوردییەكان و عێراقییەکان دەكەین، بێ دەنگ نەبن و خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانیی بن. ئەوەی گرنگە حكومەتی عێراق، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە کە ھەڵوێست و دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن، بۆ لێپرسینەوەی تەواو، لە وەزیری دەرەوەی عێراق، لە بەرامبەر بەكاریهێنانی پێگەکەی، دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلان و خاكی عێراق.