پاسەوانەکەی زیندان
3 مانگ لەمەوپێش
ئەنوەر سوڵتانی
کتێبی 'پاسەوانەکەی زیندان'، نووسینی شەماڵ ساموێڵسن ئەگەر تاقە کتێب نەبێ بێگومان یەک لەو کتێبە دەگمەنانەیە وا لەسەر ژیانی نابەسامانی هاوسەر و دایک و خوشکی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراوە. زۆرێک لە ئێمە بیرەوەریی کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردمان خوێندۆتەوە کە دوای ئازادبوونیان لە کۆت و بەندی دەسەڵاتدارییە نامیهرەبانەکان نووسیویانە و لە ئەشکەنجە و ئازاریان بەدەست زیندانەوان و ئەشکەنجەگەرانی هەموو پارچەکانی کوردستان دواون، یان تەنانەت ئەگەر ئیعدامیش کرابێتن، دواتر مەینەتی و مەرگەساتی بەشێکیانمان لە زمان هاوبەندەکانیانەوە بیستووە. بەڵام لێرە و لە بیرەوەرییەکانی شەماڵ خانمدا زیندانییە کوردەکانی زیندانی ورمێ بێدەنگن و لەگەڵ خوێنەر نادوێن، بە پێچەوانە، ئەوەی دەنگ بەرزدەکاتەوە هاوسەر و دایک و خوشکی هەندێ لە بەندییەکانە لە دەرەوەی زیندان کە ئەو کارەساتانەمان بۆ دەگێڕنەوە وا دادگا و پۆلیسی ئێران بەسەر خۆیان و بنەماڵەکانیان هێناون- کارەساتی دڵتەزێنی ئەوتۆ کە ئەگەر لە ڕەنج و ئازاری بەندکراوەکان زیاتر نەبووبێت، کەمتر نەبووە. هەربۆیەش دەگونجێ ناوەرۆکی کتێبەکە لە بیرەوەی نووسینی سیاسی-کۆمەڵایەتی کوردستاندا لقێکی تازە بکاتەوە و ئێمە لە داهاتوودا چاوەڕوانی کاری هاوشێوە لە لایەن نووسەرانی بوێری دیکەوە بین.
کتێبەکە سەرەتا بە زمانی سویدی نووسراوە و هەر لەو وڵاتەش بڵاو کراوەتەوە، پاشان 'ئاندرس ئێرنبۆڕن' کردوویەتە ئینگلیزی، ئیینجا بە ماوەیەکی کەم لە لایەن کاک شاڕوخ ئەرژەنگییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی و لە لایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێبەوە بڵاو کراوەتەوە. ئەم یادداشتانە لەسەر چاپی ئینگلیزیی کتێبەکە نووسراون کە چاپەمەنی ئولیمپیای لەندەن بڵاوی کردۆتەوە.
ئەوەی خوێنەری ئەو سێ دەقە دەیخوێنێتەوە، دڕندەیی و بێ ئەخلاقیی دامودەزگای بەناو دادپەروەریی ئیسلامیی مەلاکانی ئێرانە، کە ئاوێتەی ڕق و کینەی نەتەوایەتیی تاقمی زیندانەوانی تورکی ئازەربایجان لە شاری ورمێ بووە و هەردوو پێکەوە، بوونەتە گورزێکی دووسەر کە هاوکات لە سەری زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ و بنەماڵەکانیان لە دەرەوەی زیندان دەدرێ و هەردوولایان بە یەک ڕادە تووشی ئێش و ئازاری ڕۆحی و جەستەیی دەکات. زیندانییەکان بەگشتی کوردی سوننەی ناوچەی موکریانن، ناوچەیەک کە لە دابەشکردنی جوغرافیاییدا کەوتۆتە بەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی و"هویت خواز"ی توندڕەوی ناو بزووتنەوەی نەتەوایەتیی ئازەربایجان، کە چاوێکیان لە یەکگرتنی دواڕۆژی ئازەربایجانی ئێران لەگەڵ تورکیا و کۆماری ئازەربایجانە، بە پێچەوانەی مێژووی دێرینی کورد لە ناوچەکە، وەک میوانی نەخوازراوی ئازەربایجان سەیری دەکەن. حاکم و بەناو دادوەری کۆماری ئیسلامیش لەو کێشەیەدا عەتفی ئایینیان بۆ تورکە شیعەکان و دوژمنایەتیی شاراوەیان لەگەڵ کوردی سوننەی ڕاپەڕیوە و هەردوولایان لە خاڵی لێدانی کورددا یەک دەگرنەوە.
دوای گیران و دادگاییکردنێکی ڕواڵەتی و چوار پێنج خولەکی کە زۆرجاران دەگاتە دەرکردنی حوکمی ئیعدام بۆ زوربەی کوردە بێتاوانەکان، بنەماڵەی هەژاری ئەو زیندانییانە بۆ چاوپێکەوتنی خۆشەویستەکانیان و ئەگەر بکری، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە بێ بنەما و زاڵمانەیە، لە هەموو دەرگایەک دەدەن و هەر لەو پەیوەندییەدا ڕێگەیان دەکەوێتە بەردەم زیندانی بەدناوی شاری ورمێ- شوێنێک کە دوای زیندانی ئێڤینی تاران زیاترین زیندانیی تێدا ئیعدام کراوە و ژن و پیاو، دارا و نەدار، خوێندەوار و نەخوێندەواری کورد بە سەرما و گەرما و بەفر و باران لەبەر دەرگاکەی ڕیز دەبەستن بەڵکوو بکەونە بەر بەزەیی زیندانوانە مڕچ و مۆنەکان و بۆ پێنج خولەکیش بێت لە پشت شووشەی پەنجەرەوە چاویان بە ئازیزانیان بکەوێ.
بەشی ساکاری کتێبەکە، بیرەوەریی ڕاستەوخۆی نووسەرە لە ڕۆژانی چوونە بەردەمی زیندانی ورمێ، کاتێ کە ماوە بەماوە لەگەڵ مامیدا لە شاری پیرانشارەوە چۆتە چاوپێکەوتنی 'کامڕانی'ی باوکی - کەسایەتییەکی زیندانیی کوردی خەڵکی پیرانشار و وەک خەڵکەکەیتر لە ڕیزی دوورو ودرێژی نۆبەگرتندا وەستاوە و چاوی لە هاتن و چوونی خەڵکانی دیکەیە. بەڵام بەشی پڕ ئازاری بیرەوەرییەکان چەند ڕووداوی لاوەکین کە نووسەر ئاوێتەی چیرۆکی خۆی و باوکی دەکات. بەسەرهاتی پڕنەهامەتی ئەو کەسانە ئەوەندە دڵتەزێنە کە دەبێتە بابەتی سەرەکی کتێبەکە و داستانی نووسەر و باوکی کەموزۆر لەبیر دەچنەوە. یەکەم ڕووداوی لاوەکی بەسەرهاتی پڕ ئێش و ئازاری 'سوڕەییا'ی تازەبووکی جوانکەڵانەیە کە هەموو جارێ خۆی بە شێوەیەکی نا ئاسایی دەڕازێنێتەوە و بە مەکیاجی زۆرەوە دەچێتە چاوپێکەوتنی زیندانییەک. نووسەری کتێبەکە سەرنجی دەچێتە سەر ئەو شێوە هەڵسوکەوتە و وردە وردە خۆی لێ نزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێ کێیە و ئەو شێوە 'ئارایش'ە نائاساییە بۆچی دەکات؟ بە ماوەیەکی کەم لە کارەکەیدا سەردەکەوێت، سوڕەییا- ئەو کیژە جوانە، متمانەی پێدەکات و قوتووی ڕازی سەربەمۆری خۆی بۆ دەکاتەوە..
'سوڕەییا'ی تازەبووکێکی هەڵگیراو لە ماڵەباوانە و هیچ پەناگەیەکی دیکەی جگە لە باوەشی کوڕە لاوەکەی مێردی نییە کە لەو زیندانەدایە و حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچووە؛ جا ئەو لە دەرەوەی زیندان بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات لە ئیعدام ڕزگاری بکات و بەو ئامانجە مرۆڤانەیەوە دەکەوێتە داوی 'ڕەزا'- مێردەزمەیەکی دوور لە مرۆڤایەتی، کە سەرۆکی پاسەوانەکانی زیندانە و بەڵێنی بەتاڵی چاوپێکەوتن و ڕزگاریی مێردەکەی پێدەدات بەڵام لە بەرانبەردا هەموو جارێ پێش ئەوەی مۆڵەتی چاوپێکەوتنەکەی بۆ مۆر بکات، چەندەها جار لە ژوورەکەی خۆیدا دەستدرێژیی سیکسی دەکاتە سەر و هەر ئەویشە کە مەجبووری دەکات بەو شێوەیە خۆی بۆ بڕازێنێتەوە!
لە درێژەی بیرەوەرییەکاندا دەخوێنینەوە کە نووسەر لە ڕێگای سوڕەییاوە بە هەواڵی کەسایەتییەکی ستەملێکراوی دیکە دەزانێ، ئەویش 'مەهناز'- کچە کوردێکی سێزدەساڵانەیە. دایکی مەهناز بە ئامانجی ئەوەی باوکەکەی لە مردن ڕزگاربکات، داویەتە دەست پیرەپیاوێکی دەسەڵاتدار وەک "خەڵخاڵی"، ئەویش بە ڕەسمی ئایینی شیعە، سیغەی کردووە و لە ماڵی خۆیدا ڕایگرتووە. خەڵخاڵی دەبێ هەمان ئەو جەللادە بێت کە خومەینی لە ساڵی ١٩٨٠ دا وەک 'قازیی شەرع" ناردیە کوردستان و 'بسم اللە القاسم الجبارین' هەموو شارەکانی کوردستان گەڕا و لە هەرکامیاندا دەیان کەسی بێتاوانی ئیعدام کرد، پاشان لە ورمێ نیشتە جێ بوو.
زۆر وێدەچێ ناوی نووسەر و باوکی ڕاستەقینە بن بەڵام ناوی دوو کچە کوردەکە و 'شەهاب' و پێشمەرگەکانی دیکەی حزبی دیموکراتی کوردستان، کە نووسەر ماوەیەک درەنگتر دەکەوێتە پەیوەندی حزبایەتی لەگەڵیاندا، خوازراو بن. دیارە بۆ خوێنەری کتێبەکە خوازراوە بوون و نەبوونی ناوەکان گرنگایەتی نییە و ئەوەی گرنگ دەنوێنێ و جێی سەرسووڕمانیشە ئەوەیە چۆن نووسەر توانیویەتی وا بە سووک و سانایی، لە ماوەیەکی کەمدا بچێتە ناو ژیانی سوڕەییا و مەهناز و پەیوەندە حزبایەتییەکانی بەشێک لە پێشمەرگەکانەوە و زانیاریی ورد سەبارەت بە "ڕەزا"ی سەرۆکی پاسەوانەکانی زیندان و ماڵ و حاڵ و ناندێن و تەنانەت ژووری خەوی "ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی" دەستەبەر بکات، ئینجا پلانی دەرمانخوارد کردنی ئەوان لەگەڵ ئەو دوو کچە، دابڕێژێ؟ هەروەها چۆن لەو ماوە کورتەی پێشمەرگایەتیدا لە چیاکانی کوردستان هەموولایەک متمانەی پێدەکەن و نامە و هەواڵی پێشمەرگەی ناو شار و کارەکانی سوڕەییا و مەهنازی بۆ دێنن؟
ئایا ئەوە سانایی و ساویلکەیی، یا بێ پشتوپەنایی گەلە ژێردەستەکەمانە کە ڕێگا بۆ نووسەر خۆش دەکات بە چەند بەڵێنی سەر زمان، ڕاستییە شاراوەکانی ژیانی ئەو کەسانە بزانێ کە بەو کارە، گیانیان دەخەنە گێژاوی مەترسییەکی گەورەوە؛ یان کەم نەفەسیی نووسەری کتێبەکەیە کە ویستوویەتی ڕووداوەکان لە کورتیدا ببڕێتەوە بۆئەوەی نەکەوێتە ناو وردەکاریی ئەرکە نهێنیەکانی سیاسی -ڕێکخراوەییەوە؟ دیارە ئامانجی کونجکۆڵیی نووسەر لە چوونە ناو ژیانی ئەو دوو کەسە، ڕزگار کردنیان بووە لەدەست دوو مێردەزمەی بێگانە و هەر لەو بوارەشدایە کە بە یارمەتی سوڕەییا دەتوانێ پەیوەندی بە مەهنازەوە بگرێ و هەردوولایان فێر بکات هەوڵ بدەن ئەو دوو دێوە دزیکارە دەرمانخوارد بکەن. پلانەکە لە ئەنجامدا سەرناکەوێ و هەردوو کچەکە و چەند زیندانیی ناو زیندانی ورمێ تووشی ئیعدام دەبن، نووسەریش کە پێشتر لە لایەن دامودەزگا ئیتیلاعاتییەکانەوە ناسراوە، لە چیاکان دەچێتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانەوە.
پێکهاتەی کتێبەکە شێوازێکی ژورنالیستی و ڕاگەیاندنی ساکاری هەواڵ و ڕاپۆرتی هەیە، هەربۆیەش زمانی گێڕانەوەکان، لە دەقە ئینگلیزییەکەدا، پاراو و بێ گرێوگۆڵە. ئەوە بۆ تێگەیشتنی خوێنەری ئاسایی لە کۆمەڵگای دەرەوەی کوردستان خاڵێکی ئەرێنییە و یارمەتی زورێک لە خوێنەران دەدات لە چارەنووسی تاڵی ژنانی کورد بەدەست نەیارانی گەلەوە تێبگەن. بەڵام واهەیە ئارەزووی کەسانێک بەراوردە نەکات کە خوازیاری زمانی 'فاخیر'ی نووسەرانی غەیرە ئینگلیزیی وەک سەلمان ڕوشدی و خالید حوسەینین. دیارە لەو پەیوەندییەدا دەبێ لەبیرمان نەچێ کە کتێبەکە چیرۆک و ڕۆمان نییە بەڵکوو، بە گوێرەی ڕاگەیاندنی وەشانخانە ئینگلیزییەکە لە ڕووپەڕی ناساندنی کتێبەکەدا، پۆرترەیت و وێنە کێشانەوەی نووسەرە لە ڕوخساری کەسایەتییەکان و دەبێ هەر بەو شێوەیەش وەربگیرێت.
هیوادارم کتێبەکە ڕچە شکێن بێت و ئێمە لە داهاتووی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورددا، بە تەنیشت بیرەوەریی زیندانییە سیاسییەکانەوە بتوانین بە بێ ترس و نهێنی کاری، سەربهوردی کەسوکاری ئەوان، بە تایبەت هاوسەر و دایک و خوشکیان و ئەو ڕەنج و ئازار و چەوسانەوەیەی تووشیان هاتووە ببیسین و بخوێنینەوە، کە بە دڵنیاییەوە ئەوەندی زیندانییەکان تاڵ و سوێری تێدا دەبێ. شایانی گوتنە کە دەگونجێ ڕاستەقینەی تاڵی دەستدرێژیی بێگانان بۆ سەر ژن و کچی کورد هەندێک تاکی ناو کۆمەڵگاکەمان دڵڕەنج بکات؛ بەڵام من لاموانییە کوردی کتێب خوێن کە بە درێژایی چەند سەدە ژێردەستایەتی بێگانان، هەواڵی گەلێک کارەساتی نەخوازراوی ناو کۆمەڵگاکەمانی بیستووە و ڕووداوەکانی بە چاو بینیوە، بەو ڕاستییە تاڵانە ئاڵۆز بێت، بەڵکوو دەبێتە هاندەر و لە خەباتی سیاسی دژ بە داگیرکەراندا شێلگیرتریان دەکات.
تایبەتمەندیی چاپی ئینگلیزیی کتێبەکە:
Samuelson, Shemal, “The prison Guard”, Olympia Publishers, London 2023
ISBN: 978-1-80439-651-3
و تایبەتمەندیی چاپی کوردی:
شەماڵ ساموئیلسون، "شەماڵ، ئەو کچە کوردەی وا کۆڵی نەدا"، وەرگێڕانی شارام ئەرژەنگی، وەشانخانەی ٤٩ کتێب، سوید ٢٠٢٤ ISBN: 978-91-89859-31-9
من چاپە سوێدییەکەم نەبینمیوە بەڵام چاوم بە چاپە کوردییەکەی کەوتووە، کە وەرگێڕاوێکی ڕێکوپێکە و بە زمانێکی پاراو نووسراوە. تاقە جیاوازییەکی هەیبێ، ناوی کتێبەکەیە کە لە تەرجەمەدا بۆتە "شەماڵ، ئەو کچە کوردەی وا کۆڵی نەدا". وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی دەقی کوردیی کتێبەکە جێگەی دەستخۆشی و سپاس کردنی ڕێزدار شاڕوخ ئەرژەنگی و وەشانخانەی ٤٩ کتێبە و شایانی ئەوەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕانانی بۆ بکرێ.
١٥/٨/٢٠٢٤