هۆشداری لەبارەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون دەدرێت
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتیی تەندروستیی عێراق، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە بەشێک لە وڵاتاندا داوای لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر دژی نەخۆشییەکە.
ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق لەبارەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشێنی پێویست بگرنە بەر.
لەم بارەیەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق نووسراوێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاوپێچی نووسراوەکەی کردووە کە تێیدا باری لەناکاوی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون ڕاگەیاندووە وەک مەترسییەک لەسەر تەندروستیی جیهانی.
لای خۆیەوە دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقمان بەدەست گەیشتووە، بەیانی کۆبوونەوەمان دەبێت و لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی ناوەڕۆکی نووسراوەکەو گرتنەبەری ڕێککارەکان دەکەین و بڕیاری پێویستی خۆمان دەدەین.
جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە 13 وڵات وای لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد باری لەناکاوی تەندروستی جیهانی ڕابگەیێنێت.