کێ گۆیژەی سووتاند؟!
3 مانگ لەمەوپێش
توانا ئەمین
ئەمڕۆ دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ کەسیان بەهۆی سوتاندنی چیاکانی گۆیژە و ئەزمەڕ ڕاگەیاند، بێ ئەوەی دانپێدانانیان بڵاوبکەنەوە، بێ ئەوەی بڵێن ئەمانە هاوڵاتی بیانین یان عێراقین؟
ئەگەر عێراقیین عەرەبن یان کوردن؟
ئەگەر کوردن ئیشیان بۆ کێ کردووە و چۆن سێ کەس لە خۆیانەوە بێ پلاندانان بەسەریاندا دێت لە ١٠ ڕۆژدا لە پێنج ڕووداوی جیاوازدا زیاتر لە ٤٠٠ دۆنم دارستان بسووتێن؟!
لە کاتێکدا لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێنج کۆمپانیا داوای زەوی ئەو چیایەیان کردووە بۆ دروستکردنی شاری نیشتەجێبوون!
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتى دارستان و پاوانى سلێمانى، بەهۆی ئاگرەکانی ئەم دواییەی چیای گۆیژەوە ٤٠٣ دۆنم زەوی سووتاوە، لەنێویدا ١٦٦٠٠ درەخت و نەمام سووتاون، لە چیای ئەزمەڕیش ١١٠٠ درەخت سووتاوە.
سەرجەم زیاتر لە ٤٠٠ دۆنم دارستان سوتێنراوە و ١٧٧٠٠ (حەڤدەهەزار و حەوتسەد) درەخت و نەمام سووتاون و بە هەزاران گیانەوەر و باڵندە لەناوچوون... ئەمە کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی، تاوانێکی هێجگار قێزەونە. لەکاتێکدا چەندین سەرمایەداری هەڵتۆقیو و چاوچنۆک چاویان لەسەر ئەو چیایەیە بیفرۆشن، بڵاوکردنەوەی یەک وێنە و هەواڵێکی سەرپێی، وەڵامی خەڵکی ئەم شارە ناداتەوە!