ڕق و کینە و بازرگانیکردن بە ئایینی ئیسلامەوە

3 مانگ لەمەوپێش



محمد خۆشناو  

(ئەو فیتنەیەی کە لە پشت دەمامکی ئایینەوە شاردراوەتەوە، لە سەردەمی داکشانی فکریی کۆمەڵگاکاندا بازرگانییەکی زۆر بەناوبانگە)

 ماوەیەکە بازاڕی تیکتۆکچییە بانگخوازەکان و کەسانی ئیسلامی سیاسیی لەسەر شاشە و ئامرازەکانی سۆشیاڵ میدیا، بە هۆی لێدوانی قاسم شەشۆوە لەسەر پێغەمبەری گەورە محمد، گەرمتر بووە، کە پێش ئەو مەسەلەیەش هەر گەرم بوو.

هەرچەندە ناوبراو و بەیاننامەی کۆمەڵگەی ئێزیدیان ڕوونکردنەوەیان لەسەر مەسەلەکە دا و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەو قسەیە نەکراوە و بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە.

ئەوەی سەیر و سەمەرەیە هەندێک لەو تیکتۆکچییانەی بەوپەڕی حەماس و تووڕەییەوە هێرشیان دەکرد، نەک هەر نوێژ ناکەن بەڵکو فڕیان بەسەر ئیسلامەوە نییە! ئەو بەناو ئیسلامیانە کە بوونەتە « ئەستێرە» لە سۆشیاڵ میدیادا، گوایە بەرگری لە ئایینی ئیسلام دەکەن، بەڵام ئایا دەزانن کە لەبری ئەم هاتوهاوارەیان هەزاران دۆلار وەردەگرن و بازرگانی بە ئایینی ئیسلامەوە دەکەن!

هەر وەک ئیبن ڕوشد-ی فەیلەسوف دەڵێت: (بازرگانیکردن بە ئایینەکانەوە بازرگانییەکی قازانجبەخشە لەو کۆمەڵگایانەدا کە جەهل تیایاندا بەربڵاوە). باشە بۆچی بانگخوازێکی ئیسلام-مان   گوێ لێنەبوو داوای پاکوخاوێنی بکات یان داوای پەیوەستکردنی کار بە دیندارییەوە یان داوا لە دەوڵەمەندەکان بکات کە ئەوەی گۆمێک بۆ گلدانەوەی  ئاو یان نەخۆشخانەیەک یان قوتابخانەیەک دروستبکات، دەچێتە بەهەشت، یان داوای حەرامکردنی  ساختەی بە کۆمەڵ یان بەرەنگاربوونەوەی گێچەڵ « تحرش» و حەرامکردنی و بەتاوانکردنی بکات؟ کەچی بە پێچەوانە هەندێکیان هانی گەنجان دەدەن گێچەڵ بە کچ و ژنی سفور بکەن،  بەڕاستی تا ئێستا گووتاری رق و کینە« الكراهية» بەرانبەر ئەویدیکەی جیاواز هەر هەیە و باڵادەستە لەناوماندا، کە من زیاتر مەبەستم ڕق و کینەی ئایینیە، بۆ ئەم مەبەستە سۆشیاڵ میدیا کە بۆتە سەرەڕمی ڕاگەیاندن و لە ئامرازێکی خزمەتگوزارییەوە بۆتە دەسەڵات، کە ئێمە تەنها بۆ دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی کلتووری ڕق و کینە و درۆودەلەسە و کوشتنی لایەنی مەعنەوی بەکاریدەهێنین.

قسە و گوتاری ڕق و کینە پەتایە و دوژمنێکی زۆر دڕندە و خاپوورکەرە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و کوشندەیە بۆ ژیان، لە هەر شوێنێک ڕق و کینەی هەبێت ویژدان چراکانی دەکوژێنێتەوە و بەردەوام لە تاریکییەکی  تەواودا دەسوڕێتەوە و ماڵوێرانی لە دوای خۆیەوە جێدەهێڵێت، ئەوانەی ئەو پەتا ژەهراویەی جیاوازیکردنیان لەنێوان مرۆڤەکاندا بەدریژایی مێژوو لەسەر پنچینەی ئایین، پارە، نفوز، ڕەگەز و نەژاد بڵاوکردۆتەوە، خراپترین شتیان دووریوەتەوە ئەویش تاوانی تاک و بەکۆمەڵە. 

ئەوە سێ دەیەیە هەرێمی کوردستان تووشی ئاییندارییەکی بە سیاسیکراوی شکڵی بووە، کە گەنجانیان سەرقاڵکردووە بە جۆرێک لە کاروباری ئاینییەوە کە دوورە لە ئایینی ڕاستەقینەوە، ئایندارییەک کە گوێ ناداتە ئەوەی چۆن مرۆڤ وایلێبکرێت بەرپرسیارێتی کارەکەی و توانای بۆ گۆڕینی ئێستا و ئەنجامدانی کاری جیددی هەڵبگرێت، ئەوانە نیعمەتی بیرکردنەوەیان لە خەڵک سەندۆتەوە، ئایین بۆتە تقوسێک لەپێناو ئەویدیکە، وەک ئەوەی ئێمە خەڵق نەبووبین تەنها بۆ عیبادەتکردن و رەتکردنەوەی ئەویدیکە نەبێت!

فەیلەسوفی فەڕەنسی «میشێڵ فۆکۆ» باس لە گوتاری ڕق و کینە دەکات و دەڵێت: ( گوتاری ڕق و کینە وەرگێڕانێکی سادەی ململانێکان و سیستەمی هەژموونگەرایی نییە، بەڵکو ئامانجی ململانێکە و ئەو ئامرازەیە کە ململانێ لە ڕێگەیەوە ڕوودەدات)، بێگومان فۆکو باسی هەموو جۆرە ڕق و کینەکان بە گشتیی دەکات، کە بۆتە تەنگوچەڵەمەیەکی ئەزەلی بۆمان و بە کولتووری ڕق و کینە سەیری ئەویدیکە دەکەین، بەداخەوە کلتووری ڕق و کینە لەلای هەندێک لەو دیندارانە باڵادەستە کە خاوەن بڕوانامەی بەرزن، بەڵام ئەوانە بە ڕۆحی ڕق و کینەوە نەشونومایان کردووە و بارگاویبوون بە دوژمنایەتییکردنی ئەویدی، کێشەکە لەوەدایە ئەوانە زۆربەیان بڕوایان بە حیوار نییە، چونکە بڕوایان بە ئەویدیکەی جیاواز نییە، بەڵکو بڕوایان بەوە هەیە کە تەنها ئەوان ڕاستی ڕەهایان لایە، ئەوان تاکبیرن و بیرکردنەوەیەکی یەک ئاراستەیان هەیە.

ڕاستیەکە ئەوەیە کە ژیان فرە ئاڕاستەیە و ڕووداوەکان بەندە بە سەردەم و زروفەکەوە، ئەوەی کە لە ڕابردوودا باش بووە بۆ مرۆڤ، بەزەرورەت ئێستا یان سبەینێ باش نابێت و ئەحکامەکانیش بەسروشتی خۆیان ڕەها نین، بەڵکو دەگۆڕێن لەگەڵ گۆڕانی کات و سەردەمدا، بەداخەوە ئەوانە لەو سەدەی بیستویەکدا بە عەقڵییەتی سەدەی نۆهەمەوە دەژین

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار