پێش ئەوەی خۆتان بۆ پەرلەمان کاندید بکەن.. باش بیربکەنەوە!

3 مانگ لەمەوپێش



د. تارق جەوهەر

سارمەمی پسپۆری بواری پەیوەندییەگشتییەکان، شارەزا لە کاروباری پەرلەمان بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، چەندین حزب و هاوپەیمانێتی بەشداری تێدا دەکەن، یەکێک لەو کارەکتەرە سەرەکیانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەو کەسانەن کە بە لیستی حزبی یان وەک سەربەخۆ خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان دەپاڵێون و پێیان دەڵێن: کاندید یان بەربژێر.  خۆکاندیدکردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین لێهاتوویی و کارامەیی و توانای دارایی و پێگەی جەماوەری هەیە.  

کاتێک خۆت کاندید دەکەی بۆ پۆستێکی گشتی دەچیتە ناو بانگەشەی میدیاییەوە،  دەنگدەران دەیانەوێت هەموو شتێک لەبارەی تۆوە بزانن. لەوانەیە پەیامنێران بایەخت پێبدەن و چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستاکانی قۆناغی ئامادەیی و کۆلێژەکەت، تەنانەت لەگەڵ خێزان و کەسوکار و هاوڕیکانیشت بکەن، بەم کارەش ڕەنگە لاپەڕەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی و قۆناغەکانی خوێندن و کار و پیشەکانی پێشووت ‌هەڵبدەنەوە.

لەو ساتەی بریار دەدەی خۆت کاندید بکەیت و بچیتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، گرنگە ئەوە بزانی کە ژیانی خۆت لە کەسێکی ئاساییەوە گۆڕیوە بۆ کەسایەتییەکی گشتی، لەوانەیە نەیارانی سیاسیشت هەبێت، هەوڵ بدەن بە هەر شێواز و ئامرازێکی لەبەر دەستیان بێت، زیان بە کەسایەتی و ناوبانگ و بەرژەوەندییەکانت بگەیەنن.

ڕەنگە هەر شتێک کە دەیڵێیت و دەیکەیت (یان لە ڕابردوودا گوتووتە و کردووتە) ببێتە هەواڵی گەرمی تەلەفزیۆنەکان و مانشیتی ڕۆژنامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پێ گەرم بکرێت.

ئەگەر لە باگراوندی پێشووی خۆت دڵنیا نیت، شتێکت کردووە و شاردووتەتەوە، باشتر وایە بە هیچ شێوەیەک نەچیتە ناو ململانێی سیاسیی و هەڵبژاردن، چونکە لەسایەی فراوانبوونی ڕۆڵی میدیا بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناتوانی لەوە دڵنیابیت کە هیچ شتێک بە نهێنی دمێنێتەوە و ئاشکرا نابێت! پێشبینی بکە هەڵوێست یا ئابڕووچوونێکی لەمێژینەی ڕابردووت هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی بە زۆر پاشەکشەت پێ بکەن لە هەڵبژارندنەکەدا.

( چەند کاندیدێکی ژن و پیاو لە  هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و عێراق لەکاتی بانگەشەدا ئەم حاڵەتەیان بەسەر هات).  

چۆن خۆت ئامادە دەکەیت؟

ئەگەر تووشی دۆخێکی سەخت بووی، هەر زوو ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە هەوڵبدە تا دەتوانیت دۆخە مەترسیدارەکە هێور بکەیتەوە، ژیانی تایبەتی خۆت زۆر بە تایبەتی بهێڵەوە، بەڵام ئامادەبە ئەو تایبەتمەندییە لەدەست بدەیت، وەک کاندیدێک، لە کاتی ڕاگەیاندنی کاندیدبوونی خۆتەوە تا دوای ئاهەنگی شەوی هەڵبژاردنەکان، ڕووبەڕووی چەندین ئەرکی جۆراوجۆر و قسەی باش و خراپی خەڵک و میدیاکان دەبیتەوە.

هەریەک لە (جیمی کارتەر و مایکل دوکاکیس) هەرەیەکەیان حاکمی ویلایەتێک بوو، کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کرد، تا ڕادەیەک خەڵک نەیدەناسین، زۆرێک لە دەنگدەران بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاییەکانەوە گوێیان لەناویان بوو، بە دڵنیاییەوە سەدەیەک زیاترە میدیاکان تا ئەمڕۆ وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی سیاسی ئەمریکا، رۆژ بە رۆژ ڕۆڵ و بەشدارییەکی کاریگەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا دەبینن.  

دەرکەوتنی باش لە میدیاکان کلیلی کردنەوەی دەرگای هەڵمەتێکی سەرکەوتووی هەڵبژاردنە، بۆیە دەبێ هێڵە گشتییەکانی وتارەکەت یا بابەتەکەت لەبەر بکەیت و چەند جارێک لەبەر خۆت بیڵێیتەوە، ئەگەر کاندیدەکە بە دەنگێکی باش و زمانێکی پاراو قسە بکات و پەیامێکی کاریگەر بۆ جەماوەر بنێرێ بێگومان دەبێتە سەرمایەیەکی گەورە بۆی.

بەگشتی ساڵێک پێش ئەوەی خۆت کاندید بکەیت کاتێکی کەمە، داوا لە پەیامنێران و کانەڵەکان بکەیت کە ناوە نوێیەکەت بەکار بێنن، خەڵک دەتوانن بە هەر ناوێک بانگت بکەن کە پێش کاندید بوونەکەت پێی ناسرابووی، هەروەها گرنگە هەڵوێست و زمانی جەستەت لەگەڵ پێگە و شوێنی ئەو پۆستەدا بگونجێت کە خۆت بۆی کاندید دەکەی، با وا دابنێین کە خۆت کاندید دەکەیت بۆ پارێزگاری شارەکەت، لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا نابێت بەدەوری پارێزگادا ڕابکەیت و هەندێک رەفتاری هەرزەکارانە و نا بەرپرسیارانەی دوور لە بەها کۆمەڵایەتییەکان بنوێنی، کە پێشتر کردووتە یان لەگەڵ ئەو پۆستە باڵایەدا ناگونجێت، بەڵکو دەبێت وەک پارێزگار مامەڵە بکەیت.

کێ دەکەیتە کاندیدی خۆت؟

کاندید گرنگترین کارەکتەری  پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەیە، بۆیە لەو کۆبوونەوانەی حزبەکەت، کە بۆ دارشتنی پلانی ستراتیژی  هەڵمەتەکە دەبەسترێت، پێویستە ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانە ڕای خۆت لەسەر خاڵە لاواز و بەهێزەکانی کاندیدەکەت بدەی، پاشان هەوڵبدە لە گۆشەنیگای ڕکابەرەکەیەوە سەیری کاندیدەکەت بکەی (لەوانەیە بەڕای تۆ کاندیدەکەت گەنج بێت و بیرۆکەی نوێی پێبێت، بەڵام ڕەنگە رکابەرەکەت بە کەسیکی بێ ئەزموون سەیری بکات).

لە کۆتاییدا پێویستە سەیری ئەو سەرچاوە دارایی و ئابوورییە جۆراوجۆرانە بکەین کە کاندیدەکان هەیانە و پشتی پێ دەبەستن، چونکە ئەمە کاریگەریی بەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە، پێویستە بزانن کاندیدەکە چ سەرچاوەیەکی دارایی هەیە، چ توانایەکی لەبەردەستدایە بۆ کۆکردنەوەی پارەی پێویست؟

ڕاوێژکاری سیاسی کاندیدەکە کێیە؟

چ جۆرە کەسانێک بۆ تیمی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆدەکەنەوە؟ بەرنامەی هەڵبژاردنی کاندیدەکە چییە؟  

هەڵوێستی لەسەر ئەو پرسانەی کە  بەلای دەنگدەرانەوە گرنگن چییە؟

بۆچی خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنە کاندید کردووە؟  

کێ ڕکابەریی کاندیدەکەت دەکات؟

زۆر جار پاڵێوراوەکان و بەرپرسی بانگەشەکانیان وای دەبینین، کە گەڕان بەدوای کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی ڕکابەرەکەت، پێویستی بە دۆزینەوەی سکانداڵ(فەزیحەیەک) هەیە، کە ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بەهەڵمەتی ڕکابەرەکەت.

بۆ ئەوەی دەنگدەران ڕازی بکەیت کە دژی ڕکابەرەکەت یاخود بۆ کاندیدەکەت دەنگ بدەن، لەوانەیە لە کاتی پەرەپێدانی پەیامەکەتدا سوود لەم شتە وەربگریت بۆ ئەوەی بەکاری بهێنیت بۆ خستنەڕووی جیاوازیەکانی نێوان بانگەشەی کاندیدەکەت لەگەڵ بانگەشەی ڕکابەرەکەت.

کاتێک لێکۆڵینەوەت لە ڕکابەرەکەت و کەمپەینەکەی کرد، پێویستە ئەو ستراتیژییەتە دیاری بکەیت کە چاوەڕێ دەکەی ئەو پەیڕەوی بکات، دۆخی تۆ باشتر دەبێت و زیاتر ئامادە دەبیت، ئەگەر وەڵامی  تۆمەتەکانی ڕکابەرەکەت بدەیتەوە.

کاتێک هەموو زانیاریەکانت لەسەر ڕکابەرەکەت کۆکردەوە، پێویستە زۆر بە جوانی ڕێکیانبخەی: سەرچاوەکانت لە لیستێکدا تۆمار بکە و سیستەمێک دابمەزرێنە کە بتوانی بەخیرایی دەستت بەزانیارییەکاندا ڕابگات، باشترە هەموو ئەم زانیارییانە بخرێنە ناو فایلێکەوە، کە بە زووترین کات و بە ئاسانی بتوانیت بگەڕێیتەوە سەریان.  

ئەم نووسینە پوختەی بەشێکە لە کتێبی: میدیا و کاندید لە بانگەشەی هەڵبژاردندا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار