عێراقەکان و کورد
3 مانگ لەمەوپێش
شێرکۆ کرمانج
لە یادی بەناو شۆڕشەکانی ١٤ و ١٧ و ٣٠ تەموز, ھەندێک جار بە سادەیی قسە بکەیت باشترە و پەیامەکە چاکتر دەگات، بۆیە لێرەوە یەک دوو قسە لەسەر پەیوەندی عێراقەکان و کورد دەکەم.
مێژووی عێراق لە ١٩٢١ دەستپێدەکات.
عێراق لەو ڕۆژەوە تا ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ عێراقی ئینگلیز بوو.
عێراقی ئینگلیز پەیوەندی لەگەڵ کورد زۆر باشیش نەبووبێت زۆر خراپ نەبووە، لەبەر دوو ھۆکار:
یەکەم/ ئینگلیز ویستویەتی کورد ئامێزان، ئینتیگرەیت، بکات لە عێراق نەک بیسڕێتەوە، کە لە دوورمەودا هەر سڕێنەوەیە بەڵام سڕینەوەیەکی نەرم، واتە مردنێکی بەکاوەخۆ بێ پەلەقاژە.
دووەم/ دەوڵەت زۆر بەھێز و ئەختەبووتی نەبوو وەک قۆناغەکانی دیکە کە لە بتوانێت کورد قڕ بکات.
لە ١٩٥٨، عێراق دەبێتە عێراقی عێراقییەکان تا ٢٠٠٣، یان چاکتر بڵێم عێراقی عەرەبان.
عێراقی عەرەبان ھەرچی ئینگلیز دروستی کردبوو بۆنی دیموکراسی و پێکەوەژیانی لێدەھات ڕووخاندیان.
عەرەبەکان (قاسم و عارف و سەدام) عێراقیان لە دەوڵەتێکێ نیمچە دیموکراسی و خاوەن پەرلەمان و ھەڵبژاردن کرد بە عێراقی کۆمەڵێک ئەفسەری سوننە کە نەک ھەر دژی دیموکراسی و دامەزراوە مەدەنییەکان بوو بەڵکو دژی ھەموو بەھایەکی دیموکراسی بوون عێراقی ئەفسەرە عێراقییەکان نەک ھەر تێنوی خوێنی عێراقییەکان بوون بەڵکو خوێنی یەکدیشیان فڕ دەکرد.
عێراقی عەرەبەکان، دەکرێت بڵێم عێراقی قاسم و عارف و سەدام، کوردیان بە ھەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی عێراقێک دەبینی کە تەمەنی پەنجا ساڵێک بوو.
عێراقی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ عێراقی ئەمریکییەکان بوو.
ئەم عێراقەیان دوای سڕینەوەی هەرچی عەرەبەکان دایان ڕشتبوو و بنیادنرایەوە. عێراقی ئەمریکییەکان باشترین عێراق بوو بۆ کورد.
کورد بەدرێژایی تەمەنی عێراق ئەوەندە سەربەخۆ، ئازاد، خاوەن ماف و پڕتوانا و بەهێز نەبووە.
بودجەی مسۆگەر و ئەمنیەت و گەشەی ئابووری سیماکانی کوردستان بوون لە عێراقی ئەمریکا.
ئەمریکییەکان ویستیان عێراقێکی نیمچە فیدراڵی دامەزرێنن بەڵام لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی عەرەبە عێراقییەکان، کوردەکان بەرەو کۆنفیدراڵی هەنگاویان نا.
لە ٢٠١١ وە تا ٢٠١٧، عێراق عێراقی شیعەکان بوو. لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکییەکان و باڵادەستبوونی شیعەکان قۆناغی تەشقەڵەکردن بە کورد و کوردستان دەست پێدەکاتەوە. بڕینی بودجە هەنگاوی یەکەمی لاوازکردنی کوردستان بوو.
بەڵام بە هاتنی داعش لە ٢٠١٤ عێراقی شیعەکان گورزێکی بەرکەوت کە ئیدی نەیتوانی وەک ئەوەی دەیخواست بپڕژێتە سەر کورد و کوردستان، بۆیە کوردستان هێندەی دیکە ئەگەر لە ڕووی تواناکانیشی بەهێز نەبووبێت بەڵام لە ڕووی دیبلۆماسییەوە پێگەکەی بەهێز بوو.
ئەوەش وای کرد هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی باوێ بەڵام بەبێ ئامادەکاریی ناوخۆیی و دەرەکیی، ئەمەش شکستی بەهەنگاوەکە هێنا.
عێراقی ٢٠١٧ تا ئێستا، عێراقی ئێرانە.
لە عێراقی ئێرانییەکان هەموو هەوڵێک درا بۆ بنکۆڵکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کورد و هەرێمی کوردستان.
ئێران کەڵکی لە ئەزموونی هەزاران ساڵە و لە پێگەی نێودەوڵەتی و لە میلیشیا شیعییەکان و لە دادگای فیدراڵی و لە پەرشوبڵاوی کورد وەرگرت و کوردی سەرکوت و شەکەت کردووە.
لە ١٩٩١ وە هیچ کاتێک کورد ئاوا بنکۆڵ نەکراوە.
ئەوە ئەزموونی سەد ساڵەی کوردە لە عێراقەکان، دەکرێت بەکورتی بڵێین، کورد لە عێراقی ئینگلیزەکان پارێزراو بوو، لە عێراقی عەرەبە سوننەکان سەرکوتکراو و جینۆسایدکراو بوو، لە عێراقی ئەمریکییەکان ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن پێگە بوو، لە عێراقی شیعەکان تەشقەڵەپێکراو بوو، لە عێراقی ئێرانییەکان بنکۆڵکراو و بەرزەفتکراوە