لە هەولێر بەناوی ئاڵوگۆڕی دۆلار و دینار فێڵێك لە هاوڵاتیان دەكرێت
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە گرووپێك پەیدا بوونە و لەڕێگەی فێڵێكەوە پارەی نێو هەژماریی بانكی دەدزن.
ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ماوەیەکە گروپێک کە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانن، چەند هەژمارێکی جۆراوجۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستكردووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نرخی (100)دۆلاری ئەمریکی بە (132000) هەزار دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت گەشت بکەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر، ئەم گرووپە بەچەند ژمارە مۆبایلێكی جۆراوجۆر بەڕێگای تۆڕی (واتس ئاپ) دەکەونە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکە و داوای (پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و ماستەرکارت یان ڤیزەکارت)ی کەسەکە دەکەن، دوای چەند خولەکێک داوای (کۆد/ژمارەی) نهێنی سەر هەژماری بانکیی یەکەت لێ دەکات و لە دوای پێدانی ئەو (کۆد/ژمارە) نهێنیە ڕاستەوخۆ هەر بڕەپارەیەک لەسەر هەژماری بانکیەکەت هەبێت دەستی بەسەردا دەگرێت.