جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان:چیتر گرفتی دواکەوتنی مووچە ڕوونادات

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ماوەی ٥١ ڕۆژە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەم مانگە کۆتا مانگە مووچە دوا بکەوێت".

نزیکەی دوو مانگە لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا کراوە، بەڵام تا ئێستا بەغدا ڕەزامەندی نەداوە لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی، وەزیری دارایی و وەزارەتی پلاندانان کۆبوونەتەوە و دەرکەوتووە کە گرفتی نەختینە هەیە.

دلێمی وتیشی: پارە بۆ مووچە تەرخانكراوە، ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت حكومەتی ناوەندی پارەی هەیە و كورتهێنان روونادات، لەم هەفتەیەدا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان وەردەگرن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان ئاماژەی بەوەکرد، دوای خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی، مووچەی هێزە ئەمنییەكانیش خەرجدەكرێت و چیتر گرفتی دواکەوتنی مووچە ڕووناداتەوە. 

وتەکانی دلێمی لە کاتێکدایە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندبوو: ئەو چەند مانگەی مووچەمان ناردووە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆمان بووە و هەرێم پابەند نییە بە مەرجەکانمان، بۆیە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی دادگا ببینەوە لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار