عێراق وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی ڕابردووی هەرێم دەستپێکرد
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەو لیژنە 15 كەسیەی لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هاتنە هەرێمی كوردستان، لە دوێنێوە دەستیانكردووە بە وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار وپێنج و شەشی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە هاوڵاتی وت: لە رۆژی 21ی ئابەوە ئەو لیژنە 15 كەسییەی كە لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بەمەبەستی وردبینیكردن لە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی کوردستان دەستیان بەكارەكانیان كردووە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: كارەكانی ئەو لیژنەیە وردبینیكردنە لە خەرجی و داهاتی مانگەكانی چوار پێنج و شەشی ئەمساڵ، هاوكات ماوەی كاركردن و وردبینكردنی ئەو لیژنەیە دیاری نەكراوە و تا ئەوكاتەی پێویست بێت لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، بۆ ئەو مەوبەستەش چەند لیژنەیەكی لاوەكی پێكدەهێنرێن.
"بەشێك لە لیژنە 15 كەسییە وردبینی لە خەرجی و داهاتی نەوتی و بەشێكیان وردبینی لە خەرجی و داهاتی نانەوتی دەكەن، هەروەها هەمان ئەو لیژنەیە سەردانی وەزارەت و فەرمانگەكان و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و دەروازە سنوورییەكانیش دەكەن بەمەبەستی وردبینی داهات و خەرجییەكان". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وای وت.