یەكێتیی و گۆڕان .. بەڕۆژ حوكمڕان و بەشەو ئۆپۆزسیۆن

3 مانگ لەمەوپێش



یەكێتیی و گۆڕان .. بەڕۆژ حوكمڕان و بەشەو ئۆپۆزسیۆن .

 گەلان سەركردەی مەزنیان لێهەڵدەكەوێت، ئێمەش حوكمڕانی زۆر خراپ

 لەم 10 ساڵە لەپەنای دروشمی قەومیی و درۆ درەوشاوەكانیان چارەنوسی ئەم میللەتەیان لەباربرد

 یەكێتیی و گۆڕان هیچ دەسەڵاتێكیان نیە، بەڵام بەشێكن لەخراپەكارییەكانی ئەم دەسەڵاتدارێتیە

 بۆ موزایەدەی هەڵبژاردنیش بوایە، دەبوو یەكێتیی و گۆڕان لەحكومەت بكشێنەوە، بەڵام شەریكن ناتوانن ئەم بڕیارە بدەن

 لەمێژوودا نەبووە میللەتێك هێشتا قۆناغی رزگاریی نیشتیمانیان تێنەپەڕاندبێت كەچی زەلالەت و دادو بێدادیان بێت بەدەست كەمینەی بڕیاربەدەستی حوكمڕانیانەوە. لەمێژووی میللەتان، لەقۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی، پیاوی مەزن و كاریزمای مێژووییان لێ هەڵدەكەوێت، بەڵام لای ئێمە حوكمڕانی زۆر خراپ. ئەو زەلالەتەی ئێستای هەرێم بەرامبەر بەغدا، لێكەوتەی ئەو سیاسەتە شكستخواردووەی حوكمڕانانی هەرێمە كە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان قەوارەو دانیشتوانی هەرێمیان رووبەرووی ریسوایی و بێدەرەتانیی و چارەنوسێكی رەش كردووە. 10 ساڵە پارتی و بڕیاربەدەستانی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان لەگێژاوی نەبوونی موچەو بڕینی قوت و برسیكردن دەهێنن و دەبەن. لەماوەی ئەو 10 ساڵە، هەرچی خراپە بەم میللەتەیان كردووە. لەپەنای دروشمی قەومیی و درۆ درەوشاوەكانیان كوردستان و ئایندەو چارەنوسی ئەم میللەتەیان لەباربرد. ئەوەی روودەدات لێكەوتەو دەرئەنجامی ریفراندۆمی 2017یە، ئێمە زوو گوتمان ئەوەی دەیبینن لێ لێیە، هێشتا لۆلۆ ماوە. 10 ساڵە خەڵكی كوردستان هەموو مانگێك لەریسوایی و زەلالەتی نەبوونی موچەو مانگانەی موچەخۆران دەژی. ئەوەی روودەدات جگە لەپارتی، بەرپرسیارێتی یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان كەمتر نییە، لەوماوەیەدا لەهەرچی بڕیاری خراپ و پرۆژەی شكستخواردووی ئەم حوكمڕانی هەیە شەریك و بەشداربوون، هیچ بڕیارێك نییە جگە لەپارتی مۆری یەكێتیی یان بزوتنەوەی گۆڕانی بەسەرەوە نەبێت، كەچی هەمیشە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ خۆیان لەبەرپرسیارێتی ئەم دۆخە دەدزنەوە، وەك ئەوەی ئەوان بەشێك نەبووبن لەبڕیاردان چ لەحكومەت یاخود پەرلەمان!  ئەوەی زۆر سەیرە، یەكێتیی و گۆڕان لەم حكومەتە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، بەڵام شەریكی هەموو بڕیارێكن و بەرپرسیارێتی هەموو خراپەكارییەكی ئەم حوكمڕانیەیان كەوتۆتە ئەستۆ. ناكرێت هیچ حزبێك لەئەنجومەنی وەزیران ئەندازیاریی موچەبڕین و زیادكردنی باج و رسومات بێت و یەكەم ئیمزای پرۆژەی درێژكردنەوەی نایاسایی تەمەنی پەرلەمان بكات، كەچی خۆی بدزێتەوە لەبەرپرسیارێتیی و شكستیی ئەم حوكمڕانیەو یان بڵێت من بەشێك نیم لەخراپەكارییەكانی ئەم دەسەڵاتدارێتیە. یەكێتیی و گۆڕان، بەرۆژ دەسەڵاتدارن و بەشەویش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و لێدوانی میدیاكان دەبنە ئۆپۆزسیۆنێكی شەرمن، وەك ئەوەی ئەوان لەپەرلەمان دەنگیان بۆ بڕیارە خراپەكان نەدابێت و لەئەنجومەنی وەزیران جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری جیاوازیان نەبوبێت؟! ئەوە دوو مانگە موچە نەهاتووە، یەكێتیی و گۆڕان ئەگەر راست دەكەن، ئەگەر بۆ موزایەدەی هەڵبژاردن و چاوبەستكردنی خەڵكیش بوایە دەبوو لەم حكومەتە بكشێنەوەو پەشیمانیی خۆیان لەو رابردووە راگەیاندبا، بەڵام شەریكن بۆیە ناتوانن ئەم بڕیارە بدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار