تورکیا کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەی پشتڕاست دەکاتەوه

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

میدیای تورکیا زانیاریی لەسەر ئەو درۆنە ئاشکرا دەکات کە لە کەرکووک خرایە خوارەوە و عێراقیش دەڵێت بە بەرگریی ئاسمانیی خۆیان خستوویانەتە خوارەوە.


 بەرپرسێكی باڵا لە هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراق پشتڕاستی دەکاتەوە كە ئەو درۆنەی لە كەركووک خراوەتە خوارەوە، توركییە و دەڵێت "بە چەکی عێراقی خستمانە خوارەوە".

لەلایەن خۆشیەوە، میدیای تورکیا ئاشکرای کرد، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا کە لە کەرکووک خرایە خوارەوە، لە "جۆری (ئاکسونگور)ـە". دەشڵێن "درۆنەکە لە ناوچەی چیمەنی کەرکووک سەرقاڵی ئۆپەراسیۆن بووە دژی پەکەکە".

پێشتر عەمید ڕوكن عەبدولسەلام حەموودی، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی-ناوچەی باكوور، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە لە گەڕەكی تسعینی كەركووك، ڕایگەیاند "تیمەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق درۆنێكی توركییان خستە خوارەوە".

 وتیشی "درۆنەكە كە لە سنووری سلێمانییەوە هاتبوو و لە ئاسمانی ناحیەی چیمەنەوە کایەی ئاسمانیی كەركووكی بەزاند".

ئەو بەرپرسەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراق جەختی لەوە كردەوە "درۆنەكە بە چەك و هەوڵی عێراق و لەژێر ڕێنماییەكانی فەرماندەی هێزەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق خراوەتە خوارەوە".

بەیانیی ئەمڕۆ دیمەنی کەوتنەخوارەوەی تەنێک بە ئاگرەوە لە ئاسمانی کەرکووک بەدی کرا، دواتر دەرکەوت کە درۆنێکی تورکییە، پاشماوەی درۆنەکە لە گەڕکی تسعینی کەرکووک کەوتە خوارەوە و زیانی مادیی بە ماڵێک گەیاند و کەسێکیش بریندار بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار