گەل چی دەویست؟

یەک هەفتە لەمەوپێش



د. ئەحمەد فاتیح

بەشی سێیەم/ حوکمڕانییەکی بێ شوناس
 

لە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاخود ئەوەی خۆیان بە کابینەی یەکگرتوو ناوزەدیان دەکرد، وەک ئەوەی خۆیان گومانییان لە یەکگرتویی ئەو کابینەیە هەبووبێت! فیفتی بە فیفتی نەک تەواوی دامەزراوەکانی حکومەتی گرتەوە بەڵکو ڕۆچووە نێو دامەزراوەکانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسیشەوە.

لەو قۆناغەدا ئەمنییەتی شار و هاوڵاتیان زۆر گرنگ و پێویستبوو، بەڵام بەداخەوە شۆڕکردنەوە و تۆخکردنەوەی گیانی حزبایەتی دامەزراوەکانی شەقکرد. ئەم حوکمڕانییە هەڵگری شوناسێکی نەتەوەیی نەبوو هێندەی ئەوەی  حوکمڕانییەکی حزبی و خێڵەکی بوو.

بۆیە دەبینین جەوهەری حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لە دوای پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکومەت، لەسەر بنەمای گوتاری نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی نەبوو، ئەوەی پەراوێزخرا بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوە بوو، ڕاستە دامەزراوە حکومی و ئیدارییەکانی دەوڵەت تێکشکێندرا، بەڵام لەبری ئەوە گیانی حزبایەتی و خێڵەکیبوون لەنێو دامەزراەکانی میریی و پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆدا برەوی پێدرا.

گەلێک تینوی ئازادیی و حوکمی یاسا و دەستوور بوو، بۆیە دەبینین هاوڵاتیان بە ڕێژەی ٪٩٠، لە یەکەمین پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداربوون.

بەڵام ئەوەی ڕێڕەوی ئەم دەنگدانەی بەلاڕێدا برد؛ هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی بوون. ئامادەبوون لەسەر کورسییەک جەنگ بەرپابکەن، هەرچەندە دواتر جەنگی ناوخۆشیان هەڵگیرساند.

ئەم حزبانە هەر زوو لە بەرنامە سیاسییەکانی خۆیان پاشەکشەیان کرد، لەبری بونیادنانی مرۆڤی کورد لەسەر بنەمایەکی نیشتیمانی کە خۆشەویستی بۆ خاک و وڵات هەبێت، فێریان کرد خۆشەویستی بۆ بنەماڵە و حزب هەبێت، لەبری ئەوەی لە زاخۆوە بۆ خانەقین بە خاکی کوردستان بزانرێت، کارێکیانکرد کۆمەڵگەی کوردی خۆشەویستیان بۆ بادینان و سۆران هەبێت! تا وای لێهات لێشاوی سەرهەڵگرتن ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد.

شۆڕشگێڕەکانی کوردستان خاوەنی شوناسی هەقیقی خۆیان نەبوون، ئەوان لە شار سەرقاڵی پاکتاوکردنی یەکتری و تاڵانی بوون، ئەوان هەر وەک شاخ مامەڵەیان دەکرد، ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر کۆمەڵگە بەجێهێشت؛ کە تائێستاش وەک خۆیەتی و بەردەوامە. بەمانایەکی دیکە دەتوانم بڵێم، لەدوای ڕاپەڕینەوە شۆڕشگێڕەکان سەرباری شکستهێنانیان لە حوکمڕانیدا، سیما و ڕوخساری شارەکانی کوردستانیشیان شێواند و پاشەکشەیان لە خەباتی چەکداریی و کوردایەتی کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار