سەرە قەڵەمێك لەبارەی مەلا بەختیارەوە
3 مانگ لەمەوپێش
محمد کیانی
پێش هەموو شتێك، مەلا بەختیار خوێنەرێكی كەم وێنەیە، بەڵام نە بیرمەندە و نە بۆ چاكەی گشتی سوودی لە خوێندنەوەكانی وەرگرتووە. گرنگترین پرسی مەلا بەختیار لە خوێندنەوەكانی خزمەتكردنی كارەكتەرە (نەرجسی)انە تێكدەرەكەی خۆی بووە.
لە ئێستادا، لایەنی بافل و لایەنی مەلا بەختیار، هەردولا لێك لە فێڵن. ئەوەی نكۆڵی لێناكرێت، مەلا بەختیار گەورەترین تێكدەربووە لە ناو یەكێتیدا لەو كاتانەی كاربەدەست بووە. زۆر خزمەتی ژیاریی گەورەی بە پارتی كردووە لەناو یەكێتی. بۆ دوور نەگەڕێینەوە، لەم چەند ساڵانەی دوایی با تەنها باس لە دوو خزمەتی زۆر گەورەی مەلا بەختیار بكەین كە بە پارتی كرد و ڕزگاركەربوون بۆیان.
یەكەم: مەلا بەختیار و هاوئاوازەكانی دژایەتی گەورەی ڕێككەوتننامەی دەباشانی یەكەمیان كرد كە لە ساڵی ٢٠١٢، لە نێوان مام جەلال و كاك نەوشیروان واژۆ كرا. لەگەڵ نەخۆشكەوتنی مام جەلال توانیان شكست بەم ڕێككەوتننامەیە بێنن. دەبێ ئەوە بڵێم، لە ڕوانگەی تایبەتی ئۆپۆزیسیۆنبوونی گۆڕانەوە من دژی ئەو ڕێككەوتنە بووم.
بە ئاشكرا بە كاك نەوشیروانم ڕاگەیاند كە ئەمە سەرەتایەکی خراپ بوو، ڕەنگە ڕێگاكەرەوەبێت بۆ ڕێككەوتنی هەمانجۆر لەگەڵ لایەنی تر، بەمەش ئێمە لە بەدیلبوون دەشۆرێین و چاومان لە بەشداریپێكردن دەبێت.
ئەمە هەرەسهێنانە بە بیرۆكەی ئۆپۆزیسیۆن و گۆڕانكاری. ئەم قسەیەی منی زۆر پێناخۆشبوو، لە كۆتاییشدا هەر وای لێهات.
شكستهێنانی ئەم ڕێككەوتننامەی دەباشانی یەكەم وای لە كاك نەوشیروان كرد بێ ئومێد بێت.
ئەمە پاڵنەری هەرە گەورەی بوو وای لێكرد لە جیاتی یەكێتی ڕوو لە پارتی بكات. پێش هەڵبژاردنی ئەیلولی ٢٠١٣ مەیلی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی نیشاندا، تا دوای هەڵبژاردن حكومەتیان لەگەڵ دورست بكات.
بینیمان ئەنجامەكەی چ كارەساتێک بوو بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و گۆڕان و یەكێتیش و چ دەستكەوتێكیش بوو بۆ پارتی.
دووەم كاری مەلا بەختیار: بەئاشكرا دژایەتیكردنی ڕێككەوتنی دەباشانی دووەم بوو كە لە لایەن كاك نەوشیروان و كاك كۆسرەتەوە واژۆ كرا. مەلا بەختیار هەرەسی بەمەش هێنا لە بەرژەوەندی پارتی و بە شكستی یەكێتی و گۆڕان كۆتیایی هات.
جگە لەوانە، مەلا بەختیار سەرسەختترین داینەمۆی شەڕێ ناوخۆی یەكێتی و هەموو حیزبە كوردستانیەكانی تر بوو، بەتایبەتی حیزبی سۆشیالیستی كوردستان، كە ئەو دەم لە لایەن شەهیدان عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و سەعدی گچكەوە سەركردایەتی دەكرا، ئێستاش بۆ منافیقی ناویان بوەتە وێردی سەرزمانی.
گەورەترین تاوانی مەلا بەختیار بەكوشتدانی شەهیدانی قارەمان و دۆستی یەكتر شێركۆ شێخ عەلی و جەمالی عەلی باپیر بوون.
جگە لەمانەش ئامڕازی تێكدانی ڕیزەكانی یەكێتی بوو وەك ئامرازێكی ئامادەی مام جەلال بۆ دژایەتیپێكردنی كاك نەوشیروان تا دەرپەڕاندنی لەناو یەكێتی.
ئەو كردارانەی مەلا بەختیار و هاوئاوازەكانی بوونە ڕێگەكەرەوە بۆی، بووە بە میراتی سیاسی ئەمڕۆی یەكێتی بۆ كوڕەكانی مام جەلال و هەندێ سەركردەی تر.
بەم كردەوانەیان یەكێتیان بەتاڵ كرد لە سەركردە و كادری كارامەی بەتوانای وا؛ كە توانای ئەوەیان هەبێت جێگەكەی مام جەلال پڕ بكاتەوە، خۆشیان لەو قەبارەیەدا نەبوون بۆ ئەو جێگەیە، وەك خۆیان مرخیان لێ خۆشكردبوو.
ئێستاش، پێش ئەو ڕوداوانەی ئەم چەند ڕۆژە، هەموو كەس دەیبینی مەلا بەختیار و هاوشێوەكانی پیك و زوڕناكانیان ڕووی لە كام لایەنە و بۆ كێیان دەژەنی.
بێگومان بن یەك تۆز سۆزم بۆ بافل و یەكێتی نییە، بەڵام دژی تاكڕەویم. چونكە هەموومان ئەنجامی كارەساتبار و تێكدەری تاكڕەوی لە هەرێمی كوردستان بە ڕوون و ئاشكرایی دەبینین و هەستی پێ دەكەین چ وێرانكاری و گەندەڵی و تەپین و دواكەوتنێکی كۆمەڵایەتی و شكستی سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی و فێركردن و زانستیی بەدوای خۆیدا داهێناوە.
لە هەمان كاتدا، لە جیاتی گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی، لەگەڵ ئەم جۆرە ئیجرائاتە عەسكەرتاریانەشیان نیم دژی مەلا بەختیار.
بێگومان هاوسۆزیشم نییە بۆ ئەو كارەكتەرە نێگەتیفەی ناو سیاسەتی كوردی، چونگە ئەم جۆرانە ئامرازی شێواندنی سیاسەت بوون لە سەرەتاوە لەناو كورددا تا كار بە ئەمڕۆ گەییوە.
مەلا بەختیار هەموو كات كارەكتەرێكی تێكدەر و ترسنۆك و نەرجسی ناو بزوتنەوەی سیاسی و چەكداریی كورد بووە. ئەنجامی كردارەكانی سەدان قوربانیی لێكەوتوەتەوە و گیانی سەدان دڵسۆزی پێ بەفێڕۆدراوە.
لە ئێستاشدا، مەلا بەختیار نە چەپە تا نوێ بێت، نەكوردە تا بۆ كەركوك بگرییەت، ئەگەر خەمی كەركوكیبا دەیزانی كێ كەركوكی بە بوكداوە، نە یەكسانیخوازیشە تا خەمی هەژاران و موچەخۆرانی بووبێت، نە دەشزانێ کێ و بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان خراونەتە دۆخی هەژاری و كراونەتە بارمتەی حەز و بەرژەوەندی چەند كەسێك، نەشمان بینی مەلا بەختیار بەرگریكەر بێت لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی، دەنا دەزانێت ڕۆژنامەوانان و ئازادیخوازان بە كام یاسا و چ جۆرە دادگایەك سزا دراون و لە كام بەندیخانە توندكراون.
ئەو فرمێسكە تیمساحیانەی مەلا بەختیار دەیڕژێ كارەساتی گەورەیان بۆ گەلی كورد و هاوڵاتیانی هەرێم بە دواوەیە ئەگەر كاریگەر بن. سەرجەم نواندنەكانی مەلا بەختیار تەنها بۆ مزایەدەی سەلماندنی نەرجسیەت و غروری بێ بنەمای كەسی و تایبەتیی خۆیەتی.