ساڵیادی شۆڕشی ژینا ئەمینییە و داوای مانگرتنی سەرتاسەری دەكرێت

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" داوای مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، چەند ڕاستییەكیش لەبارەی فشاری ئێران بۆسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات باس دەكات و هاوكاری دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پشتڕاستدەكاتەوە.

پارتە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كورستان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ، بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیی" بانگەواز بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن.

كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان، لە پەیامێكدا ڕایگەیاند:" شۆڕشی ژینا هەر له دەستپێک ناوەڕۆکێکی جیاواز و ئاسۆیەکی ڕوونی بەخشی به خەباتی ڕزگاریخوازی که هۆکاری سەرەکی بوو لە بڵاوبوونەوەی شۆڕش و پشتیوانی و لایەنگری جیهانیی لەم شۆڕشە".

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت "کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی خوێناویی و بێبەزەییانەی خەڵکی تێکۆشەر و هەروەها هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و ئوردووگای حیزبەکان جارێکیتر ویستی ئیرادەی پۆڵایینی بزاڤی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنێت و پەلامار و هێرشی ڕژێم بەوە نەوەستایەوە و بە واژۆ کردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنییەتی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق گوشاریان خستە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی ئوردووگا و بارەگاکانی کۆمەڵە، بەڵام ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی قەت ناتوانێ بە چۆکیدا بێنێ ئیرادە و ویستی خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان و بزاڤە بەرحەقەکەیانە."

باس لەوەشدەكات " لە دووهەم ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا دەنگمان دەخەینە پاڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و داوا دەکەین بۆ بەرز راگرتنی بزووتنەوەی سیاسی و خۆڕاگرانەی خەڵکی کوردستان، بۆ بەرگری لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بۆ ڕێز گرتن لە هەموو گیانبەختکردووان و خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی، جارێکیتر خەڵکی کوردستان بە هاوپشتی و یەکگرتوویی ئیرادەی بەهێزی خۆی وەک هەمیشە بە مانگرتنی گشتیی نیشان بدات".

ژینا ئەمینی ( مەھسا ئەمینی) كچێكی كوردی خەڵكی شاری سەقز بوو لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان كە لە ڕۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 لە تاران بە بیانووی نەگونجاویی حیجابەكەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی حكومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كرا و بەھۆی ئەشكەنجە و لێدان كەوتە كۆماوە و دوای سێ ڕۆژ، لە 16ی ئەیلوولی 2022، لە نەخۆشخانەی كەسرا لە تاران كۆچی دواییی كرد.

مردنی ژینا ناڕەزایەتییەكی بەرفراوانی كۆمەڵگەی ئێرانی لێكەوتەوە، ناڕەزایەتییەكانیش ناونرا بە شۆڕشی ژینا یاخود "ژن، ژیان، ئازادی".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار