ئەمریكا زانیاریی نوێ لەبارەی بە ئامانجگرتنی بنكەیەكی لە بەغدا ئاشكرا دەكات
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ڕایگەیاند، گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران سێشەممەی ڕابردوو پێگەیەكی دیپلۆماسی سەر بە وڵاتەكەیان لە بەغدا كردووەتە ئامانج.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: 10 ی ئەم مانگە كە دەكاتە سێشەممە، هێرش كراوەتەسەر كۆمەڵگەیەكی پشتیوانی لۆجستی لە بەغدا، كە پێگەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكایە و بەخۆشحاڵییەوە هیچ كەسێك لە ڕووداوەكەدا بریندار نەبووە.
باڵیۆزخانەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەڵگەكان دەریدەخەن هێرشەكە لەلایەن گروپە میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئێران ئەنجامدراوە كە بە ئازادانە لە عێراق كاردەكەن".
ئەمریكا جارێكی دیكە داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، دیپلۆماتكاران و نوێنەری وڵاتان بپارێزێت، هاوكات ئەو سەربازە ئەمەریكیانەش كە لەسەر داوای عێراق ماونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەڕەشە لە گروپە چەكدارەكانی عێراق دەكات و دەڵێت "جەخت دەكەینەوە كە مافی بەرگریكردن لە خۆمان و ئەندامەكانمان هەیە لە هەر شوێنێكی جیهان بن".
هێرشەكەی سێشەممەی ڕابردوو بۆ سەر ئەو بنكە ئەمریكییە، چەند كاتژمێرێك پێش سەردانی مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بوو بۆ عێراق، هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە ڕانەگەیاند.