بۆچی مەسعود پزیشکیان سەردانی سلێمانی کرد
2 مانگ لەمەوپێش
عوسمان گوڵپی
لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات سەرۆك کۆماری ئێران دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەردانی شاری سلێمانی کرد، لە کاتێکدا هیچ تایبەتمەندیەکی پرۆتۆکۆڵی نیە کە سەرۆکی وڵاتێك سەردانی شارێك بکات بەبێ بوونی هیچ جۆرە هاوتاییەك یان بۆنەیەك یان کۆڕبەندێك کە تایبەتمەندی بداتە سەردانەکە، وەك چۆن بۆ بەشداری کۆڕبەندێك دەچێتە بەسرە، نەجەف و کەربەلاش بوعدێکی مەزهەبی هەیە.
ئەمە یەکەم جاریش نیە دەوڵەتی ئێران مامەڵەیەك دەکات کە هیچ وڵاتێکیتر لەگەڵ هەرێم ئەو مامەڵەیە ناکات، گەر سەرنجی ڕابردوویەکی نزیك بدەین دەبینین وەزیری خارجی ئێران هاتە هەولێر و ڕاستەوخۆ دوای ئەوە سەردانی سلێمانی کرد، بە هەمان شێوە محمد باقر قالیبافی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای هەولێر ڕاستەوخۆ هاتە سلێمانی و سەرۆك کۆماریش هەر وایکرد، لە لایەکی تریشەوە یەكەم وڵاتە لە هەرێمی کوردستان دوو قونسولیەی هەبێ یەکێك لە هەولێر و یەکێك لە سلێمانی.
ئێرانیەکان لەمەدا دوو پەیامی ڕوونیان هەیە
یەکەم پەیامیان پشتیوانی یەکێتی و ڕۆڵ پێدانیەتی لە پێناو پەراوێز نەکەوتنی، دووەم پەیام و گرنگترینیان ئەوەیە کە ئێران بە شێوازێکی فەرمی وەك دوو زۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەکات نەك حکومەتی هەرێم، واتە ئێرانیەکان بە فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ دوو حیزب و دوو زۆنە، ئەمەش تەنها تێڕوانین نیە بەڵکو کردارە، هەندێك جار لە پێناو یەکێکیاندا فشار دەخەنە سەر ئەویتریان و ڕاستریش بڵێین ئێران چەندینجار یەکێتی لە کەوتنی تەواوەتی پاراستوە لە کێشە ناوخۆییەکان و دەرەکیەکانیشدا، بەتایبەت ماڵی تاڵەبانی هێڵی سور بوە بۆ ئێرانیەکان و ئەم هێڵە سورە لە باوکەوە بۆ کوڕ گواستراوەتەوە.
بۆیە ئێران تاکە وڵاتە هەولێر و سلێمانی وەك یەك دەبینێت و مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، لە تەواوی دیدارە فەرمیەکاندا سەردانی هەردوو شار دەکات و دوو قونسولیەشی لە هەردووکیاندا هەیە، سلێمانی وەك پایتەختی زۆنی سەوز و هەولێریش زۆنی زەرد، بۆیە سەردانی پزیشکیانیش پابەندبونی بوو بەو سیاسەت و تێڕوانینەوە کە ئێران بۆ هەرێم هەیەتی.
تێبینی
ئەم نوسینە بەراورد نیە لە نێوان پەیوەندی یەکێتی و ئێران و پارتی و تورکیا بەڵکو تێڕوانینێکە بۆ ئەو شکاندنی پرۆتۆکۆڵەی کە ئێران لە پێناو سلێمانیدا دەیکات.