گەل چی دەویست؟
2 مانگ لەمەوپێش
بەشی چوارەم/ بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگا
د. ئەحمەد فاتح
خەڵکی کوردستان پێویستی بەوە بوو؛ ڕێز لە ئیرادەی بگیرێت، پێویستی بەوە بوو خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان هەبێت، بەڵام شۆڕشگێڕەکانی حزبایەتی نەک کوردایەتی، تۆوی خۆشەویستییان لە ناخی تاک و کۆمەڵی کوردییدا خنکاند.
هەردوو حزب لە بازاڕەوە بیگرە بۆ دایەنگە و خوێندنگە و زانکۆ و مزگەوت و دیوەخان، تا دەگات بە سینەما و هۆڵەکانی ڕۆشنبیریی هەموویان بێ ئەرزشکرد و کران بە مۆڵگەی حزبی و تیاییدا کۆمەڵگە بە کۆیلە و نۆکەر دەکرا.
کارییان لەسەر بێ ئیرادەکردنی تاک و کۆمەڵگە دەکرد، بۆ هەموو شتێک و پێداویستییەک دەبوایە سەر بە ناوەندە حزبییەکاندا بکەین، هەر دەنگێکی ئازاد و یاخی بە دەنگی سیخوڕ و دژ بە کوردایەتی ئاماژەی پێدەکرا.
حزب لە حکومەت و پەرلەمان گرنگتر بوو، لەبری ئەوەی حزب بەرنامە سیاسییەکانی بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و حوکمی یاسا وەگەڕبخات، ئەفسوس، کاریان لەسەر ئەوە کرد حزب لە سەرووی یاسا و حکومەتەوە بێت.
نوسینەوەی دەستوور:
لە دوای هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمانی کوردستان، گەل لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوو شۆڕشگێڕەکانی حزب لە شەرعییەتی شاخەوە بگوازنەوە بۆ شەرعییەتی حوکمڕانی و بۆ یەکەمجار دەستوور بۆ گەلێکی ماندوو بنوسرێتەوە، بەڵام ئەو شۆڕشگێڕانە لە نەزانین و بێباکیی خۆیانەوە ئامادە نەبوون دەستوورێک بۆ گەل داڕێژن کە تێیدا ماف و ئازادییەکان و یاساکان لە کوردستاندا ڕێکبخات و ببێتە چوارچێوە و بناغەیەک بۆ داهێنانی فۆڕمێک لە حوکمڕانیی هاوچەرخ؛ کە دۆست و دووژمن ئاماژەی پێبکەن.
دەستوورێکی گەلپەسند بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوو، چونکە لە دەستووردا دەتوانرا تەواوی پەیوەندییەکانی حکومەت و هاوڵاتیان بە پێی یاسا ڕێکبخرێت، ئیتر ئەوکات حکومەت ناچار دەبوو بە ڕێنمایی یاسایی مامەڵە بکات نەک بە میزاجی حزبی و شەخسیی.
ئێستاش دوای ٣٢ ساڵ لە هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمانی کوردستان، گەلی کورد باجی بێ باکی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەدات کە تائێستاش ڕێگرن لە نووسینەوە و پەسندکردنی دەستوورێکی دیموکراسی، کە تێیدا تاک و کۆمەڵگە هەست بە ئارامی و دڵنەوایی یاسایی بکات.
لە ئێستادا حزبەکان نەک هەر ڕێگرن لە نووسینەوەی دەستوور، بەڵکو دەستەوسانن لە بەرانبەر نووسینەوەی دەستووردا؛ چونکە ئەم حزبانە لەگەڵ دونیای دەستوور و یاسادا هەڵناکەن، دەیانەوێت هەمیشە دووربن لە شەرعییەتی دەستوورییەوە و هەروا بێجڵەو بن، بۆ ئەوەی درێژە بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە بدەن.