هەڵمەتی هەڵبژاردن و پێکی ئەوان!

4 ڕۆژ لەمەوپێش



هۆشیار عەبدوڵا


لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا رۆژانێکی سەخت لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا دەبێت، ئۆباڵی رادەی ئەو سەختییە بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئەو حزبانەی دەسەڵات دەبێت کە چەک و پارەی هەرێمەکە بە ئارەزوی خۆیان بەکار دەهێنن.


وەک کەسێک کە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ و ٢٠١٨ ، هەروەها بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤ و ٢٠١٨ وەک بەرپرسی میدیایی لە چوار کەمپەین  و وەک کاندیدیش لە دووانیان بەشداریم کردوە، چەند راستییەک لە ئەزمونەوە باس دەکەم و هیوادارم جێگا بگرن:


١ــ هیچ ئایدۆلۆژیا و حزب و سەرۆک و کاندیدێک ئەوە ناهێنن کە بەهۆیانەوە توندوتیژی بنوێنرێت و سەلامەتی و ژیانی خەڵک بکەوێتە مەترسییەوە.


٢ــ پاراستنی ئارامی شارەکان بە گشتی و بەتایبەتی شاری سلێمانی (کە بە پلان بێت یان پیلان هەموو جارێک هەڵمەتی هەڵبژاردن لەو شارەدا چڕ دەبێتەوە) ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە خۆیان بە دڵسۆزی شاری سلێمانی و خەڵکەکەی دەزانن، هەر کەس و لایەنێک ببێتە مایەی نائارامی شارەکان حەقە دەنگدەران لەناو سندوقەکانی دەنگدان سزای بدەن.


٣ــ لەگەڵ ئەوەدام لیست و لایەنە سیاسییەکان ئازادانە بە ڕاشکاوی دژی یەکتری، لەسەر بەرنامە و کار و کارنامە رەخنە لە یەکتری بگرن، بەڵام زمانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە نێوان حزب و لایەنەکان چەند راشکاو و توند بێت نابێت ئەو توندوتیژییە بگاتە شەقام و بەریەککەوتنی لایەنگرانیان.  


٤ــ لە هەڵمەتە توندەکانی نێوان (یەکێتی و گۆڕان) دەرسێک بە درەنگەوە فێر بووم، بەڵام هەرگیز بیرم ناچێتەوە؛ ئەو کاتانەی لایەنگرانی هەردولا لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی (سەهۆڵەکە) شەرە بەرد و شەرە تێڵایان دەکرد، شەوانە بەشێک لە بەرپرسانی باڵای هەردولا بە پاساوی ئەوەی هاوڕێی کۆنی شاخ و شارن، پێکەوە گەعدە و دانیشتنیان هەبوو و دەعوەتی یەکتریان ئەکرد و ئەیانخواردەوە.

دەرسەکە ئەوەیە کە کادر و لایەنگر و هەڵسوڕاو و پشتیوانانی ئەو حزبانە تێبگەن کە نەبنە قوربانی سەرەوەی خۆیان، چونکە سۆز و  پشتیوانی ئەوان بۆ حزب و لیستەکانیان هەرچەندێک گەورە و زۆر بێت ناگاتە ئەوەی پێکی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان سەرکردەکانی سەرەوە بشکێنێ!

(ئەمە هەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن نا، لە شەری ناوخۆش هەمان حاڵەت رویداوە). ٥ــ ئەوەی یەکێتی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ ی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەرامبەر پارێزگاری ئێستای سلێمانی کردی و مامەڵەی ئێستای یەکێتی لەگەڵ هەمان شەخص، دەبێت دەرس بێت بۆ هەموان و ڕوون بێت کە ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەکرێ شتێکە و ئەوەی دوای هەڵبژاردن دەیبینین شتێکیترە، کارەکتەرە سەرکیەکانی دەسەڵات لەبری جارێک دەیانجار ئەو راستییەیان گوتووە کە تای هەڵبژاردنە و پاش سارد بوونەوەی دەچنەوە سەر هەمان تاس و حەمامی حوکمڕانیی پێشویان!


٦ــ من هەموو هەڵبژاردنێکم لا گرنگە، چونکە مێژوی هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەژارە، ئەم هەڵبژاردنەی هەرێمیش ئەکید زۆر گرنگە، بەڵام هەڵبژاردن هەموو شتێک نییە و تا هەموو شتێکی بەقوربان بکرێ.


٧ــ لە دڵەوە حەز دەکەم حزبەکانی دەسەڵات نەتوانن پەنجا زائید یەکی کورسییەکان بهێنن، بەهەمان ڕادەش حەز دەکەم دوکانە سیاسییەکان نەتوانن هیچ کورسییەک بەدەست بهێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار