بە ئێمە دەکرێت

2 مانگ لەمەوپێش



ژیر طارق فاتح


لە کاتی نادڵنیایی و نەمانی متمانەدا، هەمیشە کۆمەڵگە پێویستی بە ڕێبەرێکە تەنها بەڵێن نەدات و پێش هاوڵاتیان بکەوێت بۆ گۆڕانکاریی و خواست و داواکانی خەڵک جێبەجێی بکات.

"بە ئێمە دەکرێت" تەنها دروشم نییە؛ پابەندبوونە بە کردارەوە.

گوزارشت لە ناخی هەموو تاکێک دەکات کە چاوەڕوانی گۆڕانکاریی ڕاستەقینەیە، هەمیشە قسە لەسەر هێزی ئێمە دەکرێت وەک گەلێکی خەباتکار کە بەرگەی سەختیمان گرتووە، ئێستاش کاتی ئەوەیە پێکەوە ئامادەبین بۆ هەڵسانەوە.


"بە ئێمە دەکرێت"، دەربڕینێکە زیاترە لەوەی پەیوەندی بە لایەنێک یان کەسێکەوە هەبێت؛ چونکە باس لە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ دەکات بۆ ڕزگاربوون لە گەندەڵی و نادادپەروەری و چەقبەستوویی ڕابردوو.

جێناوی"ئێمە" هەم من و هەم تۆ و هەم ئەویتری لە خۆیدا کۆکردووەتەوە، کە دەبێتە ئیرادەیەکی بەهێز و دەتوانین لە ڕێگەیەوە هیوا بۆ ژیانمان بگەڕێنینەوە و نەهێڵین داهاتووشمان وەک ڕابردوو لە لایەن دەسەڵاتەوە داگیربکرێت و بەفیڕۆبدرێت.

ئێمە پێکەوە ئەو گۆڕانکارییە بەدیدەهێنین کە کوردستان شایەنیەتی، تەنها "ئێمە" دەتوانین بەڕاستی ئەو کارە بکەین، چونکە گۆڕانکاریی بە هێز و ئیرادەی هەموومان ئەنجام دەرێت و لە توانای تاکە حزبێک بەدەرە.

هەر لەبەر ئەوەشە حزبەکانی دەسەڵات تا ئێستا نەیانتوانیوە چەمکی "گۆڕانکاریی" لە دروشمەوە بکەن بە واقیع.


کاتێک دەڵێین: "بە ئێمە دەکرێت"، لەبەر ئەوەیە کە ئێمە بەرەی گەلین و بەرەی گەلیش واتە؛ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بۆیە هیچ شتێک بە گۆڕانکاریی و چاکسازیشەوە، بۆ ئیرادەی بەرەی گەل مەحاڵ نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار