وریابن تەڵەیە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



جوتیار ڕەشید

هاوڵاتی

تورکیا زۆر هەوڵی دا هێزەکانی سوریای دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوشێوەی دەسەڵاتی باشووری کوردستان ڕام بکات، بەڵام بۆی نەکرا.

دواتر بە هاوکاری (پ.د.ک)، بەناو هێزی پێشمەرگەی ڕۆژی پڕچەککرد و ویستی بیاننێرێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان، یان شەڕی ناوخۆ یان دوو ئیدارەییان پێ دروستبکات، هاوشێوەی باشووری کوردستان، نموونەکەی ئەوانیش شکست پێبێنێ، لەو  پیلانەشدا سەرکەوتوو نەبوو دواجار هاتە سەر پیلانی  B.

پیلانیB ، هەوڵی کردنەوەی بەرەیەکی شەڕی درێژخایەن بوو، بۆ ئەوەی لە شەڕێکی درێژخایەنیانەوە بگلێنێت و لە ڕێگای ئەو شەڕەوە هێزەکانیان ماندوو بکات و بچوکیان بکاتەوە، تا نەتوانن بە تەنها کۆنترۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.

-پەلاماری داعش هەوڵی یەکەمی پیلانی B بوو، بەڵام ئەویش نەک سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو بەهێزتربوون و بوونە هاوپەیمانی پلە یەکی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، کورد گوتەنی (بۆ ڕیش هاتن، سمێڵیشیان نایە بانی).

بۆیە هەوڵی دووەمیان خستە گەڕ

-پەلاماردانی عەفرین و سەرێکانی و ناوچەکانی تر، بە مەبەستی داگیرکردنیان.

هەم ئەمریکیەکان و هەمیش قەسەد خۆیان تێگەیشتن کە ئەوە تەڵەیە، بۆیە دەستبەرداری ئەو شوێنانە بوون، ئەمریکیەکان بەڵێنیان داوە بەبێ تەقە ئەوشوێنانە بە تورکیا چۆڵ بکەن لە کاتی گونجاودا.

ئێستا تورکیا دەیەوێ دوا تەڵە بە قەسەددا بتەقێنێ، ئەم جارە دەیەوێت لە ڕێگای ئیستیفزازکردنیانەوە بە کوشتن و ئازاردانی کوردان لە ناوچە داگیرکراوەکان، قەسەد توڕە بکات و ناچاری هێرشیان بکات بۆ سەر هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکان لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکان.

بۆ ئەوەی بیکاتە بیانوی هێرشێکی بەرفراوانی هێزەکانی تورکیا و میلیشیا توندڕەوە تیرۆریستەکانی و قەسەد توشی شەڕێکی بەرەیی فراوان بکات و هێزەکانیان توشی خوێنبەربوونی سەربازی بکات، لە کاتێکدا دۆزی سوریا لە قۆناغەکانی کۆتایی چارەسەری سیاسی نزیک دەبێتەوە، بەوەش دۆخی سوریا دەگێڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەم و کورد لە دەسکەوتەکانی لە سوریا دووردەخاتەوە.

ئەو هێرشە تیرۆریستیەی چەتەکانی سوڵتان موردا و شەهیدکردنی دوو ژن و بریندارکردنی بیستی تر لە ژنە خۆپیشاندەرەکانی گوندێکی عەفرین تەڵەیەکی سەربازیە، میتی تورک بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی ناوەتەوە.

هەرچەندە من شارەزایی سەربازیم نیە، بەڵام بەلێکدانەوەی سیاسی خۆم بەتەڵەی سەربازی-موخابەراتی دەزانم.

بۆیە بانگەواز لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەم نەکەونە ئەو تەڵەیەوە. پڕاگماتیانە بیر لە شێوازێکی دیکەی تۆڵەکردنەوە لەو چەتانە بکەنەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار