گەل چی دەویست؟
2 مانگ لەمەوپێش
د. ئەحمەد فاتیح
بەشی پێنجەم/ فەتوای حەڵاڵکردنی موحەڕەمات
شەڕی ناوخۆ مەترسیدارترین قۆناغی تۆخکردنەوەی زۆنی سەوز و زەرد و بەحزبیکردنی نەک کۆمەڵگە، بەڵکو تاک بە تاکی مرۆڤی کورد بوو. قۆناغی شەڕی ناوخۆ حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان پەکخست، ئەوەی لەکوردستان وجودی هەبوو تەنها دەسەڵاتی حزب بوو. بۆیە ئیتر ئیدارەی سیاسەت و ئابووریی لەکوردستاندا کەوتە ژێر هەژموونی حزبەوە. ساڵانی شەڕی ناوخۆ لە کوردستان ساڵانێک بوون وەک ئەوەی ژیان تیایدا وەستابێت، ئەوەی هەبوو هەواڵەکانی شەڕی ناوخۆ و هێرش و پەلامارەکان بوو بۆ سەر یەکتری. وەک لەبەشەکانی پێشوودا ئاماژەم پێکرد؛ لای حزبەکان و شۆڕشگێڕەکانی شاخ، تەنها لۆژیکی چەک کاری دەکرد، شۆڕشگێڕەکان ئایدۆلۆژیا و بەرنامە سیاسییەکانی خۆیان پێچابوویەوە و کاریان پێنەدەکردن، بۆیە لە شار ژیان کورت ببوویەوە بۆ چنینەوەی دەستکەوت. هەڵبەت دەستکەوت بە بەمانا خێڵەکییەکەی و زۆرکردنی لایەنگران و فراوانکردنی قەڵەمڕەوی حزبی، لەسەر حسابی فەزاحەتی پشتگوێخستنی سزای یاسایی بۆ جاش و موستەشارەکان. بەو مانایەی کەوا ژیان لە کوردستان ژیانێکی زۆر سادە و سەرەتایی بوو و هیچ لەو ژیانە نەدەچوو کە گەل قوربانیی بۆدابوو.
گەل ئامانجی بیناکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بوو، گەل خوازیار بوو کار بۆ ئەوە بکرێت سەروەرییەکانی شۆڕش و شاخ ببنە وانەیەک بۆ نەوەکانی ئایندە، بەڵام ژیان لە کوردستان لە هەموو ئەم مانایانە بەتاڵکرایەوە، بەجۆرێک لە ئێستادا شۆڕشی شاخ بۆتە جێگای گاڵتەجاڕیی، کە ئەمەش بۆخۆی یەکێکە لەو نەهامەتی و نەنگییانەی بەسەر سیاسەت و دەسەڵاتدا هاتووە!
بەقوربانییبونی گەنجان
دەیەی نەوەدەکان دەیەیەک بوو گەنجان و لاوانی کورد تێیدا بوونە قوربانیی. لە لایەک بە هۆی شەڕی ناوخۆ و نەبوونی هەلی کارەوە گەنجان زۆریان دەبوونە چەکداری حزبەکان و سەرئەنجام دەبوونە قوربانی و سوتەمەنیی شەڕی ناوخۆ و لەسەر هیچی خۆڕایی سەنگەریان لە براکانی دیکەیان دەگرت، لە لایەکی تریشەوە گەنجان سەری خۆیان هەڵدەگرت و کۆچیان دەکرد، کۆچێک بەرەو نادیار و ناشوێنێک، کە تێیدا زۆرجار مەرگ دەبووە دوا وێستگەی گەنج و لاوی کورد.
بەو مانایەی کە لە دەیەی نەوەدەکاندا مەرگ و ماڵوێرانیی و کۆچکردن، قەدەری گەنجان ولاوانی کورد بوو. گەل شۆڕش و ڕاپەڕیینی کرد بۆئەوەی گەنجان لە خاکی خۆیاندا ببنە هێز و بازووی بنیاتنان لە کوردستان، بەڵام سیستەمی چەوتی حوکمڕانیی کارێکی کرد؛ گەنج و لاوی کورد ڕووبەڕووی قەدەرێکی ماڵوێرانکەر ببنەوە.
فەتوای حەڵاڵکردنی موحەڕەمات
حزبەکان بۆ سڕینەوەی یەکتری موحەڕەماتیان حەڵاڵکرد، بەو مانایەی بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕەکانیان دوژمنانی کوردیان پەلکێش کرد تا لەسەر خاکی کوردستان بجەنگن. ئەم فەتوایە ئیتر کۆتایی بەهەموو مێژووی خەباتی کورد بۆ بوون بە نەتەوە و دەوڵەت هێنا و ئەوەی سەلماند کەوا ئەم حزبانە لەبەرەی گەل نین و ناتوانن ببنە حزبی گەل، چونکە گەل هیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدا نییە خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێت، گەل لەگەڵ ئەوەدا نییە بە دروشمی درۆینە بۆ دەستە و تاقمێک کۆمەڵگە نغرۆبکرێت. وەک باسم کرد ئەم هەموو جەنگانەش لە ژێر پەردەی درووشمی جۆراوجۆری موزەیەفدا بەرپاکران و خەونی گەلیان کردە سووتەمەنی. لێرەوە حزبەکان لە «گەل» جیابوونەوە و چیدی نەبوونەوە بە حزبی بەرەی گەل؛ بەڵکو بوون بە حزبی دەستە و تاقمێک کە تەنها لە سەروەختی هەڵبژاردنەکاندا گەلیان بیردەکەوێتەوە.