حەیدەر شاكر: سزای هاتووچۆ لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حەیدەر شاكر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سیستمی سزای ئۆتۆمبێل لە نێوان هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی یەكخراوە سزای هاتووچۆ لە نێوان عێراق و هەرێم بەردەوامە.

دەشڵێت، سەرجەم سەرپێچییەکانی شۆفێران تۆماردەكرێن و دواتر ئاڵوگۆڕ دەكرێن لەنێوانیاندا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەلایەن مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتییەوە سزا بەسەر سەرپێچیكاراندا دەسەپێنرێت بەشێوەیەكی شیاو و یاسایی، جا چ لە بەغدا بێت یان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

جێگەی ئاماژەیە، لە ١٧ی تەمووزی ئەمساڵدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ ئاڵوگۆڕی پرۆژەی سزای بۆ سەرپێچییەكانی هاتووچۆی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، هاوكات ئاماژەی بە جێبەجێكردنی سیستەمی كامێرای جێگیر لەسەر ڕێگا سەرەكییەكانی بەرەو كەربەلا، ئەنبار، دیالە و بابل كرد.

لەم بارەیەوە، محەمەد عەلی حەسون، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتیی عێراق ڕایگەیاند، هاوكاریی و هەماهەنگی هاوبەشی ئاست بەرز لە نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە ڕێگەی دیسك و ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی سەبارەت بە چاودێریكردن سەرپێچی هاتووچۆ لە بەغدا و هەرێمی كوردستان هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار