تەڵەی چەپڵەلێدان

2 مانگ لەمەوپێش



ڕەحمان غەریب


لانیكەم نزیكەی چارەكە سەدەیەك مام جەلال لە هەرێم و بەغدا، وەك سكرتێری گشتی یەكێتی و سەرۆك كۆمار، لە ساتەوەختی تۆفان بووبێت یان سایەقەی سیاسیدا، كە دەچووە سەر ستەیج یان وتارێكی پێشكەش دەكرد، وردبین و هاوسەنگ و واقعی بوو؛ بۆیە لە ناوخۆ و دەرەوە كاردانەوە و كاریگەری هەبوو.


جەنابیان كە وتاریان دەدا، تێكەڵیان دەكرد بە شۆخیی ژنە جوتیارێكی گوندەكانی پشدەر،  گێڕانەوەیەكی نوكتە ئامێزی هاوڕێ عەزیز محمد، بە یادەوەری دیداری لەگەڵ سەركردەیەكی نێونەتەوەیی، تێكەڵ بە وەفای هاوڕێیەكی، بە گەشبینی سیاسی پێشمەرگەیەكی كەمئەندام، تەڵەی چەپڵە لێدان پێیەكانی نەدەخلیسكاندە نێو زمانێكی كۆنترۆڵنەكراوی سیاسی.


روحی شاد بێت، ئەو لەناو پاركی ئازادیدا، سەكۆیەكی ئازادی بۆ هاوڵاتیان دروستكرد لە یەكەمین لێدوانیدا ووتی" جوێندانیش بێت وەرن لە منەوە دەستپێبكەن"، مینبەرێكی بۆ جوێندان بە خۆی دروستكرد نەك بۆ جوێندان بەخەڵك، ئەو لە خەیاڵیدا نەبوو دەورانێك بێتە پێشەوە لەمینبەری رەسمیی پۆست یەكێتییەوە، جوێن بە هاوڵاتییان بدرێت، بە " گەواد" وەسفییان بكرێت.


بەكارهێنانی دەستەواژەیەكی وەك " گەواد" لە مینبەری هەڵبژاردنی شارێكی جوان و بە مەعریفەت و خاوەن فەرهەنگی رەنگینی وەك هەڵەبجە، دەبوو شۆكهێنەر بێت بۆ هەموو ئەوانەی باس لە رێبازی تاڵەبانی باوك دەكەن، لەسەردەمی ئەودا رەخنەگرتن برەوی پێدەدرا، ئەندامانی یەكێتی و هاوڵاتیانیش زاتیان دەكرد رەخنە لە سكرتێرەكەیان بگرن.


ئێستا لەناو یەكێتیدا، سەدان خاوەن بڕوانامەی بەرزی ئەكادیمی، نووسەر، هونەرمەد،  چەند سیاسەتمەدارێكی بێدەنگی نەوەی پێشووش هەن كە سەریان لە سیاسەت سپی كردووە، رەنگە درك بەمەترسی ئەو زمانە ئاست نزمە بكەن، زاتبكەن وەك چۆن رەخنەیان لە تاڵەبانی باوك دەگرت، لانیكەم رەخنە لەو هەڵسوكەوتە بگرن، سنووردار بكرێت تا لەسەر ستەیجەوە شۆڕنەبێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی سەركردایەتی.


یەكێتی مافی خۆیەتی لە دروشمەكانیدا بۆ ڕازیكردنی دەنگدەر، پەنا بۆ هەموو دەستەواژەیەكی وەك "دەیڕوخێنین" و "لۆمارێ" و "شامسوار" و "زاب خودێ" و "وین حصە" و "مودیرعام" ببات و هەموو ئەو دەستەواژانەی تریش لە گوتاری سیاسییاندا رەنگبدەنەوە، بەڵام نەختێكیش سوود لە زمانی نەرم و روونی مام جەلال وەربگرن كە بە زیاتر لە مانایەك كراوە بێت بۆ لێكدانەوە.


رەخنەگرتن لە ووتاری سكرتێری گشتی، پشتگیری نییە لە "مێشی ئەلكترۆنی" كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی دژ بە سەرۆكی یەكێتی، بە پارەی گشتی كارایان كردوون و بە روخسار و جەوهەر، تەنها لەم سەردەمی پوچگەراییەدا شوێنی دەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار