چانسی خەڵك و شكستی دەسەڵاتداران

2 مانگ لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

بەپێی هەموو ئەو ئەو ئاماژانەی بەردەستن، پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو زۆر ئاڵۆز دەبێت و كاتێكی زۆردەخایەنێت. ئەنجامی هەڵبژاردن، هاوكێشەی هێز لەپەرلەمان بەتەواوی دەگۆڕێت و واقعی نوێ‌ گۆڕانكاریی گەورە بەسەر ئەم بارودۆخەدا دەسەپێنێت، ئەمە سەرباری ئەگەری دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمیی، كە بەدڵنیاییەوە یەكێك دەبێت لەو فاكتەرانەی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ زەحمەتتر دەكات.

بەهۆی خراپی حوكمڕانیی و شكستیی حوكمڕانان بەتایبەتی بەهۆی پارتی و یەكێتییەوە، چانسی سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن لەم هەڵبژاردنە زۆرە. خراپی گوزەرانی خەڵك و ناڕەزایەتییەکانیان بەهۆی شكستیی حوكمڕانانەوە، زەمینەیەكی لەباری دروستکردووە بۆ گۆڕانكاریی گەورە. بەدڵنیاییەوە رێژەیەكی زۆری دەنگدەران وەك تۆڵەكردنەوە لەحوكمڕانان دەنگ بەئۆپۆزسیۆن دەدەن و بەوهیوایەی ئەو هێزە نوێیانە هەندێك گۆڕانكاریی بكەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، ئەرك و بەرپرسیارێتی ئۆپۆزسیۆن زۆر گرانترە لەحزبەكانی دەسەڵات، لانیكەم نابێت ئەزموونی رابردووی ئۆپۆزسیۆن دووبارە بكەنەوە.

حزبەكانی دەسەڵات هیچ پرۆژەیەكیان پێنەماوە و هیچ گوتارێكیان بۆ خەڵك پێ نییە، وەك هەموو دیكتاتۆرەكانی مێژوو هەوڵدەدەن لەڕێی هەڕەشە  و تۆقاندن و ساختەكردنەوە ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕن، حزبیش هەیە گرەو لەسەر دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ‌ دەكات لە ئەنجامی هەڵبژاردن وەك فاكتەرێکی بەهێز بۆ سەركەوتنی.

ئەركی ئۆپۆزسیۆن لە دەسەڵات زۆر گرانترە. جگە لەهەوڵی سەركەوتن، ئەركی گێڕانەوەی متمانەی خەڵكی بەپرۆژەی گۆڕانكاریی لەم حوكمڕانییەدا كەوتۆتە ئەستۆ! كەوایە؛ ئەركی ئۆپۆزسیۆن دوای هەڵبژاردن زۆر گرانترە لە پێش هەڵبژاردن. دوای هەڵبژاردن ئەرك و بەرپرسیارێتی مێژوویی دەكەوێتە ئەستۆ؛ لە ڕووی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن و ملكەچپێكردنی دەسەڵاتداران بەگۆڕانكاریی ریشەیی لە حوكمڕانیی و چاككردنی ژیانی خەڵكدا.

ناوەندە پەیوەندیدارەكانی پارتی پێشبینی بەدەستهێنانی 38 كورسی پەرلەمانیی دەكەن، بەڵام پێناچێت ئەو رێژەیە واقعیی بێت، بەپێی هەندێك راپرسی دیكە لەباشترین حالەتدا رەنگە نەگاتە 35 كورسی. یەكێتیش پێشبینی و ژمارەی گەورە لە كۆڕ و كۆبونەوەكان باسدەكەن، بەڵام بەپێی پێشبینی دەرودراوسێ‌ رەنگە نەگاتە 20 كورسی.

سەبارەت بەلیستی بەرەی گەل بە رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگیی، تائێستا قەبارەی ئەو هێزە روون نییە، چونكە لیستێكی نوێیە و یەكەمجارە دەچێتە هەڵبژاردن. لە سەرەتادا پێشبینی وڵاتانی دەرو دراوسێ‌ بۆ ئەو لیستە تەنها 4 بۆ 5 كورسی بوو، بەڵام دوای چەند راپرسیەكی خۆیان ئێستا باسی ئەوەدەكەن كە لەسەروو 10 كورسی بەدەستدەهێنێت و بەپێی راپرسیەكیش لەنێوان 13 بۆ 15 كورسی بەدەستدێنێت، بەتایبەت دوای جموجۆڵ و بەسەركردنەوەكانی لاهور شێخ جەنگی بۆ شارو شارۆچكەكان كێرڤی لەبەرزبوونەوەدایە، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا تاكە سەركردەیە دەچێتە شەقام و رووبەروو قسە بۆ هاوڵاتیان دەكات، هیچ كام لەوانی دیكە نەچوون، بە پێچەوانەی هەردوو لایەنی دەسەڵاتەوە؛ كە بە زۆر و بە هەڕەشە و تۆقاندن خەڵك كۆدەكەنەوە و لەژێر پاسەوانییەكی زۆر و بڵاوەپێكردنی چەكدارێكی زۆر لەسەر ستەیج قسە بۆ خەڵك دەكەن.

سەبارەت بەدەنگی نەوەی نوێ‌ وەك لیستێكی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، بەپێی چەند راپرسیەك 10 كورسی یان زیاتر بەدەستدەهێنێت، بەڵام بۆخۆیان پێشبینی زۆر زیاتر دەكەن.

تێبینی: 5 كورسی كۆتا هەیە، بەپێی نەخشەی هەڵبژان كە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە داڕێژراون  نەك بە پشتبەستن بە قانونی هەرێم، 3 كورسیان كاندیدەكانی پارتی و 2 كورسیشیان كاندیدەكانی یەكێتیی دەیبەن. ئەوانەی دەچنە پەرلەمان دەبنە ئەندام پەرلەمانی پارتی و یەكێتیی، هیچ پەیوەندیان بە پێكهاتەكانەوە نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار