گەورەبونی یەکێتی و پارتی واتای چیی؟!
2 مانگ لەمەوپێش
عەبدوڵڵای مەلا نوری
گەورەبونی یەکێتی و پارتی واتە، برەودان بە سیستمی بنەماڵەچێتی؛ کە تێیدا کوڕانی دو بنەماڵە سەردارن، ئەوانی تر داردەست و بەندەیەکی هەرزانن.
واتە، تۆخبونەوەی دیواری دێگەڵە و بەردەوامی دوو ئیدارەیی. واتە، بونی میلیشیای حیزبی و دروستنەبونی سوپای نیشتیمانی.
واتە، بەردەوامی ئەگەری شەڕی ناوخۆ و بەکوشتدانەوەی دەیان هەزار گەنجی تر. واتە، بەردەوامی کلتوری جاشایەتی، بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و هێنانی هێزی بێگانە.
واتە، بەردەوامی عەقڵیەتی شارچێتی و خێڵچێتی و تەریقەتچێتی و رەوتچێتی بە ناوی ئاینەوە، دواتریش رێگری لە دورستبونی یەکێتی و هەست و گیانی هاوڵاتیبوون و کوردبون.
واتە، بەردەوامی عەقڵیەتی ٦٦ و پەشیمانی، ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر و جینۆسایدی شەنگال.
واتە، بە چوار دەست سوڕدانی سوکانی نەوتەکە و درۆی ئابوری سەربەخۆ.
واتە، سەرگەردانی، کۆچ، خنکان لە دەریادا، هەژاری، برەودان بە بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر.
واتە، مۆدێل، قومارخانە، کڕین و فرۆشتن بە رۆشنبیر و مەلا و چالاکوان و رۆژنامەنوسی بەناو سەربەخۆ و سەرکردایەتی و کادری حزبی پاتاڵ.
واتە، داخستنی نەخۆشخانە و قوتابخانە حکومیەکان و کردنەوەی کەناڵی سەرۆک و سەرکردایەتی و کوڕ و تیتکەزاکانیان.
واتە، بێ کارەبایی، بێ کاری، کامێرای چاودێری، گرانی نەوت و غاز و بەنزین. واتە، داگیرکردنی گردو شاخ و شوێنە گەشتیاریەکان.
واتە، وەک چۆن باوکمان، قوربانی باوکیان بوو، خۆمان قوربانی خۆیان، منداڵەکانیشمان قوربانی منداڵەکانیان. واتە، بەردەوامی عەقڵیەت و ئەخلاقیاتی مەلایی و جەلالی.
کورت و پوخت بەهێزبونی پارتی و یەکێتی، واتە داڕزان و لاوازبونی کوردو کوردستان.
واتە، لە هیچەوە بۆ هیچ.