zhyr

بافڵ و دوربینەکەی باوکی!

4 ڕۆژ لەمەوپێش



رێبوار کەریم وەلی

رەنگبێ یەکێک لە ستراتیژیترین هەڵەکانی رەوانشاد مام جەلال ئەوە بوو بێت کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، لە کاتێکدا، دەرفەتی ئاشتییەکی عادیلانەی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، تاڵەبانی گوتی پارتی هەتا ماوە هەر دەبێ بە دووربین سەیری هەولێر بکات!

31ی ئاب کرا و، ئەمجارە مام جەلال لە زینوێی هەڵشۆوە، بێ دوربین سەیری قەڵادزێی دەکرد!

گومان لەوەدا نییە کە ئەگەر پارتی پشتیوانیی کوڕەکانی تاڵەبانی نەبوایە، قەت نەیاندەتوانی 8ی تەمموز بکەن. ئەوە بۆ مێژوو، با لەسەر منیش ماڵ بێت کە عەڕابی 8 ی تەمموز، کاک مەسعود و قوباد تاڵەبانی بوون و، هەموو شتێکیش لە چەند دانیشتنێکی دووقۆڵی بڕێندرایەوە. تەنانەت لەو مەسەلەیەدا، هەردوولا پرسیان بە کەسە هەرە نزیکەکانی خۆیان نەکرد. کودەتای 8 ی تەمموز کرا. ئەو کاتە نووسیم کودتایەکی زەرد  لە زۆنی سەوز!

بە حیسابی پارتی بەرتەڕەفکردنی لاهور شێخ جەنگی هیچ لەمپەرێکی لەبەردەم حوکمی مەسرور بارزانیدا نەدەهێشت، چونکە هەمووی چەند رۆژێک پێشتری لاهور شێخ جەنگی لە کۆبوونەوە لەگەڵ قوباد و تیمی وەزاریی یەکێتی داوای ئەوەی کرد کە یەکێتی لە حکومەت بکشێتەوە. کاک مەسعود دەیویست، لادانی لاهور وەکو سوپرایزێک و هەدیەیەک پێشکەشی کوڕەکەی و کابینەکەی بکات! ئەویش ئاگادار نەبوو!

سەردەمی بافڵ و براکەی، بە تەسفییەی سیاسی و فیزیکیی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی دەستی پێکرد و پارتیش چاوپۆشیی لە هەموو تاوانەکان کرد، تا ئەوکاتەی کە هەستیان کرد کە بافڵ بەڕاستی خۆی لێبووە بە سەرۆک!

سەرەتای تەقینەوەی کێشەکانیش ئەوە بوو کە دوای هەڵبژاردنەکانی بەغدا لە 2021، پارتی(کە ئەو کاتە وەک ناوچەیەکی خۆی مامەڵەی لەگەڵ یەکێتیی نوێدا دەکرد)، ویستی پۆستی سەرۆککۆماریش لە بەغدا بۆخۆی ببات. بافڵ بەوە رازی نەبوو و هەندێک پێشهاتی دیکەش وایکرد کە بافڵ بکەوێتە ناو لیستی رەشی بارزانییەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

 رەفتار و کرداری نابەرپرسانەی مەسروور بارزانی دەرهەق بە زۆرینەی پارتی و خۆسەپاندنی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیی پارتیدا وایکرد کە ئەم مەیدانخوازییانەی بافڵ دەیکردن، لەناو بەشێکی زۆری پارتی و یەکێتیدا، لە دژی کەمینەی خۆسەپێنی پارتی، کڕیاری هەبێ.

بافڵ لە ستاندئاپەکانیدا، دوای نوکەشەق وەشاندن کە مەعلوم نەبوو بۆ دەرپەڕاندنی کام ئامۆزای ناو پارتییە و ئیدیعاکردنی ئەوەی کە تاوانبارێکیش دەکاتە پارێزگاری ناحیەی بارزان، هێڵی سوری ناو هەردوو باڵەکەی پارتیی بەزاند. بافڵ ئەوەندە بێئاگا بوو کە نەیدەزانی گۆڕی خوالێخۆشبووان ئیدریس و مەلا مستەفا لە بارزان نێژراون و ئەویش دەیەوێ کەسێکی تۆمەتبار بە تیرۆر بکاتە پارێزگاری بارزان!

ناوچەکە لە قۆناغێکدایە کە بەرەی موقاوەمەی ئێران لە پاشەکشەیەکی جیددیدایە. لە رابردووشدا، ئێرانییەکان تا راددەیەکی زۆر لارییان نەبووە لەوەی کە بافڵ بەشێوەی تەدریجی لە حوکم بخرێت و لەقاڵب بدرێت. لادانی بافڵ لەم ئانوساتەدا، هەم پاراستنی سلێمانییە لە پریشکەکانی ئەو جەنگە چاوەڕوانکراوە کە لە ناوچەکەدا، زوو یان درەنگ روو دەدات. هەمیش رێگرە لەوەی کە کوردستانیش ببێ بە بەشێک لە گۆڕەپانی شەڕ.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار