چیتان هێشتووە تا بیڕوخێنن؟

2 مانگ لەمەوپێش



 سەرتیپ جەوهەر

گوتاری ئەمجارەی لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتیش هەردوو حزبی دەسەڵات، خراپترین گوتارە لەماوەی 30 ساڵی رابردوو. هەموو قسەو پەیامی هەردوولا لە یەك دێڕدا كۆبۆتەوە؛ یەكێتیی دەڵێت: دەیڕوخێنین، پارتیش دەڵێت: ناتانن!

یەكێتیی كە دەستەبژێرە حوكمڕانەكەی لەماوەی 12 ساڵی رابردوو لە هەرچی خراپەكاریی و بڕیاری چەوتی ئەم حوكمڕانیەدا هەیە، بەشدار بووە و پاسەوان و پارسەنگ و پشتیوانیی پارتیی بووە و تا هەفتەی رابردووش لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بوون، كەچی دەڵێن دەیڕوخێنین؟! ئاخر چی دەڕوخێنن، چیتان بەسەرچییەوە هێشتووە تا بیڕوخێنن؟! ئێوە خۆتان بەشێكبوون  لەم بارودۆخە و هەرچی هەیە بەرهەمی شەراكەتی ئێوە و پارتییە لەم حكومڕانیەدا.

پارتیش كە بەرپرسی هەرچی نەهامەتیی و قوڕبەسەری ئەم میللەتەیە و قوڕگی ئەم میللەتەیان گرتووە و خەریكە هەناسەی لێدەبڕن و دەستیان گرتووە بەسەر ژیان و قووتی خەڵكی كوردستاندا، لە گوتار و پەیامەكانیاندا هیچیان پێ نییە تەنها دەڵێن خۆڕاگربن!

هیچ كام لەو دوو حزبە تائێستا باسیان لەشەفافكردنی نەوت و گێڕانەوەی موچەی خوراوی فەرمانبەران و كەمكردنەوەی باج و رسومات و نرخی ئاو و كارەبا و ئەو پرس و بابەتانە نەكردووە كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی بەخەڵكەوە هەیە، بەڵكو هەردوولا دەیانەوێ‌ بەجوڵاندنی سۆزی لایەنگران و موچەخۆرانیان و تۆخكردنەوەی ململانێ و دەمارگیریی تەسكی حزبیی و بگرە تێكدانی میزاجی كۆمەڵایەتیی خەڵك سەرقاڵ بكەن، بۆ ئەو مەبەستە لەمیدیاكان و تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە سوكایەتیش بەیەكتر دەكەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، لەپارتی و یەكێتیی هەژارتر و بێكەستر نییە. راست و چەپ دەستیان داوەتە ترساندن و تۆقاندنی خەڵك بۆ رۆژی هەڵبژاردن، تەنانەت كارمەند و كرێكاری كۆمپانیاكانیشیان تەنگاو كردوون و بەزۆر ناچاریان كردوون و هەڕەشەی نانبڕین و دەركردنیان لێدەكەن تا بانگەشە بۆ حزبەكانیان بكەن، هاوكات كارتی دەنگدانیشیان لێوەردەگرن و ناچاریان دەكەن تا لەهەڵبژاردن دەنگ بەوان بدەن.

ئاخر حزبێك (وەك دەگوترێت) ئەو هەموو شانامە و شانازییەی رابردووی هەبێت، ئێستا حاڵی گەیشتبێتە ئەوەی بە هەڕەشە و نانبڕین خەڵك ناچار بکات دەنگی پێ بدەن، تۆ بڵێی ئێستا لەچ بارودۆخێكدا بێت؟ بۆ پرسیار لەخۆیان ناكەن زۆر لەوان جەبەرووتترو فیلەتەنتر هەبوو لەماوەی شەو و رۆژێكدا مێژوو هەڵیگێڕانەوە، تۆ بڵێی ئەمانەی ئێرە چاوەڕێی چی بكەن؟

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار