چی تر دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟
یەک مانگ لەمەوپێش
سلێمان مستەفا حەسەن
پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەتی لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان ڕوو بەڕووی چەندین ئاڵنگاری و قەیران بۆتەوە، بۆیە هەموومان چاوەڕێ بووین هەڵبژاردنی خولی شەشەم ببێتە سەرەتایەک و دەرچەیەک بۆ دەرچوون لەو بۆشاییە یاسایی و دۆخە نەخوازراوە، لە ئێستادا چاوەڕوانییەکان ڕوو لە دەرنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانن، بۆ چارەکردنی لانی کەمی پرسە هەڵواسراوەکان و قەیران و ئاڵنگاریەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و جیهان، ئەرکی حزبە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانیانە لەپەرلەمان بۆ چاکسازی و رێکخستنەوە و هەموارکردنەوەی چەند یاسایەکی گرنگ بەتایبەتی یاسای (پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان) .
قەیران و ئاڵنگاری زۆروزەوەندەکان کە یەخەی هەرێمی کوردستانیان گرتووە لە دەرنجامی بە هەڵە ئەزمونکردنی بنەماکانی دیموکرسی لە پرۆسەی حوکمرانی ٣٢ ساڵەی پێشوویدا، سەرەتا و دەستپێکی ئەو کارەساتەش لە پرۆسەی بە حزبیکردنی دامەزراوە نیشتیمانیەکان بە هەرسێ دەسەڵاتەکەیەوە (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری) دەستیپێکردوە، بێگومان دەسەڵاتی چوارەمیش (ڕاگەیاندن) ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری بۆتەوە کە وایکردوە نەتوانێت بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و چاودێری پرۆسەی حوکمرانی و بەرجستەکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و هاوکار و تەواوکاری سێ دەسەڵاتەکەی تر بێت.
سەرەتا گەر بە کورتی پۆڵێن و خاڵبەندی قەیران و ئاڵنگاریەکان بکەین، نەبونی متمانە لە ناو هێزە سیاسییەکان و درێژەدان بە کێشە کۆنەکان و بە شەخسیکردنی تێڕوانینە سیاسەکان، بە جۆرێک کە کار گەشتۆتە ئاستێک ئینتیما و هەواداری بۆ حزب لە پێش ئینتیما و هەواداریە بۆ نەتەوە و نیشتیمان، کە حەڵاڵ و حەرامی نەهێشتۆتەوە لە فەرهەنگی ئێمەدا. خەریکە حزبایەتی دەبێتە مەزهەب، بۆ هەر هەنگاوێک و بۆچون و روئیاێک کە ئاراستەیەک هاوڕانەبێت لەگەڵ بۆچونی سیاسی حزبەکان، ئەوا بێ سێ و دوو چەمکی خاین و خۆفرۆش و کافر حازر بەدەست و ئامادەیە بخرێتە پاڵیان.
فەرهەنگی خۆبەخاوەن زانین و خاوانداریەتی کورد و کوردستان و حکومەت و نەخوێندنەوەی یەکتری و سودوەرنەگرتن لە ڕاوبۆچوونە جیاوازەکان بۆتە خاڵێکی نەرێنی لە دۆزی هەرێمی کوردستان، سەرەتای هەموو گرفت قەیرانەکانیش لێرەوە سەرچاوەیان گرتوە .
زۆرینەمان هاوڕاین هەرێمی کوردستان لایەنێکی سەرەکی بنیاتنانەوەی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٤ بوو، ئەم ئەزمونەش بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی ١٠٠ ساڵەی خەڵکی کوردستان ، لە ئێستادا کێشەو گرفت و قەیرانی قوڵی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا، کە پێویستی بە چارەسەرە لەڕووی دەستوری و یاسایی و کارگێڕیی و داراییەوە، لەسەر ئاستی ناوچەکەش حزبەکان بەسەر بەرەی جیا جیا و دەوڵەتی جیاجیا دابەشبوون، کە ئەمەش بۆتە لایەنێکی نەرێنی لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا و یەکێکە لە قەیرانەکانی تری هەرێم، لە غیابی نەبوونی روئیایی نیشتمانی و بەهەند وەرنەگرتنی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئاستی جیهانیش گەرچی کورد بەگشتی هاوسۆزێکی زۆری لەگەڵەدایە بەتایبەتی پێشمەرگە و شەرڤان و گەریلا بونەتە رەمزی جوانی و بەرەنگاری بەتایبەتی لەجەنگی دژی داعشدا، بەڵام گرفت هەیە و قەیران هەیە، متمانە لە نێو حزبەکاندا نییە، خۆخۆری و بوون بە بەردەباز بۆ وڵاتانی ناوچەکە جێگای نیگەرانی و هەڵوەستەیە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوی لەسەر هەرێمی کوردستانە و داواکارە هەرێمی کوردستان پابەندی بنەماکانی دیموکراسی بێت، لەوانەش ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و پێکهێنای هێزێکی نیشتیمانیی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە، ئەوانە داواکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەناویشیاندا داواکاری دۆستەکانیەتی.
بۆیە گەر بپرسین چیتر دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، چی تر دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئایا ئاسۆی نەخشەی سیاسی چوار ساڵ دیار و مژدەبەخشە لە کاتێکدا هیچ حزبێک زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستنەهێناوە، هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنها کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنێت، کەواتە گەر باسی داواکاری و چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان و ئەرکی ئەم قۆناغە بکەین، ئایا دەرفەت هەیە تەلیسمی قەیران و ئاڵنگاریەکان بشکێنرێت و دەرفەتی نوێ دروستبکرێت؟ بە تێڕوانینی ئێمە بۆ رزگاربوون لەم بارودۆخە پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر، سەرەتا ئامادەکردنی نەخشەرێگای کاری هاوبەش و مۆرکردنی ئەو بەڵگەنامەیە کە نەخشەرێگەی ڕاستکردنەوەی پرۆسەی حوکمرانی و گێرانەوەی متمانەبێت، کە ببێتە بەردی بناغە بۆ کار و بەرنامەی کاری چوار ساڵەی حکومەتی هەرێم و قۆناغی راگوزەر، ئەم بەڵگەنامەیە بەرنامەی کار و دەستووری کاربێت، کە بەڕای ئێمە دەکرێت هەموو حزبەکان بەشداریان پێبکرێن بۆ ئامادەکردنی یان لە کۆتایی وەک چاودێر و شاهید بن بەسەر ئەم بەڵگەنامەیە کە ئەمانەی خوارەوە لە خۆی بگرێت:
یەکەم: چوارچێوەی یاسایی، رێکەوتن لەسەر نوسینەوەی دەستور و سپاردنی ئەم ئەرکە بە کەسانی شارەزاو پسپۆڕ، هەروەها چەند یاسایەکی گرنگ بەتایبەتی، هەموارکردنەوەی یاسای پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کە ببێتە خاڵی سەرەتا بۆ گێرانەوەی متمانە لە نێوان حزبەکان و بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیران ئاڵنگاریانە، هەر تایبەت بە چوارچێوەی یاسایی رێکەوتن لەسەر ئامادەکردنی بەڵگەنامەی دەستەبەرکردنی مافە دەستوریەکان، گەر هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لەناو عێراق و خەڵکەکەی دەنگی بۆ ئەو دەستورە داوە و سەرکردەکانی دەوری باڵایان هەبووە لە نوسینەوەی، کەواتە پێویستە ئێمەش وەک کورد پابەندی دەستووربین، لەهەمانکاتدا دەستبەرداری مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان نەبین، ئەم پرسە زۆر گرنگە و کۆتایی بە کۆمەڵێک قەیران و ئاڵنگاری گەورە دێنێت.
دووەم: پەیوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم بابەتە گشتگیرە هەموو پرسەکان دەگرێتەوە لەوانە (یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و هتد) بەهەندوەرگرتنی تایبەتمەندی هەر چوار دەسەڵاتەکە (دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، دەسەڵاتە هاوبەشەکان و دەسەڵاتە باس نەکراوەکان)ە، ئەزموونی دوای پەسەندکردنی دەستوور پێمان دەڵێت، ئێمە وەک کورد قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوونمان تێنەپەڕاندووە، پێویستە پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان رێکبخرێت، نەک بەپێی بەرژەوەندی حزبەکان و کەسە سوودمەندەکان، لە ئێستادا گرنگترین کاری لە پێشینەیە کە حزبەکان لەسەر چوارچێوەی خاڵە سەرەکییەکانی ئەم پرسە رێکبکەون، گەرنا دۆڕاوی سەرەکی خەڵکی کوردستان دەبێت لەم پرسەدا، بۆ ئەمەش دەبێت بە ئاشکراو بە روونی نوقتە لەسەر پیتەکان دانبدرێن.
سێیەم: دەسەڵاتی دادوەری و دەستە سەربەخۆکان، شاراوە نییە لەماوەی رابردوو باس لە کەموو کوڕییەکانی دەسەڵاتی دادوەری بەگشتی و دەستەسەربەخۆکان کراوە، بۆ ئەمەش پێویستە لێکتێگەیشتن و رێکەوتن هەبێت، دەبێت دەسەڵاتی دادوەری و دەستەسەربەخۆکان بکرێنە دامەزراوەی نیشتمانیی سەربەخۆ.
چوارەم: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، رێکەوتن لەسەر رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم: رێکەوتن لەسەر بە نیشتیمانیکردنی تەواوەی دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکان.
شەشەم: رێکەوتن لەسەر دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان و کارکردن و دەستەبەرکردنی بنەمای مافی هاوڵاتی بوون لەم نیشتیمانە، دوورخستنەوەی فەرهەنگی حزبی بوون لەناو کایە گشتییەکانی ژیان و کار.
حەوتەم: رێکەوتن لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادی رۆژنامەگەریی و ئازادی کاری سەندیکا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەستەبەرکردنی زەمینەی کار بۆیان.
هەشتەم: رێکەوتن لەسەر دانەوەی مافی فەرمانبەرانی هەرێم کە بە هەر هۆکارێکەوە زەرەرمەندبوون لە پاشەکەوتکردنی مووچەکانیان لەرێگای دروستکردنی حسابی بانکی و بە یاساییکردنی ئەم بابەتە.
نۆیەم: رێکەوتن بە پێداچونەوەی تەواوی سێکتەرەکان و دانانی نەخشە رێگە بۆ چوارساڵ و ئایندە لە سێکتەری (پەروەردە، خوێندنی باڵا، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، تەندروستی، بیمەی کۆمەڵایەتی و هەلی کار و رێگاو بان و ئاو کارەبا ....
دەیەم : ڕێکەوتن بکرێت لەسەر کۆی پرسە هەڵواسراوەکان ، بەرنامەی کارو نەخشە رێگەی کابینەی دەیەم ، بەرنامەکاری حکومەتی هاوپەیمانی بێت ، حکومەتی شەراکەت و بەرپرسیاریەتی هاوبەش بێت ، لەناو نەخشە رێگەی بەڵگەنامەی کاری ئایندیی زەمانەتی یاسایی بدرێت لە پابەند بوون پێیانەوە .
بەبێ رێکەوتنی پێشوەختە لەسەر نەخشە رێگەو دەستووری کار کە بەڵگەنامەیەک بێت بۆ تێپەراندی ئەم بارو دۆخە و پر قەیران و ئاڵنگاریە ، ناتوانرێت باسی پێکهێنای کابینەیەکی خزمەتگوازارو سەرکەوتوو بکرێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان ،ناتوانرێت باسی هەرێمێکی یەکگرتوو بکرێت ، ناتوانرێت باسی ئارامی و ئاوەدانی و بەیەکەویی بکرێت ، بۆیە دەبێت تای هەڵبژاردن و ئاڵنگاری و قەیرانەکان بە پاراسیتامۆڵی لە خۆبردویی و بەرژەوەندی گشتی تێپەرێنرێت ، ئەمەش کارێک مەحاڵە بەبێ رێکەوتنی پێش وەختە لەسەر نەخشە راێگا و بەرنامەی کاری ئایندە لە نێوانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەدیبێت.