خه‌باتی چه‌کداریی، ڕێبازێکی باونه‌ماو و شکستی بەردەوام

شێرکۆ کرمانج

2 ڕۆژ لەمەوپێش



خه‌باتی چه‌کداریی، ڕێبازێکی باونه‌ماو و شکستی بەردەوام

شێرکۆ کرمانج

لە بەشی پێشووی ئەم زنجیرە وتارە باسمان لە دوو دەرکەوتەی نەرێنیی خەباتی چەکداریی کرد و گوتمان خەباتی چەکداریی حەتمییەتی پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان دێنێتەگۆڕێ لەگەڵ لەدەستدانی جڵەوی بزووتنەوەکان و ئاراستە فکریی و ئایدیۆلۆجییەکانیان. لەم بەشەدا، سەرەتا باس لە خەباتی چەکداریی دەکەین وەک شێوازێکی خەبات کە باوی نەماوە. دواتر باس لەوە دەکەین کە چۆن خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ بزووتنەوە کوردییەکان.

 

ڕێبازێکی باونه‌ماو

کورد وەک گرووپێکی ئیتنی-نەتەوەیی زیاد لە سەد ساڵ دەبێت پەنای بردۆتە بەر خەباتی چەکداریی، بۆ نموونە بزووتنەوەکانی: شێخ عوبەیدوڵای نەهری(١٨٨٠)؛ سمکۆی شکاک (١٩١٨-١٩٣٠، پچڕپچڕ)؛ شێخ مەحموودی حەفید (١٩١٩-١٩٤١، پچڕپچڕ)؛ شێخ سەعیدی پیران(١٩٢٥)؛ بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥)؛ شۆڕشی ئەیلول(١٩٦١-١٩٧٥)؛ شۆڕشی نوێ/گوڵان(١٩٧٦-١٩٨٨)؛ شۆڕشی ڕۆژهەڵات(١٩٧٩-١٩٨٦)؛ تەباخی پەکەکە (١٩٨٤-تا ئێستا). بەکورتی، کەم تا زۆر لە سەد ساڵی ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانیان. بەڵام هەر هەموویان سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەیان بەدەست نەهێناوە. لەڕاستیدا، ئەو دوو ئەزموونەی کە ئێستا لە باشوور و لە ڕۆژاڤا بەرجەستەن هیچیان بەرهەمی خەباتی چەکداریی نین.

دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە خەباتی چەکداریی ئەزموونی سەرکەوتووی لە جیهاندا نەبووە. شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی/نیشتیمانیی: جەزائیر(١٩٥٤-١٩٦٢)؛ چین(١٩٢٧-١٩٤٩)؛ کوبا(١٩٥٣-١٩٥٩)؛ ڤێتنام(١٩٤٥-١٩٧٥) و زیمبابۆی(١٩٦٤-١٩٧٩) نموونەی سەرکەوتووی ئەم شێوازەن لە خەبات. بەپێچەوانەوەش، ئەزموونی ناکوردی سەرنەکەوتووش هەن، بۆ نموونە خەباتی ڕزگارییخوازی: گەلی تامیل لە سریلانکا (١٩٨٣-٢٠٠٩)؛ گەلی سەحارا لە مەغریب(١٩٧٥-تا ئێستا) و گەلی فەلەستین لە ئیسرائیل(١٩٤٨- تا ئێستا).

خه‌باتی چه‌کداریی، ئەوەی وەک "شه‌ڕی پارتیزانی"یش ناسراوە، شێوه‌ خه‌باتێکی نوێ بوو له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست هێز و لایه‌نه‌ "شۆڕشگێڕ"ە چەپ و کۆمۆنستییه‌کان دایان هێنا و له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌ نەتەوەیی-نیشتیمانییه‌کانیش لاسایی کرایه‌وه‌. بەڵام وه‌ک شێوازێکی خه‌بات شه‌ڕی پارتیزانی بە کۆتایی سەدەی بیستەم له‌ که‌م شوێنی دنیا باوی ماوه‌. هه‌ندێک ڕێکخراوی چه‌پ له‌ ئه‌مریکای لاتین، وەک بزووتنەوەی فارک (FARC) لە کۆڵۆمبیا تا چەند ساڵێک لەمەوبەر درێژەیان بە شەڕی چەکداری دا، بەڵام ئەوانیش لە ٢٠١٦ دا ڕێککەوتنێکی ئاشتیان لەگەڵ حکومەت واژۆ کرد و دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ لە شەڕی چەکداریی چەکیان دانا. شۆڕشگێرەکانی تامیل تایگەرس لە سریلانکا تا ٢٠٠٩ شەڕی پارتیزانیان پەیڕەو دەکرد، بەڵام بەداخەوە لەوێ بەبێ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی حکومەتی سریلانکا بەسەریاندا زاڵ بوو. حەماس لە فەلەستین سەرەڕای ئەوەی کە کەرتی غەززە لەڕووی ئیدارییەوە بەڕێوە دەبات کەچی درێژە بە خەباتی چەکداریی دەدات. دوا گەڕی خەباتی چەکدارییان لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ دا بوو، بەڵام ماڵوێرانییەکی وای بۆ فەلەستینییەکان لێ کەوتۆتەوە کە تەنیا لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ هەزار فەلەستینی کوژراون کە بەشی هەرە زۆریان مەدەنین.‌ په{‌که}‌که‌ و پژ*اک، هه‌ردووکیان ئێستاکانه‌ بە پچڕپچڕیش بێت درێژه‌ به‌م شێوه‌ خه‌باته‌ ده‌ده‌ن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەشدا کە هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات و پاک و لایەنەکانی دیکەش لەژێر فشارێکی زۆردان و سەنگەرەکانیان دوای فشار لەلایەن دەوڵەتی ئێران و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ چۆڵکرا بەڵام بیرۆکەی خەباتی چەکداریی بەتەواوی وەلانەنراوە.

له‌وانه‌یه‌ هەندێک کەس بپرسن، ئەی مه‌گه‌ر ڤێتنام، چین، کوبا، نیکاراگوا، هتد، هەموویان له‌ ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری ڕزگاریان نه‌بوو؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، به‌ڵێ. ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەدی بۆ ناکرێت لە کوردستان درێژە بەم شێوازە لە خەبات بدرێت و بۆ باوی نەماوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێیین، نابێت ئه‌وه‌ له‌بیربکرێت که‌ دنیای ئه‌و سه‌رده‌مە دنیای دوو-جه‌مسه‌ریی بوو. زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی جه‌مسه‌رێک‌ وای ده‌خواست که‌ پشتیوانی تەواو له‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازیی گه‌لێک یان وڵاتێکی داگیرکراو، ڕسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، تا سه‌رکه‌وتن، بکات، ئەویش بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لەگەڵ پشتیوانی دیبلۆماسی و میدیایی. هاوکات هاوکێشەی هێز، هێزی ڕزگاریخواز لەلایەک و هێزی داگیرکەر لەلاکەی دیکە، لە ئاکامی پشتیوانی دەرەکی و سروشتی هاوکێشەکانی هێز لەو سەردەمەدا زۆر لێک نزیکبوون. بۆیە، سەرکەوتنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان مەحاڵ نەبوو.

له‌ ڕێگای خه‌باتی چه‌کدارییەوە چه‌ند وڵاتی دیکه‌ش وه‌ک جه‌زایر و لیبیا، وەک نموونە، له‌ ژێر ده‌ستی کۆڵۆنیالیستی فه‌ره‌نسی و ئیتالیی ڕزگاریان بوو. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌، به‌ڵام ده‌بێ بزانین که‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌ سوننەتییەکان وه‌ک بەریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیا‌ مانه‌وه‌یان له‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالکراوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و زه‌ره‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگاند. هه‌رکاتێک ته‌رازووه‌که‌ به‌لای زه‌ره‌رێکی کۆنتڕۆڵنه‌کراوبا ئه‌وه‌ وڵاته‌که‌یان به‌جێده‌هێشت. زۆرجار له‌ ڕێی خه‌باتی چه‌کداریی ئاکامێکی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌هاته‌پێش و وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌که‌ ناچار به‌ ده‌رچوون ده‌کرا، وەک ئەوەی کە فەرەنسا لە جەزائیر و ئیتاڵیا لە لیبیا و بەریتانیا لە کینیا کردی.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا زۆر گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین له‌ په‌یوه‌ند به‌ بارودۆخی داگیرکردنی وڵاتانی کۆڵۆنیالکراو و داگیرکردنی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکارییەکان له‌ بنه‌ڕه‌تدا جیاوازن. کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانێکه‌وه‌ داگیرکراوه‌ که‌ خاکی کوردستان به‌ به‌شێکی سه‌رەکی وڵاته‌که‌ی خۆیان داده‌نێن، که‌چی فه‌ره‌نسا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی کۆڵۆنیالیست به‌ده‌گمه‌ن وڵاته‌ داگیرکراوه‌کانیان به‌ به‌شێکی نه‌پساوه‌ی وڵاته‌کانیان داده‌نا. خۆ ئەگەر ئەوەشیان لە قۆناغێکدا کردبێت، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای دامەزراندنی، ئەو تێگەیشتن و وەسفەی بۆ داگیرکارییە ئەوروپییەکان هەڵوەشاندەوە. هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو جیاوازییە، ئەوەیە کە وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌کان بەگشتی هاوسنوور نەبوون لەگەڵ وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردستان-دا هاتووه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا به‌ کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی (internal colonialism) ناوده‌برێت. ئێره‌ شوێنی ده‌رخستنی هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوان کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی نییه‌، بێجگە له‌وه‌ی که‌ گوتمان وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌ به‌ به‌شێک له‌ خاکی خۆی ده‌زانێت بەڵام لەوەش ترسناکتر و جیاوازتر ئەوەیە کە خاکه‌ داگیرکراوه‌که، کوردستان لەم حاڵەتەدا،‌ به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ده‌زگا نێودەوڵەتییه‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌به‌شێک له‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ ناسراوه نەک وڵات و خاکێکی داگیرکراو‌.

خاڵێکی دیکه‌ی جیاوازی دۆخی کوردی ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر که‌م گرنگی بە زه‌ره‌ری مانه‌وه‌یان له‌ کوردستان دەدەن، چونکه‌ لێخۆشبوون له‌ کوردستان به‌ شکان له‌ سەروەریی نیشتیمانی خۆیان دەزانن. بۆیە زۆر جار بە لەناوچوونی خۆیان دێنەپێش، لای ئەوان گرنگ ئەوەیە کوردستان ڕزگاری نەبێت و بە مافەکانی نەگات. بێجگه‌ له‌مانه‌، ڕای گشتیی و میدیای ئازاد له‌م وڵاتانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ فشاری ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروستبکه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکییه‌کان و میدیاکه‌یان کردیان له‌ کاتی جه‌نگی ڤێتنام. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تورکیا ‌زیاتر لە ٤ ترلیۆن دۆلاری له‌ شه‌ڕی کوردستان سه‌رف کردووە. ڕای گشتی و میدیای تورکیا نه‌ک هه‌ر دژی شه‌ڕ نین‌ به‌ڵکوو ته‌واوی بزووتنه‌وه‌که‌ی کوردستان به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. حکومه‌تی عێراق له‌ پێناو له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی باشووری کوردستان لە 197٥ به‌شێکی خاکی عێراقی به‌خشیه‌ ئێران. جمهوریی ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ نزیک بە دە ساڵێکە لەژێر گەمارۆی ئابوورییە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بەتایبەتی لە لایەن ئەمریکاوە، هاوکات ڕێژه‌ی ئاوسانی (التضخم) ئابووری له‌ ١٠٠٪ تێپه‌ڕیکردوه‌ که‌چی له‌ هیچ شتێک ناسڵه‌مێته‌وه‌ له‌ ڕاوه‌دونان و کوشتنی کادیر و پێشمه‌رگه‌کان له‌م  دیو یان ئه‌و دیوی سنووری ڕۆژهەڵات.

هەر چۆنێک بێت، له‌ دیدی ئه‌وروپا و "دنیای ئازاد" دا، خه‌باتی چه‌کداریی نه‌ک هه‌ر باوی نه‌ماوه‌ به‌ڵکوو زۆر به‌دناو کراوە‌. له‌یلا زانا و سەلاحەدین دەمیرتاش و عه‌بدوڵا ئۆجەلان هه‌رسێکیان سەرکردەی کوردن و له‌ کوردستانی بنده‌ستی تورکیا خه‌بات ده‌که‌ن بۆ مافه‌کانی کوردستانییان. کەچی له‌یلا زانا و دەمیرتاش له‌به‌رئه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌کارناهێنن له‌ خه‌باته‌که‌یاندا کاتێک‌ دەگیرێن، ئەوا هه‌موو ئه‌وروپا له‌سه‌ر کردارێکی لەو جۆرە لە دژی دەوڵەتی تورک به‌جواب دێن و شەرمەزاری دەکەن. لەڕاستیدا، دەمیرتاش لە ئەوروپا و ئەمریکا وەک ئۆبامای کورد ناسرابوو. که‌چی ئۆجەلان له‌به‌رئه‌وه‌ی وەک سەرکردەی گرووپێکی چه‌کداریی ناسراوە کە پەیڕەو لە شەڕی پارتیزانی دەکات، ئەوا نەک هەر لەکاتی گرتنی کەس بەرگریی لێ نەکرد بەڵکوو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەشێک بوون لە پلانی دەستگیرکردنی. پێش گیرانیشی، کاتێک چوو بۆ ئه‌وروپا نه‌ک دوژمنانی کورد به‌ڵکوو دۆسته‌کانیشی به‌ هانایەوە نه‌هاتن.

بۆیه‌، کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ زمانی زه‌مانه‌ بدوێت و دژایه‌تی ڕه‌وتی جیهانی نه‌کات ده‌بێت به‌‌ شێوازه‌کانی خه‌باتی خۆیدا بچێته‌وه‌ و بزانێت که‌ شێوه‌ خه‌باتێکی باونه‌ماو ناتوانێت گوێگر و پشتیوانی له‌ خه‌باته‌که‌ی له‌ دنیای بڕیاربه‌ده‌ست بۆ په‌یدابکات.

 

شکستی به‌رده‌وام

زۆربه‌ی حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان خه‌باتی چه‌کداریان به‌ به‌رزترین و شکۆدارترین قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان ناساندووه (لە بەشەکانی دیکە دەگەڕێینەوە سەر ئەم پرسە)‌. له‌ هه‌مانکاتدا به‌ درێژایی مێژوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ (لێره‌ مه‌به‌ستمان پێشمه‌رگه‌ی شاخه‌) تاکه‌ هێزی به‌رگریکه‌ره‌ نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستان به‌ڵکوو لە شه‌ره‌ف و ناموسی کورد‌.

من له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌ کوردستانییان ده‌بێت به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه ‌و واقعیانه‌ی دوور له‌ هه‌ست و سۆزی کوێرانه‌ی کوردانه‌ به‌ مێژووی کوردستان-دا بچنه‌وه‌ و بزانن ئایا به‌ڕاستی هێزی پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی ئه‌م ئه‌رکه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ شاخ ببینێت؟ به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئایا له‌ توانایدا بووه‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ قورسه‌ بخاته‌ سه‌ر شان؟ به‌ خستنه‌ڕووی چه‌ند نموونه‌یه‌ک هه‌وڵده‌دین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌.

مێژووی کورد پڕه‌ له‌ نموونه‌ی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی خه‌باتی چه‌کداریی. بزووتنەوە چەکدارییەکەی 1974-1975 له‌ باشووری کوردستان نموونه‌یه‌کی زه‌قه‌. به‌ شایه‌دی هه‌موو لایه‌ک گه‌وره‌ترین بزووتنەوەی چەکداریی بووە لە کوردستان،‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ژمارەی چەکدار و به‌جه‌ماوه‌ریی بوونیدا. بزووتنەوەکە زیاتر له‌ ١٠٠ هەزار چه‌کداری هه‌بوو. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە ژمارەی کورد لە باشووری کوردستان لەوکاتدا لە دەوروبەری دوو ملیۆن بوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەشی هەرە زۆری هاونیشتیمانیانی باشووری کوردستان، لە تەمەنی ١٨ بۆ ٣٠ ساڵانەوە، چەکداری بزووتنەوەکە بوون. سەرەڕای ئەوە، هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست پێ کردنی شەڕ لە ئازاری ١٩٧٤ تا ئازاری ١٩٧٥ ڕۆژانه‌ له‌ پاشه‌کشه‌دا بوو. ئەوە بەو مانایە نییە کە هێزی پێشمەرگە لەو ماوەیەدا هیچ سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە کە لەسەرەتای شەڕ، بۆ نموونە، لە بەرەی هەولێر چیای سەفین لەبەردەستی هێزی پێشمەرگە بوو، بەڵام دوای نزیک بە ساڵێک لە شەڕ، گەلی عەلی بەگ-یش گیراو و شەڕ لە نزیک ڕەواندوز دەکرا. له‌ ڕاستیدا ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ شه‌ڕ زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستانی چۆڵ کرد. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌‌ قه‌بوڵ بکه‌ین که‌ بزووتنەوەکە‌ به‌ پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوبرا، خۆ ناکرێ بەرگریی له‌ شکسته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی لە مەیدانی شەڕدا بکرێت. ڕاسته‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ش به‌ده‌ستهاتووه‌ له‌ پێکدادانه‌کاندا، وه‌ک شه‌ڕی هەندرێن و ده‌یان داستانی قاره‌مانانه‌ی هه‌موو شۆڕشه‌کانی کوردستان. به‌ڵام پێوەرە سەربازییەکان ئەنجام دەپێون. بە واتایەکی دیکە، بردنه‌وه‌ی‌ پێکدادان (معرکه‌) گرنگ نییه‌، به‌ڵکوو بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ (حرب) گرنگه‌.‌ ئه‌نجام له‌سه‌ر شه‌ڕ ڕاده‌وه‌ستێت نه‌ک پێکدادان.

دوابه‌دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی‌ 1979، به‌شێکی زۆری خاکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، بە شارە گەورەکانی وەک سنە، سەقز، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، هتد... وە، له‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو، حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە. که‌چی پێشمه‌رگه‌کانی حیزب و کۆمه‌ڵه‌ نه‌یانتوانی شەش مانگ زیاتر به‌رگری له‌ شارە گەورە‌ ئازاده‌کان بکه‌ن. تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو لێره‌و له‌وێ نه‌بێت پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات بوونێکی ئه‌وتۆی نه‌ما. لەژێر فشار بنە و بارەگاکانیان هێنایە باشووری کوردستان. لێرەدا ئاماژەمان بەو کورتە-شۆڕشە چەکدارییانەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکرد کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو سەریان هەڵدا و تەنیا چەند مانگێکیان خایاند، چونکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ڕەوشی پرسەکان نەبوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەوانیش بەشێکن لە شکستی خەباتی چەکداریی.

له‌ ساڵی 1984 په‌*که*‌که بانگی ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی ڕاگه‌یاند، پێش بزووتنەوەکەی ١٥ تەباخی پە+کە+کە، لەنێوان ١٩٢٠ تا ١٩٣٨، لانیکەم ١٩ بزووتنەوەی چەکداریی دیکە لە باکووری کوردستان شکستیان خواردبوو. ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ ده‌رسیان له‌ هه‌ڵه‌کانی شۆڕشه‌کانی پێش خۆیان لە باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان وه‌رگرتووه، که‌چی لە کۆتایی نه‌وه‌ته‌کان هێزێکی ئەوتۆیان له‌ باکووری کوردستان نه‌ما کە شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داگیرکەری تورک بکات و لە قووڵایی تورکیادا گورز لە سوپای داگیرکەر بوەشێنێت، بەتایبەتی دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان، کە بەتەواوی سه‌رکردایه‌تی و بنکردایه‌تیان گواسته‌وه‌ ناوچه‌کانی خواکورک و قه‌ندیل له‌ باشووری کوردستان.

ڕاستە له‌وکاته‌وه‌ به‌به‌رده‌وام خۆڕاگریی بێوێنەیان نواندووە لە دژی هێزەکانی تورکیا کە ساڵانە ئۆپەراسیۆن لە دژی گەریلاکان ئەنجام دەدات، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەوڵەتی تورکیا ئەوە بۆ ماوەی بیست ساڵ دەچێت هێزە چەکدارەکانی پە=کە=کەی لە هێزێکی هێرشکەرەوە کردووە بە هێزێکی بەرگرییکەر، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ستراتیج و تاکتیکی شەڕی پارتیزانی یەکناگرێتەوە. پارتیزانەکان دەبێت خۆیان بڕیار بدەن کە کەی شەڕ دەکەن، لە کوێ شەڕ دەکەن؛ ئەوە پارتیزانەکانن کە ئامانج دیاری دەکەن نەک دوژمن. بەڵام ئەوەی ئێستا لە خەباتی چەکداریی لە باکوور هەستی پێ دەکرێت و دەبینرێت هیچ خسڵەتی شەڕی پارتیزانی پێوەدیار نییە. دیارە هۆکارەکە زانراوە، ئەویش ئەوەیە کە هاوكێشەی هێز زۆر لارە بە لای داگیرکەری تورکیادا، بەتایبەتی دوای گەشەپێدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).

درۆن بەتەواوی هاوكێشەکانی هێزی گۆڕی و یاسا و ڕێسای گەمەکانی ئاوەژوو کردەوە، بۆیە وەک چۆن لە بەشی ڕابردوو و لەم بەشەدا هەندێک هۆکارمان خستەڕوو کە چۆن خەباتی چەکداریی نەهامەتهێن بووە بۆ خەڵکی کوردستان، بەهەمانشێوە، گەشەپێدان بە درۆن و باڵادەستی داگیرکەرانی کوردستان لەم بوارەدا، وەک ئاکامە نەرێنییەکانی دیکەی خەباتی چەکداریی، دەبێت ببنە مایەی بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ڕێبازەکانی خەبات. درۆن خەباتی چەکداریی لە شەڕی پارتیزانییەوە گۆڕی بۆ شەڕ لە تونێلەکان، ئەمە بۆ فەلەستینییەکانیش هەر ڕاستە. شەڕ لە تونێلەکان زۆر زەحمەتە ببێتە مایەی وەگەڕخستن و ڕابەرایەتیکردنی جەماوەر، وەک چۆن چێ جیڤارا و فیدێل کاسترۆ لە کوبا؛ ماوتسی تۆنگ لە چین و هۆشی منە لە ڤێتنام، کردیان.  

نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی ‌زه‌قی بێتوانایی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ بەرگریکردن له‌ کوردستان خۆڕانه‌گرییان بوو له‌به‌رابه‌ر دژه-‌هێرشه‌کانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991. بێجگه‌ له‌ به‌رگرییه‌کی کورت له‌ دوزخورماتوو و ده‌وروبه‌ری کفری له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌ی کوردستان هێزی پێشمه‌رگه‌ بەرخۆدانێکی وای له‌خۆی نیشان نه‌دا.

هیوادارم ئه‌م ڕوونکردنه‌وانه‌ و خستنەڕووی ئەم ڕاستییانە وەک تانە و بێڕێزییکردن بە پێشمەرگە و گەریلا لێک نەدرێتەوە. من وەک پێشووتر ئاماژەم پێ کرد، گومانم لە دڵسۆزی و قارەمانی پێشمه‌رگه‌ و گەریلاکان نییە. بەهەمان شێوە ئەو قسە و گفتوگۆیانە یەک زەڕە بێڕێزیی نییە بە خوێنی شه‌هیده‌کان و ڕۆحی فیداکارانه‌ی پارتیزانه‌کانی کوردستان، چونکه‌ من ڕێزی بێپایانم هه‌م بۆ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان، هه‌م بۆ زیندوه‌کان، هه‌یه‌. پێشم وایه‌ گەریلا و پێشمه‌رگه‌کان جوامێرترین و خۆنەویسترین ڕۆڵه‌کانی کوردستانن و ڕێزلێنان له‌ خوێن و ڕابردوویان ئه‌رکی هه‌موو کوردستانییه‌که‌. به‌ڵام، من پێموایه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خۆگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعیانه‌ی ڕابردوو، یه‌که‌م هه‌نگاوه‌ بۆ تێپەڕاندنی ئه‌و نەهامەتییانەی به‌سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدا دێن.

ڕاستییه‌کی تاڵ هه‌یه‌ ده‌بێت درکی پێ بکه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان توانای سه‌ربازیی و لۆجستیکی و ته‌کنۆلۆجیای شه‌ڕیان زۆر له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا زیاتره‌. پێشمه‌رگه‌ به‌ کلاشینکۆف چی پێ ده‌کرێت له‌گه‌ڵ هەلیکۆپته‌ر و فڕۆکەی جەنگی و ده‌بابه‌، ئێستا درۆنیشی هاتە سەر. وره‌و له‌خۆبردویی چین له‌به‌رابه‌ر چه‌کی کیمیاوی و درۆن. ده‌بێت دیسان ئه‌وه‌ بڵێم من لێره‌دا مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی سه‌ربازی ڕاهێنراوی پڕچه‌ککراو نییه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان یان لە ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژاڤا ده‌کرێت بکرێت به‌و هێزه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کبخرێت و ڕێگه‌ی پێبدرێت، به‌ڵکو مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی پارتیزانی گه‌ڕیده‌یه‌ له‌ شاخه‌کان. دیاره‌ نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بکه‌ین که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمیش ڕێگه‌ی پێنادرێت خۆی پڕچه‌ک بکات، ئه‌وه‌ ساڵانێکە‌ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراقی له‌ هه‌وڵی سنووردارکردن و تواندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ناو سوپای عێراق-دا.

هەم هێز‌ی پێشمەرگە، هەم گەریلاکانی کوردستان، که‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دروستکراون، له‌ کاته‌ هه‌ره‌ پێویسته‌کان وه‌ک ئه‌نفالکردنی کورد له‌ باشوور لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ ڕەشەکوژیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ لە ڕووخاندن و چۆڵکردنی زیاتر له‌ چوار هەزار گوند له‌ باکوور لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، نه‌یانتوانی کورد له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بپارێزن. ئه‌وه‌ مانای ئه‌وە نییه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ بێ وره‌بوون، ترسنۆک و خۆڕاگرنەبوون، به‌ڵکوو ئەمە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ زۆر قورستره‌ له‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا بتوانن پێی هه‌ڵبستن. به‌کورتی هه‌موو ئه‌و کاره‌سات و نەهامەتییانە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یەنێت که‌ خه‌باتی چه‌کداریی شه‌ڕێکی دۆڕاوه‌ و شێوازێکی نه‌زۆکه‌ بۆ خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی.

لە بەشی داهاتوودا بە ئیزافەی قسەکردن لەسەر چەند نەهامەتییەکی دیکە وەک ئاکام و دەرکەوتەی خەباتی چەکداریی، شرۆڤەی ئەوە دەکەم کە بۆچی داگیرکەرانی کوردستان حەز دەکەن کە کورد دەست بۆ چەک درێژ بکات و پەیڕەو لە خەباتی چەکداریی بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار