لە نێوان لیوا و قەزادا (سەبارەت بە ڕۆژی بە قەزابوونی کفری، چەند سەرنجێک)
جواد خەلیل
2 كاتژمێر لەمەوپێش
جواد خەلیل
بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا، بۆچوونێکی هەڵەی مێژوویی سەبارەت بە مێژووی بە قەزابوونی کفری برەوی پێدراوه و وا خەریکە هەوڵ دەدرێت وەک ڕاستیەکی مێژوویی بیچەسپێنن و هەر لە سەر ئەو بنەمایەش ساڵانە یادی بەقەزابوونی کفری بکرێتەوە. وەک کەسێک کە ساڵانێکە بە مێژووەوە سەرقاڵم، بە پێویستی دەزانم (بگرە بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم) ڕێگە لە ساختەکارییەکی وا بگرم و نەهێڵم هەڵەیەکی مێژوویی وا بە ئاسانی تێپەڕ ببێت و لەنێو خەڵکدا وەک ڕاستیەک پەسەند بکرێت و بچەسپێت.
بۆچوونەکە دەڵێت: (بە پێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی، ڕۆژی ۲۱ی تشرینی دووهەمی ١٨٥٣ کفری بەفەرمانێکی ڕاستەوخۆی سوڵتانی عوسمانی بووە بە قەزا)، بەم پێیەش بێت ئەمساڵ (٢٠٢٤)دەبێتە یادی (۱۷۱) ساڵەی بەقەزابوونی کفری! ئێستا با ساختەبوونی ئەم زانیارییە ڕوون بکەینەوە و هەنگاو بە هەنگاو دەری بخەین کە بۆچی ئەم بۆچوونە هەڵەیە و دەچێتە خانەی ساختەکردنی مێژووەوە؟! بەڵام پێش ئەوە دەمەوێت ئەوەش بڵێم: ڕێککەوتی ۲۱ی تشرینی دووهەم نەک تەنها ڕۆژی بەقەزابوونی کفری نیە، بەڵکو ڕۆژی بە لیوابوونیشی نیە، بەو پێیەی ڕێککەوتە عوسمانیەکە کە (۱۹ی مانگی سەفەری ۱۲۷۰) ی کۆچیە، لە نەزانینەوە کراوەتە (۲۱ی تشرینی دووهەمی ١٨٥٣) و بەرامبەردانانێکی هەڵەیە و بەهەڵەدابردنی ڕۆژی بە لیوابوونەکەیشیەتی!
جیاوازی نێوان سەنجەق و لیوا لەگەڵ قەزادا چیە؟
عوسمانیەکان هەر لە ساڵی (١٤٥٣) ەوە، بۆ فەرمانڕەوایکردنی ناوچەکانی ژێردەستیان پشتیان بە سیستەمێکی پلەبەندی پێنچ ئاستیی بەست، بەرزترین ئاستی نێو ئەم سیستەمی ئیدارەدانە ئەیالەت بوو، پاشان (سەنجەق/لیوا، قەزا، ناحیە، گوند). واتا وەک چۆن ئەیالەت لە سەنجەق بەرزتر بوو و هەر ئەیالەتێک لە چەند سەنجەقێک پێک دەهات، ئاوهایش سەنجەق لە قەزا گەورەتر بوو و هەر سەنجەقێک لە چەند قەزایەک پێک دەهات.
سەرچاوەی ئەم هەڵە تێگەیشتنە چیە؟ چۆن ڕۆژی بە لیوا کردنی کفری بە ساڵڕۆژی بەقەزابوونی کفری دادەنرێت؟
بە پێی بەڵگەنامە عوسمانیەکان ساڵی (١٨٥٣) ز کفری قەزایەک بوو لە چوارچێوەی ئەیالەتی شارەزووردا، بەهۆی فراوانی و گرنگی ناوچەی گەرمیانەوە کە هەر چوار قەزای (کفری، دووز خورماتوو، قەرەتەپە، زەنگاباد)ی لەخۆدەگرت، بەرپرسانی ئەیالەتی شارەزوور بە باشیان زانی ئەم چوار قەزایە لە لیوایەکدا کۆبکرێنەوە و قەزای کفری ببێتە ناوەندی لیواکه. بۆیە کۆنووسی ئەنجوومەنی باڵای ئەحکامی عەدلیە لە (۷ مانگی سەفەری ۱۲۷۰) بەرزکرایەوە بۆ سەدری ئەعزەم، لە بەرواری (۱۸ی سەفەری ۱۲۷۰کۆچی) بەرامبەر بە (۱۹ی تشرینی دووهەمی ١٨٥٣ی زایینی) کۆنووسەکە خرایە بەردەستی سوڵتان و دوای ڕۆژێک و لە (۱۹ی سەفەر کە دەکاتە ۲۰ی تشرینی دووهەم) ئەویش ئیمزای لەسەر کرد، قایمقام و مدیر و تیمار و قازی تازەشی بۆ بەشەکانی سەنجەقەکە دەستنیشانکرد، هەرچەندە سەرەتا ناوی لیواکە کفری بوو بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ لیوای زەنگاباد. لیوای کفری لەم ماوەیەدا چوار قەزای لەخۆ دەگرت تاوەکو ساڵی (١٨٦٦) و هەڵوەشاندنەوەی ئەیالەتی شارەزوور، لەو ساڵەوە قەزاکانی لیواکە کەمکرایەوە بۆ دوو قەزا کە ئەوانیش قەزاکانی: ( کفری و زەنگاباد) بوون. لە ساڵی (١٨٦٨) یش ناوی یەکە کارگێڕییەکان لە لیواوە گۆڕدران بۆ سەنجەق( سنجاغ بە تورکیی عوسمانی) . بەڵام ئەمە زۆری نەبرد و لە بەغدا مەدحەت پاشا، کە لە نێوان ساڵانی ( ١٨٦٩-۱۸۷۳) والی بەغدا بوو، دەستی کرد بە ئەنجامدانی چەندین چاکسازی و هەوڵی کەمکردنەوەی لیوا و قەزاکانی دا، لەو چوارچێوەیەشدا لیوای کفری/زەنگاباد بچووککرایەوە بۆ قەزا و وەکو پێش ساڵی (١٨٥٣) لێ هاتەوە، سەنجەقداری کفریش دەسەڵاتەکانی کەمکرانەوە بۆ دەسەڵاتی قایمقام.
لە دوای ساڵی (۱۸۷۳) کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە لە یەکە ئیدارییەکاندا ئەنجام درا، ژمارەی سەنجەقەکان کەمکرانەوە بۆ (۸ ) سەنجەق و سەنجەقەکانی دیکەش کران بە قەزا و بەشێک لە قەزاکانیش لە نێویاندا (قەزای قەرەتەپە)کرانەوە بە ناحیە، لیوا کوردییەکانیش کە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون، لەگەڵ دامەزراندنی ویلایەتی موسڵ لە ساڵی (۱۸۷۹) بوون بە بەشێک لەم ویلایەتە نوێیە، واتا قەزای کفری دوای ئەوەی لە لیوا خرابوو کرابووە قەزا و ناوەکەشی لە ساڵی (١٨٧٥) گۆڕدرابوو بە (سەڵاحیە) و هەر سێ ناحیەی ( ناحیەی ناوەندی کفری، ناحیەی قەرەتەپە و ناحیەی داودە)ی بۆ مابووەوە، ماوەیەک سەر بە سەنجەقی شارەزوور بوو لە ویلایەتی بەغدا؛ بەڵام لە ساڵی (۱۸۷۹) ەوە بوو بە قەزایەک لە سەنجەقی شارەزووری سەر بە ویلایەتی موسڵ.
لە ساڵی (۱۸۹۰) ناحیەی داودە هەڵوەشایەوە و دوو ساڵ دواتر ناحیەی دووزخورماتوو جێی گرتەوە، کاتێک لە ساڵی (۱۹۱۸) ئینگلیزەکان هاتنە کفری، ناوی قەزاکەیان لە سەڵاحیەوە کرد بە کفری، بەڵام قەزای کفری بەهۆی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و ناکۆکیەکانی سەر ویلایەتی موسڵەوه، ناجێگیری لە سنورە ئیدارییەکەیدا دروستبوو، تاوەکو لە (۱۱ی تەمموزی ۱۹۲۳) بڕیاری لکاندنی سلێمانی و کفری و ناوچە کوردییەکانی دیکەی دا بە عێراقەوە و ساڵی دواتر بە ناردنی(٥) ئەندامی لیوای سلێمانی و لەنێویشیاندا نوێنەری کفری بڕیاڕەکە جێبەجێکرا، ئەم ناجێگیرییە تاوەکو ناردنی لیژنەیەک لە لایەن کۆمەڵەی گەلانەوە لە شوباتی( ١٩٢٥) بەردەوامی هەبوو، بەمەش کفری بوو بە قەزایەک لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.
دەرئەنجام
لەم گێڕانەوە مێژووییەوە، دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە کفری ساڵی (١٨٥٣) قەزا بووە، ئەو بەڵگەنامە عوسمانیەی کە بەهەڵە و ساختەکاری هەوڵ دەدرێت بکرێتە ڕۆژی بە قەزابوونی کفری ڕێککەوتی بوون بە لیوای کفرییە نەک قەزا و ڕۆژەکەشی ۲۰ ی تشرینی دووهەم دەکات نەک ۲۱ی تشرینی دووهەم، بێگومان ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ بەراوردکردنی ساڵنامەی کۆچی بەرامبەر زایینی لە ساڵی ١٨٥٣، واتا بەڵگەنامەکە دروستە و تێیدا باسی قەزای کفری کراوە و قایمقامێکی نوێی بۆ دانراوە کە لە یەککاتدا ببێتە فەرمانڕەوای هەر چوار قەزاکە بە هەمان دەسەڵاتی سەنجقدارەوە تا لە هەمان کاتدا لیواکەش بە ویستی سوڵتان ئیدارە بدرێت، تەنانەت ناوی (نەفتچی زادە عومەر بەگ وەک قایمقام و محەمەد ئەفەندی وەک کاتیبی ئەیالەت و مەحمود ئەفەندی وەک کاتیبی دارایی و دانانی کاتیبی فارسی و عەرەبی) یش هاتووە و پلە و مووچەکانیان بە قڕوش دیاری کراوە، هەروەها باس لە دانانی چاوشێک و ۱۸ نەفەری زەبتیەی پیادە کراوە بۆ کۆکردنەوەی داهات. بەڵام لێکدانەوەکان بۆ ئەم بەڵگەنامەیە هەڵەن و جێگۆڕکێ لە نێوان قەزا و لیوادا کراوە، نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو بەراوردکردنی ڕۆژەکەش بە ساڵنامەی زایینی بە هەڵە کراوە! هەروەها ئەو نووسراو و داواکارییەش کە ماوەیەک پێش بوون بە لیوا بەرزکراوەتەوە بۆ بابی عالی، ئاماژەی بەوەکردووە کە کفری قەزایە. بە گوێرەی بەڵگەنامەکە سوڵتان زۆر بە ڕوونی فەرمانی بۆ لیوا دەرکردووە و ناوی هەر چوار قەزاکەی لیواکە لە فەرمانەکەدا هاتووە، وەک ئاماژەشمان پێکرد لیوا لە چەند قەزایەک پێک دێت و لە قەزا گەورەترە و ناکرێت ئەم دووە وەک یەک بژمێردرێن، ناکرێت مێژووی بوون بە لیوا لەگەڵ قەزادا تێکەڵ بکرێت تەنها لە پێناوی ئەوەی ئێستا ئەوەی هەیە قەزایە نەک پارێزگا، دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بەو مێژووە هەڵەیەوە و تەنانەت بۆ یادکردنەوەی بە لیوا بوونی کفریش ناشێت و ڕاست نیە!
ئەی چ کاتێک کفری بووە بە قەزا؟ ئەمە ئەو بابەتە مێژووییەیە کە پێویستی بە بەدواداچوونی زیاترە لە نێو بەڵگەنامە عوسمانیەکاندا، کارێک کە من لە ئێستادا پێوەی سەرقاڵم و لە داهاتوودا زۆر بە وردی لەبارەیەوە دەنووسم، چونکە دیاریکردنی ڕۆژێکی وەها کارێکی وا ئاسان نیە و پێویستی بە هەبوونی بەڵگەی بڕواپێکراوی مێژووییە، کە بە دڵنیاییەوە پێش بوونی بە لیوا، کفری قەزایەک بووە سەر بە ئەیالەتی شارەزوور و پێشتریش سەر بە میرنشینی بابان بووه و پێگە جوگرافیەکەی هاندەر بووە بۆ بوونی بە ناوەندی یەکەیەکی کارگێڕی گرنگ.
لە بنەڕەتدا ئەم هەموو خۆگرتنە لە بڕیاردان لەسەر بابەتە مێژووییەکان بۆ ئەوەیە تاکو نەکەوینە نێو هەڵەیەکی مێژوویی زەقەوە کە دواتر بە زەحمەت بۆمان ڕاست بکرێتەوە، تکایە کاتێک لەبارەی مێژووەوە دەنووسن، ئارامگر بن و دەست بە بڕیاردان و یەکلاکردنەوەوە بگرن، تا دڵنیانەبنەوە لە چۆنێتی و ڕاستێتی بەڵگەکان هیچ زانیارییەک بڵاومەکەنەوە، لە پێناوی هیچدا نا، تەنها لە پێناوی ئەوەی مێژووییەکی شێوێنراو نەدەین بە خەڵکەکەمان و نەبین بە بەشێک لەوانەی لە پشتی ساختەکارییەکانی نێو مێژووی ئێمەوەن.