چەند غەریبە ئەم کوردە لە رۆژئاوا!

ئەحمەدی مەلا

4 مانگ لەمەوپێش



 

ئەحمەدی مەلا

 

لەو ناوچەیە، تەنها کورد بڕوای بە حوکمی مەدەنی هەیە، ژن بەشدارە لە مەیدانەکانی ژیان، سەیری ئایندە دەکات، بڕوای بە مرۆڤ و مرۆڤبوون هەیە، بڕوای بە عەدالەت هەیە، بڕوای بە ئیرادە هەیە و دواجار بڕوای بە پێکەوەژیان و ئازادی و دیموکراسی هەیە، دەست بۆ هەمووان درێژ دەکات و دەیەوێت ئاشتی و ئاساییش بەرقەرار بێت. بیر لە تۆڵە ناکاتەوە، خەمی راستەقینەی ئەو خەڵکە بێدەرەتانەیە.

 

ئێمە غەریب و تەنیاکانین!

مەخابن! لە ناو زەریایەکین پڕ لە قرشی مەزهەبی و تایفییە، لێوانلێوی ناسیۆنالیستی بیرتەسک و  ئیسلامەوی چەکدارە، دەستی تیرۆری دەوڵەت درێژە کە خاوەن تازەترین چەکوتفاق و درۆن و فڕۆکە و تانکە و پەلاماری هەموو کونوکەلەبەرێک دەدات.

لە ناو زەریایەکین لە هیچ لایەکییەوە، یەک زەڕرە مرۆڤدۆستی شک نابەین کە بە چاوی ئینسانییەوە سەیری ئێمە بکات. تەنانەت برا موسڵمانە کوردەکانیشمان چەند دەستوبردانە و ئامادە بوون ملیۆنان دۆلاری ئەمەریکی بۆ غەززەوییەکان کۆ بکەنەوە، کەچی، ئاوڕ لە برای خوێن و زمان، برای خاک و مێژووی خۆیان نادەنەوە.

چەند غەریبین لەو بیابانەی کە لە هەموو لایەکەوە نەیار وەک دومەڵان، دوژمن وەک مین لەبەر پێمان هەڵدەتۆقن!

لە عەفرین دەریانکردین، کەچی لە ئۆردوگاکانیش جێمان نابێتەوە، چەتەکانی تورک ئەگەر بۆیان بکرێت بە تەواویی قڕمان دەکەن، لەسەر ئەو جوگرافیایە دەمانسڕنەوە.

سەد هەزارجار مەخابن! تەنانەت لە پایتەختی هەرێمیشەوە برا کوردەکانمان گوێیان لە دەنگمان نییە، هەست ناکەن خوێنی ئێمەش وەکو هی وان سوورە، هەست ناکەن، ئەوانیش رۆژێک لە رۆژان تووشی چەرمەسەری و راکەڕاک بوون، تووشی کۆڕەوبوون!

 

چەند غەریبن!

بێ بەزییانە کەوتوونەیەتە نێو بەرداشی گەمەی زلهێزی نێونەتەوەیی و زلهێزە ناوچەییەکانەوە. لە جوگرافیاییەکی داخراوداین، لە هەموو لایەکەوە، بە بەرنامە پەنجەی گومان و هەڕەشە ئاڕاستەمان دەکرێت. ئەوەی ئێمەش دەمانەوێت سەرەتاییترین مافە: خوێندن بە زمانی دایک، بەڕێوەبردنی ناوچەکەمان، بوژانەوەی ژینگە، پەرەپێدانی پەروەردە، بە بێ گوێدانە مەزهەبگەرایی و رەگەز و ئاین، دروستکردنی پردی دۆستایەتی لەگەڵ دەوروبەر.

بۆچی ناشێ لە ناوچەکەی ئێمە دەوڵەتی هاوڵاتی دامەزرێنین، بایەخی هاوڵاتی لە سەرووی مەزهەب و ئاینەوە بێ، لە سەرووی نەتەوەپەرستی بیرتەسکییەوە بێت تاکو هەموو لەم پڕۆژەیەدا بەشدار بن؟ ئاخر پەراوێزخستنی ئەوی دیکە، کەمێک پەراوێزخستنی خودە.

دەبێت رۆژێ لە رۆژان دەوڵەتی تورک لەگەڵ کورد ئاشت بێتەوە، ددان بە بوون و مێژوو و کەلتوور و زمان و جوگرافیای کورددا بنێت؛ بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو گرێکوێڕەیە رزگاریان بێت و پێ بنێنە سەدەی بیستویەکەوە. لەم هاوکێشەیەدا تەنها کورد بارمتە نییە، بەڵکو تورکیش بارمتەی دەستی خۆیەتی.

بنیاتنانی ئەو ناوچەیە بە بێ کورد شتێکی نوقسانە، بە بێ سریانی شتێکی نوقسانە، بە بێ ئەرمەنی شتێکی نوقسانە، بۆیە، دەوڵەتی مەدەنی و هاوڵاتی تاقە پڕۆژەیە کە ئایندەی دەبێت و دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندن...

بەڵام، سەد مەخابن،

هەست دەکەین لە دورگەیەکین ئەژدەهای ئاو دەوری لێدواین.

چەند غەریب و تەنیاین!

ئاوارەین لەسەر خاکی خۆمان،

بەڵام، ورەمان بەرزە و راستە لە رۆژئاواین، بەڵام دواجار خۆر لێرەوە هەڵدێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار