ڕۆژئاوای کوردستان لە کوێی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە دەبێ؟
ھیوا سەید سەلیم
2 مانگ لەمەوپێش
ھیوا سەید سەلیم
بەر لەوەی بچینە سەر وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بە پێویستی دەزانین ئەوە بڵێین کە مەبەستمان لە گۆڕانکاری ناوچەکە لێکەوتەکانی شەڕی (رووسیا – ئۆکرانیا) و شەڕی (غەزە) و شەڕی (ئیسرائیل و حزب و اللە)، ھەروەھا لێکەوتەکانی ھەڵبژاردنی ئەمەریکا و سەرکەوتنەکانی بەرەی ڕاستڕەوە لە ھەڵبژاردنەکانی وڵاتانی ئەوروپادا، کە ھەریەک لەوانە کاریگەریان لەسەر ھاوکێشە سیاسییەکان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت.
ئاشکرایە کە ئەمساڵ لە ئەمەریکا ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجامدراوە، لەم ھەڵبژاردنەدا دۆنالد ترەمپ، سەرکەوتنێکی گەوەرەی بەدەستھێناوە، بەوەی ھەم لە ڕکابەرەکەی بردۆتەوە وە پارتەکەشی (کۆماری) زۆرینەی ھەردوو ئەنجومەنی (پیران و نوێنەران)ی بەدەستھێناوە. بۆیە لە کاتێکدا جیھان لە چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی ئیدارەی تازەی کۆشکی سپی دایە، ھەندێک لە کارکتەرەکانی نێو ململانێکانی ناوچەکە کار بۆ ئەوە دەکەن بارودۆخی سەرقاڵیی کۆشکی سپی بە تایبەت لە قۆناغی ڕاگوزەری دەستاودەستی دەسەڵاتدا ئەجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن، ھەر واشیان کرد.
رۆژی 27ی نۆڤێمبەری 2024 ئاگربەستی دوو مانگەی نێوان ئیسرائیل و حزب اللە ڕاگەیەندرا، ھاوکات لەگەڵ ئەو ئاگربەستە لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان پێشھاتێکی تازە ھاتەپێش، ئەویش دەست ئاوەڵاکردنی ھێزەکانی بەرەی ڕزگاری شام بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی دووەم گەورە شاری سوریا (حەلەب)، وە دەرھێنانیشی بوو لە ژێر دەستی دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دوای ئەم ڕووداوەش ھێزە وابەستەکانی تورکیا کە خۆیان بە (سوپای سوریای ئازاد) ناساندووە، پەلاماری ناوچەیەکی بەرفراوانیان لەژێر دەستی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)دا ، بە ھۆی ئەو پەلامارەشەوە جگە لە خەڵکی ناوچەکانی ( شەھبا و تەل رەفعەت)، بە ھەزاران کەسی سڤیلیان کە خەڵکی عەفرین و دەوروبەر بوون، بۆ جاری سێیەم لەو ناوچانە دەربەدەر کردەوە.
ئەو دۆخەی لە سوریا ھاتۆتە پێش گواستنەوەی مەیدانی ململانێی ئەو جەنگانەیە کە لە پێشەوە ئاماژەمان پێداون. لەوبارەیەوە ڕووسیا بە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیلی دەزانێت، ئێران وەک مەترسی لەسەر خۆی دەیبینێت، ئەوەی کە ڕوونیشە ئەوەیە کە رێکەوتنی ئەستانە لە نێوان (ڕووسیا و ئێران و تورکیا) لەگەڵ کەوتنی حەلەب کۆتایی پێھات.
ئیستا کە لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە گەیشتین با بزانین ڕۆژئاوای کوردستان لە کوێی ئەم گۆڕانکاریانەدایە؟
وەک دەزانرێت، ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی دیکە لە دوو بەرەوە شەڕ بەردەرگای پێگرتۆتەوە، بەرەی یەکەم ئەوەیە لە حەلەب کە ئاڵوگۆری ھێز ڕوویداوە ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) کەوتونەتە بەردەم پڕیشکی ئاگری ھێزەکانی بەرەی رزگارکردنی شام، بەڵام دوای دوو ھەفتە لەو پێشھاتانە ھێشتا ھەسەدە پارێزەی دوو گەڕەکی گەوەرەی حەلەب (ئەشرەفیە، شێخ مەقسود)ن، پرسیارەکە لێرەدایە ئایا ھەسەدە تا سەر دەتوانێت ئەو ناوچەیە بپارێزێت یان پەلکێشی شەڕ دەکرێت؟
پێدەچێت مانەوەی ھەسەدە لەو بەشەی شاری حەلەب بەشێک بێت لە رێکەوتنی پشتی پەردە و لایەنی نێودەوڵەتی لە پشتی ئەو ڕێکەوتنە بن، ئەگەرنا تا ئێستا ئەو ھێزانە کە نەشئەی سەرکەوتن مەستی کردوون پەلاماری ئەو ھێزەی (ھەسەدە)یان دەدا.
بەرەی دووەم کە شەڕی ھەسەدە دەکات بریتیە لەو ناوچانەی کە لە ڕۆژئاوای فورات کەوتونەتە بەر ھێرش و پەلاماری ھێزەکانی نزیک لە دەوڵەتی تورکیا ئەوانیش ناسراون بە (سوپای سوریای ئازاد)، ئەو ھێزە گۆڕانکارییەکانی پارێزگای حەلەبی قۆستۆتەوە تا لە ناوچەکانی (منبج، تل رەفعەت، شەھبا) کە کەوتونەتە ڕۆژئاوای زێی فوراتەوە پەلاماری ھێزەکانی ھەسەدە بدات.
شایانی باسە، تا ئێستا دوو ھۆکار بوونەتە ھۆی ئەوەی کە بۆ ھەسەدە ئاسان نەبێت بەرگری لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای فورات بکات، یەکەمیان ئەوەیە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەو ناوچانە بە ناوچەی پارێزراوی خۆیان نازانن، دووەمیش ھەڵکەوتەی جوگرافی ھەریەک لە (تەل رەفعەت، شەھبا)یە، کە ساڵانێکە بە ھێزەکانی تورکیا گەمارۆدراون، بۆیە ھەسەدە ناچار بوو لەم دوو شوێنە بە بێ بەرگری پاشەکشە بکات، بەڵام ھەوڵی پاراستنی منبج دەدات. لە ئێستادا کە ھێزەکانی بەرەی ڕزگاری شام بەرەو شارەکانی حەمما لە پێشڕەویدان ئەگەر لەوێ بگیرسێنەوە، ئەوا سیماکانی دابەشکردنی سوریا بۆ سەر سێ ھەرێم (سوونی، عەلەوی، کوردی)دەردەکەون. ئەگەرنا دەبێت ڕۆژئاوای کوردستان خۆی بۆ سیناریۆی 2014 و ھاتنی داعشێکی تازە ئامادە بکات. بەڵام سیناریۆی یەکەم نزیکترە لە واقع، بەڵگەش ئەوەیە کە ھێزەکانی ھەسەدە ھاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی حەلەب و ڕۆژئاوای فورات بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵتی لە دەڤەری دێرەزوور خەریکی ئازداکردنی ناوچەی بەرفراونترن لە ژێر دەستی ھێزەکانی ڕژێمی ئەسەد.