پرسی گەلان و گەمەی جیۆپۆلەتیک
د. سەردار عەزیز
2 مانگ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونکە خاوەن زلهێزی هەرێمیی خۆی نیە و لە جێگایەکی ئێجگار ستراتیژی دونیادایە و لە پاش کەوتنی عوسمانییەکان وەها داڕێژرایەوە کە هەرگیز توانای باڵادەستی نەبێت، هەمیشە بە دەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە زیان بە هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە دەگەیەنێت ئەویش پەیوەندی پرسی گەلان و یاریی جیوپۆلەتیکییە.
بۆ نمونە با سەیری پرسی گەلانی سوریا بکەین. سورییەکان کە لە ٢٠١١ ڕاپەڕین، ئامانجیان نەبوو ببن بە تیرۆریست یان جاشی تورکی یان ژێردەستەی ڕوس یان کۆیلەی ئێران. بەڵکو دەیانویست ئەسەد بڕوات و خەڵک حوکم بکات. بەڵام یەکەم دەستوەردان و تێکدەری ئەم ئامانجە کەنداوییەکان بوون. هەڵکشانی وڵاتۆچکەکانی کەنداو لە ڕێگای پارەی ئاسانی نەوتەوە، لە ئەنجامدا کردنی بە یاریکەرێکی گرنگی ناوچەکە.
ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم وڵاتۆچکانەی کەنداو ئەوەیە کە هەرگیز هیچ گەلێک بە مافی خۆی نەگات لە ناوچەکە، هەتا نەبێت بە مۆدێلێک و چاوی لێبکرێت لە لایەن گەلانی ئەوانەوە. بۆیە هەر لە تونسەوە هەتا کوردستان بە پارە و خۆکوژ و بیری دژە دیموکراسی و میدیا و زۆر ئامرازی تر دژ بە خواستی گەلانن. لە ڕێگای سێینەی چەک، پارە لە گەڵ بیری خۆکوژیدا؛ هەژاریی و نەداری ئەم گەلانە دەقۆزنەوە بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆ.
پاش کەنداو وڵاتانی ئیقلیمی دێت
کە سوریا بووە لانکەی شەڕی ناوخۆ، وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران و ڕوسیا، پێکەوە دەستیان کرد بە دانوستان لە میانەی پرۆسەی ئەستانەدا. کە ئەمڕۆ لە دەوحە کۆدەبنەوە. ئەم کۆبونەوانە زیاتر لە ٢٠ جار ئەنجامدران، جگە لە دژایەتی کورد، یەک تەنها خاڵ نەبوو لە سەری ڕێک بکەون.
لە ڕاستیدا ئامانجی کۆبونەوەکان چۆنێتی بە دەستهێنانی ئامانجەکانی ئەو وڵاتانە خۆیان بوو لە سەر حسابی گەلانی سوریا. نوکتە بێتامەکە لەوێدایە، هەر یەک لەم وڵاتانە باس لە کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی دەکەن، کەچی خۆیان زۆر دڕندانە تر مامەڵە دەکەن لەگەڵ گەلانی تردا.
ئەم دوانەی پرس و خواستەی گەلان و یاری و بەرژەوەندی جیوپۆلەتیکی لە ئەنجامدا خواستی هەموو گەلانی ناوچەکە لە ئامانجی خۆی دوور دەخاتەوە و دەیانکات بە سوتەمەنی ململانێکانیان.
ئەمەش لە پرسی کورددا زۆر خەست و قوڵە، چونکە کاتێک ئەوانە دەدوێنێت کە لە جەنگی ناوخۆی کوردیدا بەشدارییان کردوە، هەموویان پێت دەڵێن کە چۆن ئێران گوایە هاوکاری هەردولای کردووە بۆ بەردەوامی شەڕەکە.
بەداخەوە هەم گەلان و هەم نوخبەی ناوچەکە بە خواست و ویستی خۆیان یان بە دروستکردنی ململانێی پوچی ناکۆتای خۆیان دەبنە داشی ئەم گەمە جیوپۆلیتیکیانە.