مەلای دوانزە عیلم و بانگخوازی دوانزە جەهل (٣)
پەیکار عوسمان
4 ڕۆژ لەمەوپێش
پەیکار عوسمان
مرۆڤ کائینێکی کولتوورییە و کولتووریش لایەنی مادی و مەعنەوییە و هەمووشی پێکەوە ژیانی ئێمەیە. مەسەلەن مرۆڤ، هەم ڕم و ڕاو دائەهێنێ، هەم خودای ڕم و دوعای ڕاو. لە سەرەتاییترین کەرەستە و چیرۆکەوە، تاکو گەورەترین ئاین و فەلسەفە و زانست.. هەمووی هەر جوڵەی ژیان و دەروون و عەقڵ و زمانە. ئیتر لە ئاستێکدا جوڵەیەکی داهێنەرە و لە ئاستێکیشدا چەقبەستە و تێپەڕاندنی ئەوێ.
نیچە فەیلەسوفی نوخبەیە، چونکە زۆرینە هەمیشە لە زمانێکی شکاودایە. مارکس فەیلەسوفی زۆرینەیە، چونکە زۆرینە، هەمیشە زمانەکەی شکێنراوە نەکئەوەی خۆی شکاو بێت. ئینجا فەزیلەتی وەسەت و ئەرستۆیی ئەوەیە، زمانێک دابهێنین، کە بەشی ئازادی و خۆداهێنان، زمانی نیچەیی بدا بە هەر مرۆڤێکی تاقانە. بەشی عەدالەت و هەرەوەزی و هاوسۆزییش، زمانی مارکسی بدا بە هەمووان وەکو گشتێک.
"بیرکردنەوە" لە پێویستییەوە هاتبێ، یان لە ترس و ئازارەوە، یان لە مردن و خەمی وجودییەوە، یان لە کار و بەرهەم و پەیوەندی و بەرکەوتنەوە، یان لە سروشت و داتای هەستەکانەوە، یان لە بان سروشت و وەحییەوە، یان لە لۆژیک و ڕێکخستنەوە، یان لە هەموویەوە.. دواجار زمان نێوەندگیرێکە و خودی بیرکردنەوە ئەکاتە شتێکی مومکین.
"زمانی ئینسانی" تەنێک نیە بیگرین و بڵێین ئەوەیە، بەڵکو هەر ئەوەیە کە بجوڵێ و نەوەستێ و نەشکێ. زمانی "نائینسانی" زمانی داکوتینی یەکترە، شکاو و وەستاوە و توانای پەیوەندی نەماوە. هەر لە سەرەتاشەوە، هەموو حیکمەتەکان هەر بۆ ئەوە هاتوون، کە زمانی داخراوی چەقبەست و پچڕان، بەرزبکەنەوە بۆ زمانی کراوەی ژیان و پەیوەندی.
ئەگەرچی هیچ فیکرێک بان ڕەخنە نییە و ڕەخنەگرتن لە ئەرستۆش قۆناغێکی گرنگی گەشەی فیکرە، بەڵام ئەشگوترێ: فیکری ئەفلاتۆن بدا لە هەر جێگایەک دوائەکەوێ و فیکری ئەرستۆ بدا لە هەر جێگایەک پێش ئەکەوێ. ئەمەش بڕێک ڕاستی تێدایە، لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە: چونکە ئەرستۆ یەعنی بیرکردنەوە "لێرە"، بەڵام ئەفلاتوون یەعنی بیرکردنەوە "لەوێ". دەی ئێرە نزیکترە لەوێ، کاتێکیش کە عەقڵ نزیکە لە خۆمانەوە، ئیتر کاراترە.
هەڵبەتە ئەفلاتۆن ناکرێتە دەرەوە، بەڵکو ئەبێ بچێتەوە جێگای خۆی، جێگای خۆیشی ئەوەیە کە دوورە. ئەوەی کە ئەبێ نزیکبێ لێمانەوە، زانست و لۆژیک و عەقڵ و ئەزموونە. ئەوەی کە ئەبێ دووربێ لێمانەوە میتافیزیک و ئایدیال و خەیاڵە. هاوسەنگی ئەوەیە عەقڵی نزیکمان نزیک و عەقڵی دوورمان دووربێت. تا ئەمیان قسەی هەبێ، ئەویان بێدەنگ بێت. کە عەقڵی نزیکمان وەستا، ئینجا عەقڵی دوورمان بدوێ و ئاسۆکان فراوان بکاتەوە.
ئەگەرچی ئەفلاتۆن پێش ئەرستۆیە و مامۆستاشیەتی، بەڵام ئەبێ پاشوپێشیان پێ بکەین و لەپێشا ئەرستۆ بدوێ. ئەمەش مانای ئەوە نییە ئەفلاتۆن بچوک بکەینەوە، بەڵکو ئەمانەوێ وێنەکە هاوسەنگ بکەینەوە. واش هێشتا هەر ئەفلاتۆن زەخمترە، چونکە ئیشی ئەو فراوانکردن و کشاندنە، لەکاتێکا ئیشی ئەرستۆ پۆلێن و پێوانە و سنوردارکردنە.
ئاگاداربە، باسی دوو فەیلەسوفی ڕاستی ناکەم، ئەوە مەجازێکە باسی کۆی فیکری پێ ئەکەم، کە نیوەی ئەچێتە ژێر باڵی ئەمیان و نیوەی ئەچێتە ژێر باڵی ئەویان. باسی دوو شتیش ناکەم بە جیا، باسی هەردوکیان ئەکەم لە زماندا و لە تۆدا، بەڵام بە ڕێکخستنەوەی ئەوەی کە کامیان لەکوێدا بدوێ.
هاوسەنگی لەوێوە تێکدەچێ و دۆگم لەوێوە دەسپێدەکا، کە عەقڵی دوور پێش عەقڵی نزیک بدوێ. کە ئەشگوترێ عەقڵی دینی تەخەلوفە، مانای دژەدینی و کافریی نییە، مانای ئەوەیە کە عەقڵی دوور لەپێشا دواوە و هەموو شتێکیشی بڕیوەتەوە. ئیتر ئیشی عەقڵی نزیکیش ئەبێتە پینە و بەڵگەکاری بۆ ئەوەی کە عەقڵی دوور وتویەتی. بە نەتیجە، ئیتر پێش ناکەوین و هەر بازنەیی دێینەوە شوێنی خۆمان و ئەیخولێنینەوە.
عەقڵی دوور ڕێک یەعنی عەقڵگەورەیی و بەرزبوونەوەی زمان، بەڵام ئەگەر پێشکەوێ، ئیتر زمان بچوک دەبێتەوە و دائەبەزێ بۆ خورافە و بۆ بچوکتر لە عەقڵی نزیکیش. بۆیە ئەبێ عەقڵی دوور دواخەین و بیبەینەوە ئەو شوێنەی، کە لەوێدا گەورەیە و گەورەشمان ئەکات. بەڵێ گەورەمان ئەکات، چونکە لە شوێنەکەی خۆیدا: یەکەم، ڕێی لە گەورەبوونی عەقڵی نزیک نەگرتووە. دووەمیش، دوای قسەکانی عەقڵی نزیک، هێشتا قسەمان ماوە و ئاسۆ فراوانە!
ڕۆشنگەریی کۆیی و ڕۆشنبوونەوەی فەردییش، کە ناوە دینییەکەی هیدایەتە و ناوە بێلایەنەکەی داناییە، هەر ئەوەیە کە لە پێشا عەقڵی نزیک بدوێ و ئیتر ڕێگاکە هەر نوێ و پێشکەوتن و ئەزموون و دۆزینەوەبێ.. لە پشتییەوە عەقڵی دووریش هەر بکشێ و فراوان ببێ و بکرێتەوە. ئیتر چێشتەکە چەنێک دەم بکێشی، دەفرەکەش ئەونە ئەکشێ.
ئەو خودایەش کە لە دەماری مل نزیکترە، دایمۆنەکەی سوقرات و دەنگی دڵ و ویژدانە، کە ئەکرێ ناوی بنێین (عەقڵی بەرز یان عەقڵی لێرە) کە نە زانستەکانی عەقڵی نزیک بەدیلیەتی و نە حیکایەتەکانی عەقڵی دوور، بەڵکو ئەڕوانێ بەسەر هەردوکیانداو هەمیشە لێرەیە، بە لێرەبوونی ئەویش ئێمە کامڵتر و مرۆڤترین، نەک بە هیچ شتێکی دوورو نزیک!
جەهل پەیوەندی بە خوێنەواری و نەخوێنەوارییەوە نیە، پەیوەندی بە پاشوپێشی عەقڵی دوور و نزیکەوە هەیە. یەعنی موسوڵمانەکان، ئەگەر هەر هەمووشیان بەقەت غەزالی خوێنەواربوونایە، هێشتا هەر لە شوێنی خۆیاندا ئەبوون. غەربیش ئەگەر هەر هەموویان بەقەت ئۆگەستین خوێنەواربوونایە، سەدەکانی ناوەڕاست هەر تاریک ئەبوو. چونکە تا ئێرا، عەقڵی دوور پێشکەوتووە و عەقڵی نزیک بووە بە پینەچی. کە لەکۆتاییدا تاقەتی پینەچێتییەکەشی نەماوە و چووە بۆ تەسەوف!
ابن ڕوشدیش لەوان خوێنەوارتر نەبوو، تەنیا ویستی ئەو پاشوپێشە بە عەقڵ بکات. مێژوو فرەییە و نە عەقڵی موسوڵمان بە غەزالی کۆتایی هاتووە و نە عەقڵی غەرب بە ابن ڕوشد دەستی پێکردووە، بەڵکو ئەوە نمونەیەکە بۆ تێگەیشتن لە دوو مۆدێلی ڕیزبەندی عەقڵ، کە یەکێکیان ئەڕوا بەرەو عەقڵی چالاک و یەکێکیان ئەڕوا بەرەو عەقڵی پاسیڤ.
هەر کۆمەڵگایەکیش، دینبازی تیایدا هەڵکشا، یەعنی عەقڵی نزیک لە کار کەوتووە و بووە بە پینەچی بۆ عەقڵی دوور. هەر بەمە، عەقڵی دووریش لە کشان کەوتووە و لە بچوکییەکانی دوێنێیدا وەستاوە و ئیشەکەی لە فراوانکردنی ئاسۆ و کشاندنی زمانەوە، بووە بە دەمارگیری و ترساندن و بتسازیی. بەکورتی یەعنی هەردو عەقڵەکە لەئیش کەوتووە. ئا لێرەشدایە کە قۆناغە دینییەکان ئەبێتە ساتە تاریکەکان، نەکئەوەی دژەدین بوختانی بۆ بکا و ماسۆنی موئامەرەی لێ بکا!
هەڵبەتە لەنێوان مۆدێلی ئەفلاتۆن و ئەرستۆدا، مۆدێلی ژیانییمان هەیە، یەعنی سەرەتا ژیان و مەشاعیر، ئینجا قاڵبەکانی عەقڵی نزیک، ئینجا خەیاڵاتی عەقڵی دوور. ئا لێرەشەوەیە کە نیتچە ڕقی لە مەسیحیەت بوو، چونکە عەقڵی ئەفلاتۆنی، هەنگاوێ هاتبووە پێش و عەقڵی ئەرستۆیی کوشتبوو، هەنگاوێکی تریش هاتبووە پێش و ئیرادەی ئازادیشی کوشتبوو.
عەقڵ فرەییە و جەهلیش لە نەخوێنەوارییەوە نییە، بەڵکو لە خوێنەواری جاهیلەوەیە بە "ڕیزبەندی عەقڵەکان". ئەوەی کە پاشوپێش بە عەقڵەکان ئەکات و عەقڵی دوور ئەهێنێتە پێش عەقڵی "ویژدانی و ژیانی و نزیک"، نەخوێنەوار نییە، بەڵکو زۆر خوێنەوارە. ئا لێرەوەیە کە داناکان، کێشەیان لەگەڵ فیقهچی و کەلامییەکان هەیە.. خۆ ئەمانە هەرە خوێنەوارەکانن، بەڵام تەواوی هێزی خوێنەواریی خۆیان، ئەخەنە خزمەتی ڕیزکردنێکی هەڵەی عەقڵەکان!
دانایی ئەوەیە کە عەقڵەکان لە شوێنی خۆیاندا دابنرێن. عەقڵی ویژدانی و ژیانی و شعوری لەجێگای خۆی، عەقڵی نزیکی ئەزموونی و لۆژیکی و ئەخلاقی لە جێگای خۆی، عەقڵی دووری فەلسەفی و دوورتری حەدسی لە جێگای خۆی. نادانیی ئەوەیە، ئەخیریان کە شوێنی ئازادی و ڕەهایی و کشانە، بیبەیتە سەرەتا و لەوێدا دۆگمی پێ دروست بکەیت. کێشەی میتافیزیک لە خۆیدا نییە، لە شوێنەکەیدایە!
ئەو جیاکردنەوەیەش ئاسان نییە، چونکە ئەوانە بابەتی و دەرەکی نین و سنور لەنێوانیاندا نییە. ئەو دەنگانە پێکەوە و بە تێکەڵی لەناو تۆدان و خودی تۆن. لەو ژاوەژاوە ناوەکییەشدا، ئیتر مەگەر هەر خودایەک فریامان بکەوێ، بەڵام بێگومان خودای دینەکان نا، چونکە خودای دینەکان گوێرەکەیەکی دەرەکییە وەکو ئەوەی سامری. دیندارەکان و ئایدۆلۆژیستە مۆدێرنەکان و هەموو پاکێجی دۆگماتیزم، مەحفەلی گوێرەکە پەرستەکانن، تەنیا گوێرەکەکەیان جیایە.
ئەو خودایەی کە فریامان ئەکەوێ، لەناو خۆتدایە و دانایی پشتی نادانییەکانە. بێدەنگیی پشتی دەنگەکانە. بە قەولی یۆگییەکان، ئەبێ هەموو دەنگەکان بێدەنگ بکەیت بۆ ئەوەی دەنگی بوون ببیستیت. دەنگی بوون، بیکەیت بە ژمارە، یەکسانە بە سفر، چونکە سفر بێلایەنترینە و شەڕو بت و دۆگمی لەسەر دروست نابێت. خوداش لەوێدایە، نەک لەو ئاستانەی زماندا، کە مەجالی بتسازیی و شەڕ و دەمارگیریی تێدایە!
بوون لە ئاستێکیدا ڕژاوێکی فرەییە و لە ئاستێکیدا یەکە و سیستەم کۆی دەکاتەوە و لە ئاستێکیشدا ئازاد و سفر و ڕەهایە. فرەیی ڕەبتە بە یەک و تا ئێرا بواری زانینە. بەڵام یەک ڕەبتە بە هیچ و بەوەوە کە نایزانین. ئەوەی لێمان ئەبێ بە خواو شەڕی بۆ ئەکەین، لەناو مەملەکەتی یەک و فرەدایە، لەکاتێکا خودا، واوەترە و ئاشتییەکەی ناو مەملەکەتی سفرە.
عارفەکان لە یەک زیاتر ئەڕۆن و ئەگەنە سفر، بۆئەوەی هیچ شتێک خۆی لێ نەبێ بە یەک و بت و دەمارگیری دروست نەبێ. داناکان دان بە یەکێتییدا ئەنێن لەپێناو فرەیی. ئەڵێن هەموو یەکین، بۆ ئەوەی جیاوازی ڕێزلێگیراوبێت و ئاشتی ببێتە ڕۆحی ژیان. بەڵام دەجالەکان یەک تۆخ دەکەنەوە لەپێناو ئیگۆ و بتی لێ دروست دەکەن. دان بە فرەییشدا ئەنێن لەپێناو جیاکاری و پەیوەندی زاڵێتی و هەرەمی پێ دروست ئەکەن. لێرەشەوە شەڕ ئەکەن بە ڕۆحی ژیان!
عەقڵانیەت ڕیزبەندییەکی دروستی عەقڵەکانە. ئینجا ڕاستگۆیی یان خودا؟ بێگومان ڕاستگۆیی، چونکە سەر بە ژیان و ئەزموون و عەقڵی نزیک و ئێستاو ئێرەیە. بەڵام هەرچی عەقیدەیە و لەبارەی خوداکانەوە وتراوە، ئەفسانەیە و سەر بە عەقڵی دوور و ئەوێیە. لە ڕیزبەندی هۆشیارییشدا، ئێرە پێش ئەوێیە. ئەمەش کفر نییە، خۆ ئایەتەکەش هەر وائەڵێ (هیچ شتێک بە کەڵکی ڕاستگۆکان نایەت جگە لە ڕاستگۆییەکەیان)!
بەڵام دەجالەکان ئینقیلابیان بە زمان و ڕیزبەندی عەقڵ کرد و ڕێک بەعەکسەوە، ئەوێییەکان ئەخەنە پێش ئێرەییەکانەوە و ئەشیکەنە ڕیزبەندی پیرۆز. ئیتر حیکایەتێکی ئەوێیی، لە تەواوی فیکر و زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان گرنگترە و ئەشڵێی بۆچی دواکەوتووین؟!
لە ڕاستییدا نابێ بڵێیت ڕاستگۆبە لەبەر بەهەشت و سزاو هیچ وتەیەکی عەقڵی دوور. ناشبێ بڵێیت ڕاستگۆیی لە وەحی خوداکانەوە هاتووە. ئەبێ بڵێیت ڕاستگۆیی خۆی ئێرە و ئامانج و پلە یەکە. لەپێناو ئەمەشدا هەر حیکایەتێک دائەهێنی بیهێنە، بەڵام بیرتنەچێ کە حیکایەتەکان پلەدوون و بۆ ئەوەن کە پلە یەکەکە کارابێت، نەک بۆئەوەی دوومەکەت لێببێت بە بت و گرێ!
ئیمان بە غەیب حیکمەتێکی گەورەیە و کەرێتییەکەی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام ئێمە خۆمان حەزمان لە کەرێتییەکەیە و دینبازەکانیش نانی لەسەر ئەخۆن. ئیمان بە غەیب، یەعنی با عەقڵی کردەیی و ویژدانی و ژیانیی و نزیک و دوور، ئیشی خۆیان بکەن نەک پینەچی خودابن. ئەو بۆیە غەیبە، بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی دابهێنێ، نەک ئەو بسەلمێنی.
کە دەستت کرد بە شوناسپێدان و سەلماندنی خودا، یەعنی خودات کردووە بە بابەتی دەرەکی و بە گوێرەکەی سامری. ساتی بە دەرەکییبوون و بە گوێرەکەبوونی خوداش، هەمان ساتی گەمژەیی و بەگوێرەکەبوونی ئینسانە، چونکە خودا باڵاترینی خودی خۆتە و کاتێ کە ئەو باڵایە ئەکەیتە دەرەوە، ئیتر تەنیا گزگلێک ئەمێنێتەوە. ئەو گزگلەش چەماوە و ئاسانە بۆ لێخوڕینی سیاسەتباز و دینبازەکان!
ئەو حەماقەت و دۆزەخەی کە زایۆنیزم و ئیسلامیزمی سوننە و شیعە، بەسەر ئینسانەکان و شارەکاندا ئەیهێنێ، هیچ نییە جگە لە فەسادی زمان و تێکدانی ڕیزبەندی عەقڵ. ئەگەر ئینسان پەروەردەی دروست بکرێ و عەقڵانیەت ڕیزبەندییەکی دروستی هەبێت، ئیتر ئەو هەموو مرۆڤە، کەرناکرێ بە ئایەتی زەوالی ئیسرائیل و بە حەدیسی شەڕی ئاخیرزەمان.. یان بە وەهمی هەیکەلی سولەیمان و ئەرزی میعاد.. یان بە هیچ یۆتۆپیا و ئایدۆلۆژیایەکی مۆدێرن.. چونکە کە ڕیزبەدی عەقڵ دروستبوو، ئیتر فلتەرە ناوەکییەکەی ئیش ئەکاو خۆی ئەتوانێ ڕەخنەی خۆی بکات.
ڕەخنە فلتەری زمانە لەناو زمان خۆیدا. کاتێ عەقڵی ڕەخنەیی ئەکوژرێ، ئیتر زمان فلتەری نامێنێ و چی هات بە دەم و بە گوندا ئەیڵێیت. ئەو زهنییەتە نەخۆشەی کە لە پاسدا بە ڕەگەزی بەرامبەر زەوقی هەڵئەسێ و پیاوەتی لە شەهوەتدا ئەبینێ، زمانێکە کە ڕیزبەندی عەقڵی تێدا فەسادبووە. ئەخلاقیش مناڵێکە لە ڕیزبەندییەکی دروستدا گەورەئەبێ. بۆیە ئیتر زمانێکی نائەخلاقییشە و زمانێکی غەریزی ڕووتە.
کولتور داهات بۆ پەروەردەکردنی غەریزەی ئینسان و گۆڕینی هەنێ لە سروشتە ئاژەڵییەکەی و داپۆشینی هەنێکی تری. کاتێ پلێتە کولتورییەکان ئەڕوا و پلێتە ئاژەڵییەکە، بێ پەردە و پەروەردە بێتە دەرەوە، یەعنی ئێمە گەڕاوینەتەوە بۆ پێش حەزارەت و کولتور و پەروەردە و بۆ پێش ئاینیش!
هەژموونی ئەو زمانە نزمەیە کە وایکردوە، ڕێژەی تەحەڕوش لە ئەفغان و میسر و کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا وا بەرزە. ئەوە زانست و مۆدێرنە و داروین و فرۆید نیە، ئەوە ئیسلامیزمە کە مرۆڤی کردووە بە تاکڕەهەند و بە دەعبایەکی سێکسی. زمانێکی وا نزمیش تەنیا بانگخواز ئەتوانێ هەیبێ، چونکە لە پێگەی پیرۆزییدایە و نزمییەکەی باجی نییە.