ڕەهەندە مێژووییەکانی پرسی کورد لە سوریا (لە ئینتیدابی فەرەنسیەوە بۆ چەکدارانی تەحریر شام)
دوێنێ
جواد خەلیل
ڕۆژئاوا بەشێکە لەسەر زەمینی کوردستانی گەورە، پێش دروستبوونی دەوڵەتی سوریا و پێش هاتنی عەرەبە موسڵمانەکانیش بۆ نێو ئەم خاکە، کورد لەوێ ژیاوە و خودان شارستانیەت و کلتور و زمان و پێگەی خۆی بووە.
لەسەرژمێری حەسەکەی ساڵی (۱۹٦۲ز) زیاتر لە (۱۲۰ هەزار) هاوڵاتی کورد ناسنامەیان لێ وەرگیرایەوە و بە سوری هەژمار نەکران و دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا گیرا، بەمەش مافی خوێندن و مافی گەشتکردن و مافی دامەزراندن لە فەرمانگەکان و مافی هاوسەرگیری یاسایی و زۆرێک لە مافەکانی دیکەیان لێ سەنرایەوە و وەک کەسانی دزەکردەی نایاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا.
لە خەیاڵدانی سیاسیانەی ئەودا، هێشتا کورد هەمان کوردە کۆچەرییە بێ ناسنامەکەیە و ناکرێت توانای ڕادەربڕین و بەشداری سیاسی و نمایشکردنی هێزی لە ناوچەکەدا هەبێت.
بەشێکی گەورە لەو کێشە وئاڵۆزی و پێکدادانانەی ئەمڕۆ لە سوریا دەبینرێت و دۆخی کوردیان لە ڕۆژئاوا گەیاندۆتە ئاستێکی مەترسیدار، زۆر بە قووڵی پێیەکی لە نێو مێژووی لانی کەمی چەند دەیەی ڕابردووی سوریادایە، گێڕانەوەی بەشێک لەو مێژووە یاریدەدەرێکی باش دەبێت بۆ هێنانەئارای تێگەیشتنێکی گونجاو و هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکیانەی هۆکارێلی پشت ڕووداوەکانی ئێستا. ڕۆژئاوا بەشێکە لەسەر زەمینی کوردستانی گەورە، پێش دروستبوونی دەوڵەتی سوریا و پێش هاتنی عەرەبە موسڵمانەکانیش بۆ نێو ئەم خاکە، کورد لەوێ ژیاوە و خودان شارستانیەت و کلتور و زمان و پێگەی خۆی بووە. ئەم بەشەی کوردستان لەبەر پێگە گرنگە ئابورییەکەی؛ لەبەر پێگە جوگرافیەکەی، هەمیشە جێی چاوتێبڕینی ئەو هێزە باڵادەستانە بووە کە خوازیاربوون هەژموونیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بکەن. ئەم بەشە کوردییەی سوریا، لەوەدا پێگەکەی گرنگە کە بەبەرهەمترین بەشی نێو خاکی سوریای ئەمڕۆیە، بەوپێیەی لەڕووی بەرهەمی کشتوکاڵی و کانزایی و سامانی ئاوەوە زۆر دەوڵەمەنده و دەکەوێتە سەر ڕێگا بازرگانییەکان و لە نەخشەی نوێی غازی جیهاندا بەدیدگایەکی گەورەوە لێی دەڕوانرێت.
مێژووی بوونی کورد لەو ناوچانەی ئەمڕۆ بەدەستی سوریاوەیە مێژووییەکی هەزاران ساڵەیە، کورد لەوێ هەمیشە خاوەنی شارستانیەت و زمان و کلتوری تایبەت بەخۆی بووە، لە هەندێک قۆناغی مێژووییشدا حاکمی بێ چەندووچوونی تەواوی ناوچەکە بوون، وەکو باڵادەستییان لە سەردەمی ئەیوبییەکاندا ( ۱۱۷۱- ۱۳٤۱) ز کە تەنانەت گەڕەکی گەورەی دیمەشقیان بەناوەوە کرابوو، هەروەها ڕێگای حاجییانی ماڵی خوا لە شامەوە بەدەستی پیاوانی کوردەوە بوو. لەسەردەمی بنەماڵەی (جونبوڵاد)یشدا، فەرمانڕەوای حەلەب بوون، میرنشینی گەورەیان دامەزراندووه و لە زۆر شاردا سەردار و خاوەن دەسەڵات بوون، ئەم لەخۆڕابینینە سیاسیە وای لە عوسمانیەکان کردبوو کە تەنانەت سەنجەقێک هەر بەناوی کوردەوە لەوێ دروست بکەن و ناچاربن ڕێ بدەن خۆیان فەرمانڕەوای ناوچەکانی خۆیان بن.
شەڕی چاڵدێرانی نێوان عوسمانی و سەفەوی لە ساڵی ( ۱٥۱٤ز) یەکەمین زەبری دابڕینی ئەم بەشە بوو لە نیشتمانە گەورەترەکەی، ئەمە مێژووە زۆر دوورترەکەیە بۆ سەلماندنی خانەخوێبوونی کوردی ڕۆژئاوا لەسەر خاکە دێرینەکەی. لە مێژووییەکی کەمێک نزیکتردا و بە دروستتر دوای ئەوەی لە (۲٤ ی تەمموزی ۱۹۲۳) ڕێککەوتننامەی لۆزان واژۆکرا، دۆخی ڕۆژئاواکەی کوردیش ئاڕاستەیەکی تەواو جیاوازتری وەرگرت. بەپێی ڕێککەوتنەکە بەشه باکورییەکەی کوردستان درایە تورکیای کەمالی و ویلایەتی موسڵ واتا ( باشوری کوردستان) بوو بە بەشێک لە عێراقی بەریتانی و ناوچە کوردییەکانی خوارووی هێڵی شەمەندەفەری بەغدا واتا (ڕۆژئاوای کوردستان) چوونە ژێر هەژموونی ئینتیدابی فەرەنسییەوە لە سوریا. بەمەش کوردستانی دوای ئەم ڕێککەوتنە( یان وەکو ئەوەی دیڤید فۆمکین نێوی لێنابوو "گەمە مەزنەکە") دابەشکرا بۆ پێنج پارچە و بەسەر
سوریا و عێراق و تورکیا و ئێران و یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکرا. لەم لکاندنەی ڕۆژئاواوە بە سوریای تازە چێکراو، هەمیشە هێزی باڵادەستی نەتەوەیی سوریی وەها سەیری کوردی کردووه کە ئەمانە بەزۆر هێنراونەتە نێو سوریاوە و هیچ کاتێک ناتوانرێت وەک سورییەک لێیان بڕوانرێت و گومان و نیشانەی پرسیارێکی گەورە بە بەردەوامی لە بەرامبەریاندا ئامادە بووە!
کورد لە سایەی ئینتیدابی فەرەنسیدا
ساڵی (۱۹۲۰ز) ئینتیدابی فەرەنسی لە سوریا دەستیپێکرد و تاکو ساڵی (۱۹٤۳ز) و سەربەخۆبوونی سوریا بەردەوامبوو، هەرچەندە هێزی فەرەنسی تاوەکو ساڵی (۱۹٤٦ز) سوریایان جێنەهێشت. دوای ئەوەی کە فەرەنسیەکان هەژموونی خۆیان بەسەر تەواوی سوریا و ڕۆژئاوادا سەپاند، کوردەکان تاڕادەیەکی باش لە کێشمەکێشمی نەتەوەیی ڕزگاریان بوو، کەمتر لەبەر زمان ، کلتور و نەتەوە دەچەوسێنرانەوە، لەبەرامبەردا تورکیای کەمالییەکان لە باکورەوە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تواندنەوە و لەبیربردنەوەی بوونی کوردی دەدا، چەوسانەوەکانی ئەوێ بەڕادەیەک سەخت بوون کە کوردانی ئەو بەشە ناچار ببن چەندین شۆڕش و سەرهەڵدانی گەورە دژی ئەتاتورک و ڕژێمە تۆقێنەرەکەی ئەنجام بدەن، ئەمە سەرکوتکاری و کوشتوبڕێکی گەورەی هێنایە ئاراوە، بەشێک لە کوردانی باکور کە هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ دۆست و ناسیاوە خوێنیەکانی خۆیان لە ڕۆژئاوای وڵات پاراستبوو، پەنایان بردە بەر ڕۆژئاوا و لە هەندێک لەناوچەکانی ژێر ئینتیدابی فەرەنسی بەتایبەتی لەجزیرێ نیشتەجێبوون، هاتنی ئەمانە هەرچەندە بەقەبارە زۆر نەبوون، بەڵام دواتر و لەسەردەمی کۆماری سوریای عەرەبیدا وەک بیانووییەک بەکارهێنران بۆ لێدان لە خانەخوێی کوردانی ڕۆژئاوا و بێ بەشکردنیان لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیان، تا ئەو ئاستەی حکومەتی سوریا باس لەوەبکات زۆرینەی کوردانی سوریا پەناپەرن و خەڵکی ڕاستەقینەی ئەم خاکە نین.
لە لایەکی ترەوە، فەرەنسیەکان دەیانزانی کە کوردانی ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکەی سوریا دژن بەو هەوڵە پانعەرەبیزمیەی کە لەڕێی ناسیۆنالیزمە عەرەبەکانەوە پەرەی پێ دەدرا بۆ دروستکردنی سوریایەکی عەرەبی گەورە، ئەوەشیان دەزانی کە کورد دژ بە حوکمی کەمالییەکانی تورکیان و ئەم دوو فاکتەرە پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی فەرەنسیەکان کورد بەتەبا ببینن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا، بۆیە لە سەرەتاوە پشتگیریی ئەو گروپه کوردییانە بوون کە بەم دوو ئاڕاستەیەدا کاریان دەکرد، بەڵام ئەم پشتگیرییە نەدەگەیشتە ئەو ڕادەیەی ڕێگە بدەن بە زیندووبوونەوەی هوشیاری نەتەوەیی لای کوردانی سوریا، بۆ نموونە کاتێک فەرەنسیەکان لە ساڵی (۱۹۲۷ز) ڕێگە بە کۆمەڵەی خۆییبوون دەدەن تاوەکو لە سوریا چالاک بن، بەو مەرجە پشتیوانیان دەبن کە نەبنە هۆی دنەدان و یاخیبوونی کوردانی سوریا و تەنها بە ئاڕاستەی دژایەتی کردنی سیاسەتی تورکیادا هەنگاوبنێن، بەڵام سەرباری ڕەچاوکردنی ئەم مەرجەش، خۆییبوون زۆر بە زوویی جێی خۆی لەنێو کوردانی سوریادا کردەوە و بوو بە هۆکارێک بۆ لێکنزیکردنەوەی کوردەکان، ئەمە عەرەبە سوننەکانی سوریای تووڕە کرد و فەرەنسیەکانیش ترسیان لە ڕابوونیان هەبوو، بۆیە لە ساڵی (۱۹۲۸ز) فەرەنسا و بەریتانیا بڕیاری قەدەغەکردنی ئەم گروپەیان دا و ئۆفیسەکەیان لە حەلەب داخست و ئەندامەکانیان دەستگیرکرد، (عوسمان سەبری) کە دامەزرێنەری گروپەکە بوو بۆ (مەدەقەشقەر) دوورخرایەوە. کاتێکیش پۆستی یەکەمین سەرۆکی سوریا لەساڵی (۱۹۳۲ز)درا بە عەرەبە سوننەکان و لە ساڵی (۱۹۳٦ز) سوریا بەرەو سیستەمی پەرلەمانی هەنگاوی نا، ئیدی ناسیۆنالیستە عەرەبەکان سەرباری هۆشدارییەکانی فەرەنسا لە پاراستنی کورد و عەلەوی و مەسیحی و کەمایەتیە ئیتنیەکان، کەوتنە برەودان بە سیاسەتی تەعریبکردن و کۆچکردن بەرەو ناوچە کوردییەکان، ئیدی ئۆتۆنۆمییە کارگێڕییەکان کە لە هەندێک ناوچەی کوردی و مەسیحیدا هەبوون نەهێڵران و لەڕێی دانانی کاربەدەستی عەرەبیەوە بۆی کران بە بەشێکی گرێدراو بە دەسەڵاتی ناوەندی، تا ئەوەی بە دەرچوونی فەرەنسیەکان لە سوریا دۆخی کورد بەرەو قۆناغێکی هەرە مەترسیدار برا.
سەردەمە تاریکەکان ؛ کوردی لە ناسنامەخراو
ئەو سوریایەی کە فەرەنسیەکان دروستیان کرد و ناچاریش بوون لە ساڵی (۱۹٤۳ز )سەربەخۆیی پێ ببەخشن، سوریایەکی دابەشکراوبوو بەسەر چەند حیزب و لایەنێکی سیاسی پرش و بڵاوو ناکۆکدا، کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی دوو ئایدۆلۆژیای باڵادەستی وڵاتەکە بوون و حیزبی بەعس و حیزبی کۆمۆنیستی سوریا و حیزبی یەکێتی سۆشیالیست نوێنەرایەتیانیان دەکرد و هەڵێنجاوی ململانێ هەرێمیەکان بوون. هەموو ئەم حیزب و ڕەوتە جودایانەش تاڕادەیەک لەوەدا کۆکبوون کە زۆرینەی کورد لە سوریا پاشماوەی داگیرکاری فەرەنسین و کۆچەرین و هێنراونەتە سوریا، بەمەش مەترسی لێسەندنەوەی ناسنامەو تۆمارنەکردنی کوردان لە ناسنامەی دەوڵەتدا، بوو بە واقیعێکی بەردەست، ئەوەبوو لەسەرژمێری حەسەکەی ساڵی (۱۹٦۲ز) زیاتر لە (۱۲۰ هەزار) هاوڵاتی کورد ناسنامەیان لێ وەرگیرایەوە و بە سوری هەژمار نەکران و دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا گیرا، بەمەش مافی خوێندن و مافی گەشتکردن و مافی دامەزراندن لە فەرمانگەکان و مافی هاوسەرگیری یاسایی و زۆرێک لە مافەکانی دیکەیان لێ سەنرایەوە و وەک کەسانی دزەکردەی نایاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا. ئەم چەوساندنەوە و ستەمکاری و بنپێکردنی مافە تاوەکو دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی و ڕابوونی سورییەکان بەردەوامبوو، ئەوەبوو لە (۷ ی نیسانی ۲۰۱۱) بۆ هێورکردنەوەی ڕاپەڕینی ڕۆژئاوا و ڕاکێشانی سەرنجی کوردەکان، بەشار ئەسەد مەرسومێکی کۆماری دەرکرد و ڕێگەی پێدان کە ناسنامە دەربکەن!
ئەوە کێیە ئێستا لە دیمەشق حوکم دەکات؟
کە بەهاری عەرەبی دروستبوو، کورد توانی زۆر هەنگاوی خێرا بنێت و خێرا هێزی خۆی کۆبکاتەوە، ئیدارەیەکی خۆجێی نموونەیی بۆ خۆی دروست بکات؛ لە یاری نێوان هێزە دژەکاندا و لە پێکدادانی بەرژەوەندی زلهێزەکاندا، زۆر بەباشی جێی خۆی بکاتەوە و ڕێ نەدا ئەم ئەزموونە نوێیەی لەنێو بچێت، سەرباری هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا و گروپە چەکدارە توندڕەوەکان و حکومەتی بەعس لە دیمەشق هێشتا هەر خۆڕاگرانە مایەوە و کۆڵی نەدا. لە (۸ ی کانونی یەکەمی ۲۰۲٤) ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دوای پەلاماردانی تەحریر شام و دەستبەرداربوونی ئێران و ڕوسیا لێی، ڕووخا. ئەبو محەمەد جۆلانی هاتە دیمەشق و خۆی وەک کەسی یەکەمی دەسەڵات لە سوریا ناساند، ئەم سەرکردە سەلەفییە جیهادییە، کە نزیکترین کەسایەتی سیاسی سورییە لە تورکیای ئۆردۆگانەوە، پێش ئەوەی بچێتە دیمەشق، پەلاماری کوردەکانی دا. لای ئەو، لە خەیاڵدانی سیاسیانەی ئەودا، هێشتا کورد هەمان کوردە کۆچەرییە بێ ناسنامەکەیە و ناکرێت توانای ڕادەربڕین و بەشداری سیاسی و نمایشکردنی هێزی لە ناوچەکەدا هەبێت. ئەوەی ئێستا لە دیمەشق حکوم دەکات میراتگری هەمان عەقڵیەتی سەد ساڵی ڕابردووه، بەڵام بە ڤێرژنە ئیسلامیە جیهادییەکەی. ئەبو محەمەد جۆلانی( ئەحمەد شەرع) نەوەی هەمان کلتور و عەقڵیەتی سەدساڵەیە و هێزی مانەوەی خۆی لەو ڕقە مێژووییە دژە کوردییەوە وەردەگرێت کە لەدوای ئینتیدابی فەرەنسی و دروستبوونی سوریای تازەوە بە بەردەوامی لە پەروەردە و کلتور و بونیادی ئینسانی سوریدا ئیشی لەسەر کراوه و وەک بەشێک لە تووڕەیی گشتی ڕۆژهەڵاتیی هەمیشە خۆی مانیفێست کردووە. لای ئەو، دەسبەسەراگرتنی ڕۆژئاوا زۆر لەدەسبەسەراگرتنی جۆلان بەبەهادارترە، چونکە لەوێدا و بەهۆی کوردەوە درز دەکەوێتە جەستەی نیشتمانیی سوریاوە و باشیش دەزانێت ئەگەر ڕۆژئاوا نەبێت میراتگرانی ستەمکارییە مێژووییەکە و شوێنکەوتووانی لە کوێدا ڕێیان پێ دەدرێت ڕق و تووڕەییەکانیان، بێ هیچ ئازارێکی ویژدانیی و بێ هیچ خۆسەرکۆنەکردنێک خاڵیبکەنەوە و شانازیشی پێوە بکەن؟! هێشتا ڕوون نیە ئاخۆ ئەوەی لە دیمەشق حکوم دەکات دەتوانێت تا چ ئاستێک لەگەڵ ئەو دڕندەیی و ڕقە مێژووییەدا بچێت و تا چ ئاستێک سەرکەوتووبێت تێیدا، بەڵام ئەوە ڕوونە ڕۆژئاوا چیدی ئەو ڕۆژئاوایەی پێش بەهاری عەرەبی نیە و خوێنێکی تازەی تێدا گەڕاوە، کە بەهیچ هێزێکی ستەمکاری دەرەخۆیی ڕامناکرێت، ئێستا ڕۆژئاوا خاوەنی ناسنامەی خۆیەتی و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەبێت لەبری جەنگ و پەلاماردان، ژیرانەتر، مرۆڤانەتر و دۆستانەتر لەگەڵیدا گفتوگۆ بکرێت.