گوڵشیفتە فەرەهانی رۆڵی شەڕڤان دەبینێت
7 ساڵ لەمەوپێش
هەرێم جەعفەر
لە ناوچەیەکی کوردستان، (بەهار) فەرماندەی کچانی ڕۆژ، خۆی و بەتالیۆنێکی سەربازی کچانی کورد، دەیەوێت شارەکەی لەدەست تیرۆریستە توندڕەوەکان ڕزگار بکات.
کچە ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسیش بەناوی (ماسیلد) سێ ڕۆژی یەکەمی ئەو جەنگە تۆماردەکات و بەدرێژایی جەنگەکە هاوڕێی کچە شەڕڤانەکانە.
ئەمە کورتەی ناوەڕۆکی ئەو فیلمەیە کە تیایدا ئەکتەری ناوداری ئێران، گوڵشیفتە فەرەهانی، ڕۆڵی کچە شەڕڤانی کورد دەگیڕێت لە جەنگی دژی بە تیرۆرستان و یەکێکە لەو فیلمانەی کە هەڵبژێردراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی فیستیڤاڵی کان لە فەڕەنسا.
ڕۆڵی ئەو کچە ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسیە (ئیمانیۆل بێرکۆت)، خاوەنی خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەری ساڵی ٢٠١٥ی فێستیڤاڵی کانە لە فیلمی (پاشاکەم).
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی ئیڤا هووسۆنە و لەناو فیلمەکەدا هەر یەک لە زمانەکانی فەڕەنسی و کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بەکاردێت.
دەرهێنەر دەربارەی ئەو فیلمە وەک ئەوەی لە ماڵپەڕی سکریندەیلی هاتووە دەڵێت کە ئەو سەرسام بووە بەو کچە شەڕڤانانەی لە سووریا و عێراق دژی داعش و توندڕەوەکان جەنگاون و بە دیلگیراون. ئەوەی کە چەکیان دژی داگیرکەرانیان هەڵگرتوە.
بڕیارە هەشتی مانگی داهاتوو فیستیڤاڵی کان لە شاری کانی وڵاتی فەڕەنسا دەست پێبکات و تاکو ١٩ هەمان مانگ بەردەوام بێت. فیستیڤاڵی کان کە ساڵانە لە شاری (کان)ی فەڕەنسی بەڕێوەدەچێت و چەندین فیلم دەپاڵێودرێن بۆ بردنەوەی خەڵاتی تایبەت.