كورد و كه‌وتنی هزری به‌عس و ڕژێمی سوریا
دكتۆر صه‌باحی غالیب
11 كاتژمێر لەمەوپێش
دكتۆر صه‌باحی غالیب
كه‌وتنی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه به‌شێك له كوردستانی داگیركردووه، له ڕوانگه‌ی تیوری و گریمانه‌ییه‌وه، وا هه‌ڵده‌گرێ كه له به‌رنامه‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌ته تازه‌كه‌دا، گۆڕانكاری گه‌وره له به‌رژه‌وه‌ندی كورد به‌دوای خۆیدا بێنێ، هاوكات چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له ئاستی بیركردنه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستانی سیاسی كوردیشدا بیركردنه‌وه‌یه‌كی واقیعبینانه و ده‌رفه‌تێكی كراوه و گونجاو بۆ پێشه‌وه‌چوونی دۆزی كورد له ڕژێمه ڕووخاوهكهدا به‌رهه‌م بێنێ. داڕمانی ڕژێمی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د و ڕێكخستنه‌كانی حیزبی به‌عس له سوریا، ڕوداوێكی ستراتیژی و خه‌رمانێك له تاقیكردنه‌وه‌یه كه مایه‌ی فێربوونی چه‌ندان تێگه‌یشتنه له مه‌یدانه‌كانی سیاسه‌ت و مێژوو چ له ئاستی ناوچه‌كه و چ له ئاستی دوورتردا، له هه‌ردوو ئاستهكهشدا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه:
یه‌كه‌م، ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی دامه‌زراو له‌سه‌ر باوه‌ڕی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و پاڵپشتكراو به زه‌بر و زه‌نگ و تۆقاندن تا سه‌ر بڕ ناكا و له ئه‌نجامدا مایه پووچ ده‌بێ.
دووه‌م، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و خزمه‌ت به دانیشتوانه‌كه‌ی، ده‌بێ ئایدیۆلۆژیا له سیاسه‌ت و له فه‌رمانڕه‌وایه‌تی جیابكرێنه‌وه. هه‌ر ڕێبازێكی ئایدیۆلۆژیا سه‌ر به هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی عیلمانی و نا عیلمانی له مه‌یداندا، جگه له فریودانی خه‌ڵكی ساكار و كردنیان به قوربانی، شتێكی لێ به‌رهه‌م نایه.
سێیه‌م، تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه عه‌قڵیه‌تی چه‌ك و ئه‌وه‌ی ناویان ناوه شۆڕش و شۆڕشگێڕی، بێ عه‌قڵی زانست و شاره‌زایی سیاسه‌تی ئاوێته به مێژوو، هه‌روه‌ها قاڵبوون له تێگه‌یشتنی باری كۆمه‌ڵایه‌تی، بێ ئاكام ده‌مێنێته‌وه، جگه له كاره‌سات و نووچدان ئاكامێكی دیكه‌ی نابێ.
چواره‌م، كاریگه‌ری هۆكاری نێو ده‌وڵه‌تی له كه‌وتنی سوریادا، یه‌كێك بوو له هه‌ره ئامرازه به‌هێزه‌كان، هه‌ر وه‌ك چۆن، عێڕاقی به‌عس و صه‌ددام ئه‌سته‌م بوو بێ هاوكاری ئا‌مریكا و ڕۆژئاوا بڕوخێ، به هه‌مان شێوه، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل نه‌بوایه، سوریای پشت ئه‌ستوور به ئێران و ڕوسیا مه‌حاڵ بوو بكه‌وێ.
پێنجه‌م، خه‌ڵكی عاقڵی به ده‌سه‌ڵات، پێویسته له خۆی نه‌گۆڕێ و قوربانی دوێنێ نه‌بێته جه‌للادی ئه‌مڕۆ، به‌و پێوانه‌یه بۆ ئەوەی ئه‌وانه‌ی سوریای دوای ڕوخانی به‌عس و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د وه‌ك ئه‌و ڕژێمه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غدایان لێ نه‌یه، پێویسته جه‌یشی ته‌حریر شام هه‌موو گۆڕانكاری و سه‌ركه‌وتنه‌كان به موڵكی خۆی نه‌زانێ، قه‌دری هه‌بێ بۆ ئه‌وانه‌ی دیكەش كه هاوبه‌شی خه‌باتیان كردووه، به تایبه‌تی پێكهاته‌ی كورد له‌و وڵاته‌دا كه له هه‌موو به‌شه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه له مێژووی سوریادا، زیاتر له ئازار و چه‌وسانه‌وه‌دان بوون، له هه‌مان کاتدا، كورد له سوریا زوو ئاڵای به‌ربه‌ره‌كانی دژی ئه‌و ڕژێمه هه‌ڵكرد و ئازایه‌تی زۆریان نواند و قوربانی زۆریان دا.
شه‌شه‌م، ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی ده‌ره‌وه و ڕێكخستنه چهتهگهرییهكان له كاروباری هه‌ر وڵاتێكدا، جگه له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی و میساقی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، له سه‌ر ئاستی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ش به گشتی، كارێكی نادروست و نه‌شیاوه، داڕمانی په‌یوه‌ندی له نێوان خه‌ڵكی وڵاتێك و حكومه‌ته‌كه‌ی خۆیان، هۆكارێكی زیاتر كه‌وتن و بنكۆڵكردنی حكومه‌ته‌كه و زیاتر ترازانی یه‌كڕیزییه. خۆبه‌ستنه‌وه به هاوكاری و پشتیوانی ده‌ره‌كی بۆ مانه‌وه‌ی هه‌ر هێز و حكومه‌تێك، سەرئه‌نجام ده‌بێته داڕمان و له مێژووشدا ده‌بێته مایەی شه‌رمه‌زاری تا دنیا دنیایه.
حه‌وته‌م، گومانی تێدا نییه كه نه‌خشه‌ی سایكس ـ بیكۆ بۆ دامه‌زرانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تایبه‌ت بە بێ به‌شكردنی كورد له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له لایه‌نی په‌یمانه‌كه و له دواتریشدا له لایه‌ن وڵاتانی تازه دروستكراوەوە، له مێژووی زیاتر له 100 ساڵی ڕابوردوو، كاره‌سات بوو بۆ كورد، هاوكات شه‌ڕ و شۆڕی به‌رده‌وامی ناوخۆی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، بووه هۆكاری نه‌بوونی ئاشتی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوخۆ و داڕمانی ئابووری و چۆكدانی كارگێڕی و سیاسه‌ت.
هه‌شته‌م، مێژوو ئه‌و حهقیقهتهشی سه‌لماند كه داگیركردنی خاكی میلله‌تان و دابه‌شكردنی خاكه‌كه‌یان هه‌رگیز هێز و توانا بۆ ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر به‌دی ناهێنێ، هه‌ر بۆیه له دۆخی كورد و كوردستاندا، چه‌نده ئه‌و داگیركردن و دابه‌شكردنه هۆكاری دواكه‌وتنی كورد و چه‌وساندنه‌وه و ئازاره، هێنده‌ش مایه‌ی لاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، سه‌ربازی و سیاسی و بێ حورمه‌تی قانوونی و مێژوویی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه.
سه‌باره‌ت به كوردی ڕۆژئاوا
ئه‌گه‌رچی له ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌وه، دۆزی كورد له كوردستاندا به‌گشتی یه‌ك دۆزه، به‌ڵام به پێی دابه‌شبوونی واقیعی سیاسی ده‌وڵه‌ته سه‌رده‌سته‌كانی كورد، هه‌ر به‌شه تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه، بینینی ئه‌و واقیعه حیكمه‌ت و شاره‌زایی سیاسی و مێژوویی پێده‌وێ، ئایدۆلۆژیای په‌تی و ساكاری سۆزئامێزی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ره‌قه‌تی نایه، بۆیه كاربه‌ده‌ستانی مه‌یدانی و سیاسه‌تمه‌دارانی به ده‌سه‌ڵات، پێویسته به واقیعانه و تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناوچه‌یی و جیهان به شاره‌زایانه هه‌نگاو بنێن. له‌و لایه‌نانه‌وه چه‌ند قسه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ:
یه‌كه‌م، لاوازی و بۆشایی په‌یوه‌ندی نێوان هێزه سیاسییه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبه‌ت په‌یه‌ده و ئه‌نه‌كه‌سه له ناو خۆیاندا، بۆته هۆكارێك بۆ نه‌بوونی یه‌ك سه‌ركردایه‌تی، یه‌ك گوتاری كوردی، ئه‌وه‌ش بۆته مایه‌ی نیگه‌رانی كورد له هه‌موو پارچه‌كان و دۆستانی دۆزی كورد له جیهاندا.
دووه‌م، زاڵبوونی كاریگه‌ری (پە*كه*كه) له‌سه‌ر (په‌یه‌ده) و په‌یڕه‌وكردنی بۆچوونی ئه‌وان له كاروباری سیاسه‌تی ڕۆژانه‌دا، له كۆتاییدا هیچ خێریك بۆ دواڕۆژی ڕۆژئاوا ناداته‌وه، (پە*كه*كه) بیه‌وێ یان نا، ڕێكخستنێكی باكوره، به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كورد وا ده‌خوازێ ده‌ست له سیاسه‌تی فراوانخوازی و كهڵهگایی له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا هەڵگرێت، ئازادی ته‌واو بدرێ به سه‌ركردایه‌تی هه‌ر به‌شێكی كوردستان كه خۆیان كاروباری خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، به مانایه‌كی دیكه چاكتر وایه هیچ حیزبێكی به‌شه‌كانی كوردستان به گشتی ده‌ستوه‌رنه‌ده‌نه سیاسه‌تی ناوخۆیی به‌شێكی دیكه‌وه، ئه‌وه‌ی پێویسته ته‌نیا پشتیوانی مه‌عنه‌وی و ماددی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه به‌رامبه‌ر به دۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له هه‌ر شوێن و له هه‌ر كاتێكدا. هه‌ر لێره‌دا واقیعی سیاسی ئه‌وه به‌سه‌ر قه‌سه‌ده‌دا ده‌سه‌پێنێ كه ده‌ستبه‌رداری پە*كه*كه بێت و دروشم و ئاڵا و هه‌رچی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وانی پێوەیە له خۆیانی دابماڵن و خۆیان ببنه خاوه‌نی ماڵی خۆیان.
سێیه‌م، نه‌بوونی ئاماده‌كاری كوردانی ڕۆژئاوا بۆ ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و ئه‌سه‌د. له ساڵانی 2016 و 2017 كه جه‌یشی ته‌حریری شام خۆی له قاعیده و داعش به دوورگرت، هاوكات دامه‌زرانی كارگێڕی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌خۆیان له ئیدلیب ڕاگه‌یاند، ده‌بوایه له‌و كاته‌وه سه‌ركردایه‌تی كورد له ڕۆئاوا له‌و ئاسته‌دا بن كه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ جه‌یشی ته‌حریر شام دروستبكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ببوایه‌ته مه‌رجێكی سیاسی بۆ یه‌ك گوتاری، یه‌ك هه‌ڵوێستی، یه‌ك به‌رنامه‌یی بۆ دوای ڕوخانی ڕژێمی سوریا، هاوكات ڕێكبكهوتنایه له‌سه‌ر نه‌خشه ڕێگای به‌ڕێوه‌بردنی سوریای دوای ڕژێمی ئه‌سه‌د، به مه‌رجی ددانپێدانان به مافی كوردی ڕۆژئاوا له شێوه‌ی فیدراڵی له سنووری ده‌وڵه‌تی سوریای دوای به‌عسدا.
چواره‌م، لاوازی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان و كه‌متر گرنگیدان به‌و لایه‌نه چ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و چ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له كاتێكدا تا ئه‌ندازه‌یه‌كی به‌رچاو جۆره هاوهه‌ستی و پشتیوانییەکی جیهانی بۆ دۆزی كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به باشوور و به‌رامبه‌ر به ڕۆژئاوا كه‌وتۆته چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خشه بۆ كێشراوەوە، کە ده‌بێت ئه‌و پشتیوانییه نێوده‌وڵه‌تییه له سنووری هاوكاری دژه داعش تێپه‌ڕێت و ببێته هاوپه‌یمانی به‌رده‌وام، بۆ دۆزی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا.
هه‌نگاو بۆ ڕۆژانی داهاتوو
به هه‌موو پێوانه‌كان ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و بنه‌ماڵه‌ی به‌عس له سوریا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره و بێ وێنه‌یه له مێژووی سه‌د ساڵه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا، ئێستا له دیمه‌شق حكومه‌ت به مانای حكومه‌ت نییه، له لایه‌ن هیچ ده‌وڵه‌تێك و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشه‌وه ددانی پێدانه‌نراوه، دوو گه‌وره‌ترین هێزی پشتیوانی له سوریا، كه ڕوسیا و ئێران بوون وه‌ده‌رنران، له جیاتی ئه‌وان دوو هێزی ترسناك و تۆقێنه‌ری دیكه زاڵن به سه‌ر سوریا و ناوچه‌كه‌دا كه توركیا و ئیسرائیلن. ئه‌و دوانه، توركیا له سه‌رووی سوریاوه ده‌یه‌وێ زۆرترین خاكی سوریا داگیربكا و دۆزی كورد له ڕۆژئاوای كوردستان له‌ناوبه‌رێ، ئیسرائیلیش كه ته‌واوی هێز و توانای سه‌ربازی هه‌مه‌جۆری سوریای له‌ناوبرد، ده‌یه‌وێت به‌رزاییه‌كانی جۆلان و زیاتریش داگیربكا. له‌م بارودۆخه‌دا، سوریا وه‌ك ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت ون و نادیاره، كاری به‌رپرسیارانی ئه‌و جوگرافیایه‌ی یه‌كجار قورسكردووه، ئایا ئه‌وانه‌ی دیمه‌شقی ئیستایان له‌به‌ر ده‌ستدایه، پرسیاری ئەوەی ئایا شتێك له مێژوویان خوێندۆته‌وه و واقیع و ڕۆژگار شتێكی فێركردوون؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نادیاره، چونكه سیاسه‌ت، به‌ر له قسه، كردار و به‌رنامه‌یه، له‌و مه‌یدانه‌شدا مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی سوریا زۆر ڕوون نییه. به‌شێك له ئاشكرابوون ئه‌وه‌یه بزانین تا چه‌ند جه‌یشی ته‌حریر شام خۆی له توركیا به دوور ده‌گرێ و چ سیاسه‌تێكی ناوخۆیی په‌یڕه‌و ده‌كات!
كار به نزا‌و چاوهڕانكردن به‌تایبه‌ت له بواری سیاسه‌تدا، به‌ڕێوه ناچێ، به تێكڕا له وڵاتانی عێڕاق، ئێران، توركیا و سوریا كه‌سانێك و كۆمه‌ڵه حیزبێك له‌سه‌ر كارن، ئه‌وه‌ن كه هه‌ن، باوه‌ڕیان به دیموكراتی و ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات نییه، باوه‌ڕیان به مافی پێكهاته‌كان به تایبه‌ت به مافه‌كانی كورد نییه، باوه‌ڕیان به ده‌ستوور و به قانوون و به ئایین و به بنه‌مای مافی مرۆڤایه‌تی نییه، ئه‌گه‌ر تروسكهیهكیش له‌و لایه‌نانه‌وه به‌دی بكرێ، به خۆشی خۆیان نییه، ئه‌وانه له ڕوانگه‌ی خۆزاڵكردن و شه‌یدای دهسهڵاتدارییەوە فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌كه‌ن، به مانایه‌كی دیكه هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئیراده‌ی چاكه‌كاری و به خۆداچوونه‌وه له خه‌ڵكی بێ ئیراده و له حیزبی خۆسه‌پێن و له كه‌سانی نا به‌رپرسیار ناكرێ، بۆیە له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، بیركردنه‌وه‌ی ورد و نه‌فه‌سی درێژی ده‌وێت.
خۆش باوه‌ڕی به‌رپرسیارانی كورد به‌رامبه‌ر به كاربه‌ده‌ستان و فه‌رمانڕه‌وایانی وڵاتانی سه‌رده‌سته‌ی كورد، به‌رده‌وام خاڵێكی لاوازه له په‌یوه‌ندییه‌كاندا، وا چاكه به ئاگادارییه‌وه (حذر)ه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی پایته‌خته‌كانی وه‌ك ئه‌نقه‌ره، تاران، به‌غدا و دیمه‌ش بكرێ. ڕووخانی ڕژێمی صه‌ددام و به‌عس له عێراق و مامه‌ڵه‌ی حزبه باشوورییه‌كان به ئه‌رێنی و نه‌رێنی بۆ ڕۆژئاوا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌كه‌ڵكه، وانه و په‌ندی لێوه فێربن.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕووداوه‌كاندا، به پێی خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی و سیاسی، ڕووداوه‌كانی سوریا سه‌رده‌كێشێ بۆ ڕوودانی بومه‌له‌رزه‌ی دیكه‌ی گه‌وره له ناوچه‌كه‌دا به تایبه‌تی له عێڕاق و له ئێران، بزووتنه‌وه‌كه‌ی سوریا سه‌لماندی، كه وڵاتانی ئایدیۆلۆژیست و ڕه‌گه‌زپه‌رست، له‌ناوخۆدا كرمۆڵ و تهپیوون، ڕێكخستن و به‌رنامه و غیره‌ت و پاڵێكیان ده‌وێت له‌ناوبچن، ئه‌وه‌ش پێویستی به لێكدانه‌وه و خۆئاماده‌كردنێكی ئازایانه و شاره‌زایانه و سیاسیانه‌ی حیزبه‌كانی هەردوو به‌شی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه.