لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "٨"

عەبدولڕەزاق شەریف
4 مانگ لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
بەیانی ئەو شەوەی مامجەلال جەڵدەی مێشک لێیدا، زۆری سەرکردەکانی یەکێتی، لە مەکتەبی سیاسی و لە ژورەکەی حاکم قادر کۆبونەوە. هێرۆخان و ئەوانەی لەبەغدا نزیکی ئەو بوون وەڵامی هیچ پەیوەندییەکیان نەئەدایەوە، ئەمانەی سلێمانیش، کەسیان نەیاندەزانی چی رویداوە، بۆ هەر هەواڵێک وەک هەمووان، گوێبیستی راگەیاندنەکان بوون .
هەر ئەو بەیانییە، لە ناکاو هەواڵەکە و مەترسی و باری دەروونیی هەندێکیان وایکردبوو، بیری گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ جڵەوگرتنی یەکێتی، ببێتە باسوخواسی ئەو بارە ناهەموارە، بەو مەبەستەش پەیوەندیان پێوەکرد سەردانی مەکتەبی سیاسی بکات. سەرەتا پێی باش بو بەڵام نەهات ! وەک بیستمان چاوەڕوانی گەڕانەوەی هێرۆ خانە چونکە بۆ هەواڵپرسینی مامجەلال و بۆ ئەو پێشنیازەش هەر لەگەڵ ئەو قسەیکردبو .
دوو مانگ دواتر و هەمان بیری گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا باسکرایەوە بەڵام ئەمجارە لەلایەن خودی هێرۆخانەوە .
ئێوارەی نۆزدەی مانگی سێی دووهەزاروسیانزە، بۆ یەکەمجار لە تەلەفۆنا گوێم لەدەنگی خانمی یەکەمی ئەوسای عێراق بو ...
پێی وتم :
- کوڕم سبەینێ نیوەڕۆ کاک نەوشیروان لە مەکتەبی سیاسی میوانی ئێمەیە، ئەو حەزی لەیاپراخە، بۆی دروستبکەن، دوای نانخواردن هەمومان پێکەوە دەستی یەکتری دەگرین، شەقامی سالم دائەخەین و بەناو خەڵکەکەیا بە پێ تا شەقامی مەولەوی ئەڕۆین، نامەوێ هیچ راگەیاندنێک بەوانەی خۆشمانەوە بیزانن، تەنیا کامێراکەی لای خۆتان بێنە دواقسەش وتیەوە، یاپراخەکەتان بیرنەچێ .
من نازانم بۆچی ئەم راسپاردانەی بە من وت! لەکاتێکدا، جگە لەکامێراکە هیچ ئەرکێ لەوانەیتر، کاری من نەبون .
ئێوارەی هەمان رۆژ، لە ماڵەکەی خۆی و بۆ هەواڵ، سەردانی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیم کرد، ئاگاداری میوانداریەکەبو، لەوبارەیەوە قسەماندەکرد، زەنگی تەلەفۆنەکەی لێیدا، چەند هەناسەیەکی کەم و دایخستەوە .
وتی: ئەوە مستەفای سەید قادر بو ... دەڵێت سەردانەکەی سبەینێ ناکرێت و لای ئێوەوە تێکدراوە، بزانین کێ تێکیداوە؟
وای وت و داوایکرد مەلابەختیاری بۆ وەرگرن ...
وتی: مەلابەختیاریش ئاگادار نیە، دیارە هێرۆ خۆی تێکیداوە !
ئەم قسەیەی دوای داخستنەوەی تەلەفۆنەکە کرد .
بەو پەیوەندیەی مستەفادا، زانیم کە نەوشیروان مستەفا گومانی لە کۆسرەت رەسوڵ هەیە، ئەشمزانی کە گومانەکەی لەجێگەی خۆیدا نییە! بەپێچەوانەوە ئەو گرنگی بەمیوانداریەکەدا، وەک من زۆریش شادمان بو .
پەیوەندیەکان و رێکخستنی مەراسیم و بەرنامەی کۆبونەوەکە لە جوغزێکی نهێنی بچوکدا بوون بەڵام گومانەکان گەورە بوون. هەمو ئەوانەی بەم تەدارەکی سەردانەیان ئەزانی، لەژمارەی پەنجەکانی دەست زیاتر نەبوون .
چەند رۆژێکی کەم و وێنەکە باشتر ڕوون بوویەوە، زانیمان پارتی و شەخسی مەسعود بارزانی لەو کۆبونەوەیە ئاگادار کرابونەوە، هەر ئەوانیش نەیانهێشتبو، روبدات .
چۆن؟ ئەی بۆچی؟
ماوەیەکی کەم و دوای گواستنەوەی مامجەلال بۆ ئەڵمانیا، مەسعود بارزانی هاتە سلێمانی و لە کۆبونەوەی هاوبەشی وەفدی هەردولادا، وتی:
- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئامانەتی مامجەلالە لای من! پێویستە هەموتان ئەوە باش بزانن .
ئەو رۆژە، پێش گەیشتنی بارزانی بۆ مەکتەبی سیاسی، روخسەتم لە مەلا بەختیار وەرگرتبو کە مێز و کورسیەکانی هۆڵەکە بەجۆرێک رێکبخەم وەک کۆبونەوەیەکی هاوسەنگی نێوان دوو حیزبی جیاواز دەربکەوین، کورسییەکەی مامجەلالم لەگۆشەی هۆڵەکەدا لادابو، دوو کورسی هاوشێوەم بەرامبەری یەکتری بۆ سەرۆکی پارتی و جێگری سکرتێری گشتی دانابو، بەڵام لە هاتنەژورەوەی بارزانیدا و لەفەرموکردنی هاوڕێکانی خۆماندا، خستیانە سەرەوە، کورسیەکەی مامجەلالیشیان بۆ راکێشا کە پێشتر و لەسوچێکی هۆڵەکەدا بەتاکی دامنابوو .
دواتر وێنەکان وادەرکەوتن کە مەسعود بارزانی سەرپەرشتی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو حیزب دەکات .
هەر لەوێشدا، داوایان لە بارزانی کرد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، قسە بکات .
بارزانی لەو داوایە دودڵ بوو! نەک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیەکە بەڵکو لەوەی کێ لە هاوڕێکانی ئێمە لەتەنیشت خۆیەوە بوەستێنێت!
دواجار کە داوایان لێکردەوە وتی :
- باشە بەڵام بەتەنیا دەبم .
خۆی و مەلابەختیاریش ئاماژە و قسەیەکی وایانکرد کە من کۆنگرەکە رێکبخەم و بۆ جێگەی رۆژنامەنوسەکانیش هاوەڵی بکەم.
کۆنگرەکەی کرد و بەتەنیا من لەتەنیشتیەوە راوەستام.
چەند رۆژێک بەسەر شکستی کۆبونەوە و مەراسیمی ئێوارەی نەورۆزدا، تێپەڕی.
دڵنیابوم لەرێگەی ناوخۆی خۆمانەوە بەراسپاردەی بارزانی تێکدراوە ! بێ دودڵی و بێ پرسی هیچ کەسێک پەیوەندیم بە "ئەحمەد میرە " هاوڕێی رۆژنامەنوس و خاوەنی گۆڤاری لڤینەوە کرد . لەگەڵ ئەواندا، راپۆرتێکی رۆژنامەوانیم لەسەر کۆی هەوڵەکانی کۆبونەوەکە، تێکدان وگومانەکان نوسی و بڵاومانکردەوە بەڵام بەشێوازێک لەلایەک خەڵکی کوردستان بزانن چی روئەدا و لەلایەکیتر تەنیا ئەو کەسانەی ناو جوغزە بچوکەکەی هەردوو لایەن، لەکۆدەکان و نێوانی دێڕەکان تێبگەن .
هیچ کەسێکیش لەناو یەکێتی و گۆڕاندا، زانیاریەکانی ناو راپۆرتە رۆژنامەوانیەکەیان رەتنەکردەوە.
ساڵان رۆیشت و کاری میدیای گۆڕانم کەوتە ئەستۆ .
بەهاری دووهەزاروپانزە پێش مەراسیمی شاری جوان، جارێکیتر هەوڵەکانی بارزانی بۆ شکستپێهێنانی رێکەوتنە بیستوپێنج خاڵیەکەی نێوان ( ب گ ، ی ن ک )، لەناوخۆی یەکێتیەوە کەوتەوە گەڕ .
بەفرسەتم زانی لەنزیکەوە روو لەنەوشیروان مستەفا بڵێم :
+ تۆ دوو ساڵ پێش ئێستا، پێتوابو کۆبونەوەی نەورۆز، کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح تێکیانداوە! من ئەوکاتیش ئەمزانی کە وانیە، ئێستا ئەوانە کێن کاک مەسعود ئەتوانێ هانیانبدات، رێککەوتنێکی وەها گرنگمان لێ تێکبدات؟
وتی: ئێستاش هەر بڕوام وایە کۆسرەت و جەماعەتەکەی کۆسرەتن .
بەم وەڵامە تێگەیشتم هەمان بڕوای ساڵانی پێشوی هەیە بەڵام رۆژی دواتر، کۆمەڵێک بەڵگەمان سەبارەت بەهەوڵەکانی تێکدانی رێککەوتنەکە دەستکەوت، لەبەشی ئایندەیا باسیان دەکەم .
