پلانی ئیسرائیل بۆ دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ناودار ابراهیم
4 ڕۆژ لەمەوپێش
ناودار ابراهیم
نابێت هەرگیز کەسێک ڕەتبکەیتەوە کە چیرۆکێکت بۆ باس دەکات،
جا گرنگ نیە ئەو بابەتە چەندە نامۆ و سەیر بێت.
ئەفسەری هەواڵگری مۆساد (ڤیکتۆر ئۆسترۆڤسکی)
لە ساڵی ١٩٤٨، دوای جەنگی دووەمی جیهانی و دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر دەستی (داود بنگۆریۆن)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پاراستنی شوناس و دەستنیشانکردنی سنوورەکانی، کەوتە قۆناغێکی تازەی ململانێوە، دەوڵەتە عەرەبەکان بە بیانووی پاراستنی (قودسی پیرۆز) بەرەیەکی نوێیان سازکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەو دەوڵەتانەش بریتیبوون لە (ئوردن، میسر، سوریا، عێراق و لوبنان)، چونکە نەتەوەی عەرەب تا ئەوکات باڵادەستبوون لە ناوچەکەدا، بەڵام بە هاتنی ئیسرائیل وردە وردە نەتەوەگەرایی و بەرژەوەندییەکانیان بەرەو پوکانەوە دەڕۆیشت، هەربۆیە دەوڵەتانی عەرەب کەوتنە گێژاوێکی قوڵەوە لە مەیدانی جەنگدا دژی ئیسرائیل بە تایبەت لە ساڵی (١٩٤٨-١٩٤٩)، هەروەها لە ساڵەکانی (١٩٥٦، ١٩٦٧، ١٩٧٣، ١٩٨٢، ٢٠٠٦) هەر لە جەنگدا بوون دژی ئیسرائیل، بەڵام ئێران لەسەردەمی شاهەنشایی(پاشایەتی)دا، هاوپەیمانبوو لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، بەڵام بەهۆی دروستبوونی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی(١٩٧٩)، دەوڵەتی ئیسرائیل بیری لە داڕشتن و پلان و ستراتیژێکی نوێ کردەوە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە دەوڵەتی ئیسرائیل نەتەوەی عەرەب و ئێرانی(شیعە)ی بە دوژمنی خۆی دەزانی و پێی وابوو ئەگەر خۆی حکومڕانی ناوچەکە نەکات، ئەوا ئەگەری هەیە ئەو دەوڵەتەی کە تازە دروستی کردووە لەناو بچێت و گەلی(جوو)ش لەسەرتاسەری جیهاندا دووبارە بکەونە مەترسییەوە. لە دوای ڕووخانی (یەکێتی سۆڤیەت) لە ساڵی (١٩٩١) و پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئیسرائیل کەوتە پلانی ئەوەی ئەو دەوڵەتانە لاواز بکات کە بەرهەمهێنەری (نەوت) بوون، چونکە ئیسرائیل باوەڕی وابوو پێکدادانی شارستانییەتییەکان لە نێوان (جیهانی ئیسلامی و مەسیحی و یەهودیەت)دا، دەبێت ببرێتە نێو جیهانی(دارایی و نێودەوڵەتییە)وە، هەربۆیە کۆنتڕۆڵکردنی نەوت، ڕێگایەک بوو بۆ لاوازکردنی دەوڵەتانی عەرەب و کەنداو، چونکە سامانە کەڵەکەبووەکانی وڵاتانی عەرەب لەنێو بانکەکانی جیهاندا تا دەهات بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە زیاتر دەبوون، نیۆکۆنەکان[1]یش کە لە بنەڕەتدا جووی ئەمریکین، باوەڕییان وابوو کەڵەکەبوونی سەرمایە لە بانکەکانی ڕۆژئاوا کاریگەری لەسەر ئابوری وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی دەبێت.
هەربۆیە بە هاندانی (جۆرج بۆش) لەلایەن ئیسرائیل و نیۆکۆنەکانەوە، لە ساڵی (٢٠٠٣)دا، بڕیاردرا کە هێرش بکرێتە سەر عێراق، بە بیانووی ئەوەی کە عێراق خاوەنی چەکی (کۆمەڵکوژ و وزەی ئەتۆمی)یە، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستیان ئەوە بوو کێڵگە نەوتییەکانی عێراق دابەشبکەن بۆ چەند کۆمپانیایەکی تایبەت و هەریەک لەم کۆمپانیانەش بەرهەمەکەی زیاد بکات لە دژی ڕکابەرەکەی، بەمەش ملیۆنان بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرا لە ڕۆژێکدا، جگە لەوەش هەیمەنەی (سعودیە)ی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا لە ڕێکخراوی (ئۆپیک) لاواز دەکرد و چیتر نەیدەتوانی هەرخۆی بە تەنها فرۆشتنی نەوت قۆرخ بکات. لە ڕاستیدا سعودیە یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی کە ناڕازیی بوو لە لێدانی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، چونکە دەیزانی ئێران دەست بەسەر دەوڵەتی عێراقدا دەگرێت و باڵانسی (شیعە و سوننە) تێکدەچێت، لە هەمانکاتیشدا مەترسی لە لاوازبوونی هەژموونی خۆی هەبوو کە ئێران دوای دەستبەسەرداگرتنی عێراق، دەست بەسەر سعودیاشدا بگرێت، بەڵام دواتر سعودیە لەلایەن ئەمریکاوە ڕازی کرا، جگەلەوەش چەندان چەکی ئەمریکی لەلایەن ئەمریکاوە درا بە سعودیە بۆ پاراستنی بنەماڵەی (ئال سعود و دارودەستەکەی). بەڵام سعودیە بۆ پاراستنی باڵانسی (سوننە) لە ناوچەکەدا، بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە یارمەتی گرووپە ئیسلامیە ڕادیکاڵەکانی دەدا دژی ئیسرائیل و ئێران، هەربۆیە ئیسرائیل بە هۆی سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) توانی پشێوی لە نێو دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنێتەوە، چونکە ئیسرائیل شەڕ و ئاژاوەی لەنێو دەوڵەتەکاندا دروستدەکرد بە مەبەستی دابڕین و لێکترازانیان بۆ یەکەی بچوکتر و دەیویست شەڕی (تەیافەگەریی و خێڵەکی) بخرێتە چوارچێوەی پێکدادانەکانیانەوە، بۆئەوەی ڕکابەری یەکتربکەن و سەرقاڵیان بکات بە یەکترەوە، هەروەک چۆن لە پێشتردا ئیستیعمارە ئەوروپییەکان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانیان دەوڵەتی نەتەوەییان دروستکرد. چونکە دەوڵەتی نەتەوەیی هەریەک لەو دەوڵەتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکردە یەکەی بچوک بچوک کە بە ئاسانی دەیتوانی لە ڕووی (ئابوریی و سیاسیی و سەربازیی و کۆمەڵایەتییە) دەست بگرێت بەسەریاندا و بە شێوازێک لاوازی دەکردن کە هەمیشە پشت بە سەرانی ڕۆژئاوا ببەستن. بۆ ئەمەش پێویستیان بە دروستکردنی گروپی (تەیافەگەریی و مەزهەبی) بوو لە ژێر هەیمەنەی دەوڵەتە ئەوروپییەکاندا، لەمەشدا ئەوروپییەکان یەک سودییان دەبینی، ئەوەیش دروستکردنی ئاژاوە و لاوازکردنی ئەو دەسەڵاتە بوو، کە پێچەوانەی ویستەکانی (ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و ئەمریکا) بێت، وەک چۆن ئێستا (ئەمریکا) بە بیانووی بڵاوکردنەوەی (دیموکراسی)یەوە دەیەوێت بەرژەوەندییە (ئیمپڕالی و ئابوریەکانی) بپارێزێت، بەڵام ئیسرائیل توانی سود لەو سیاسەتەی وەربگرێت وەک یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دوژمنەکانی لاواز بکات و ئیمپڕاتۆریەتێکی ئیسرائیلی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار بکات. ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە تەواوی مانیفێستی دەوڵەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ بکات، سەرەتا پێویستی بە تێکدانی ئەمنی (عێراق، سوریا، ئێران، سعودیە، لوبنان، میسر و یەمەن) هەبوو، چونکە بە تێکدانی ئەو وڵاتانە دەتوانێت خۆی ببێت بە هێزی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرهەمی نەوتەکەی لەگەڵ ئەمریکادا زیاد بکات، هەروەها بازاڕەکانی جیهان پڕ هەرزانی نەوت بکەن. لە جیاتی ئەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە قۆرخ بکرێن و وەکو بە دیلێک بۆ لاوازکردنی ئیسرائیل لە ناوچەکە و ڕۆژئاوا و ئەمریکا بەکاربهێنرێت.
دوای داگیرکردنی عێراق، ئیسرائیل دەیویست ئێرانیش لەناوبەرێت، بەڵام ئێران ئەو هێزە نەبوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاسانی بیریان لێدەکردەوە، چونکە ئێران دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ئێراق، توانی دەستێوەردانی ئەو وڵاتە بکات لە ڕووی لایەنی (سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە)، دوای شەڕی داعشیش لە ساڵی (٢٠١٤)، ئێران دەستێوەردانەکانی لە عێراق گەیشتە لوتکە، بە شێوازێک کە توانی تەواوی ئێراق لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت، ئێران دوای دەستبەسەرداگرتنی ئێراق، هەوڵی دروستکردن و فراوانکردنی(هیلالی شیعی[2])دا، مەبەستیش لە هیلالی شیعی بەستنەوەی ( ئێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان)ە، تا بیانکاتە کوتلەیەکی جوگرافی و بەرهەڵستکار کە ڕکابەری وڵاتە سوننەکانی ناوچەکە بە گشتی و (سعودیە و عەرەبەکانی کەنداو و ئیسرائیل)ی بە تایبەتی پێ بکات، هەر بۆیە ئیسرائیل گروپە چەکدارەکانی وەک (حەماس) و (حزب اللە)ی لوبنان و دەوڵەتی سوریای، وەک داردەستی ئێران دەبینی لە بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ڕق و کینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئەمەش نەک تەنها ئیسرائیلی دەخستە مەترسیەوە، بەڵکو هەڕەشەیەکیشبوو بۆ سەر جیهان، هەربۆیە لەم ماوەیەی پێشوودا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین ناتانیاهۆ) پلانی نەخشەی (داود)ی، ئاشکراکرد، کە ئیسرائیل نەخشەی داودی وەک بەشێک لە پلانەکانی بۆ داگیرکردن و داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو، ڕێگای داود پلانی تێکشکاندنی هیلالی شیعی و لاوازکردنی دەسەڵاتی تورکیایە لە ناوچەکەدا، کە ئەم نەخشەیە یارمەتیدەرە بۆ فراوانبوونی دەسەڵات و سنوری ئیسرائیل زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە، کە ڕێوڕەوەکە لە (تەلئەبیبەوە دەست پێدەکات و لەوێوەشەوە بۆ بەرزاییەکانی جۆلان و سوێدا و تەنەف و حمص و دێرەزوور و حەسەکە) درێژ دەبێتەوە، دواتریش بەردەوام دەبێت و سنوری عێراق دەبڕێت و دەبێتە ڕێڕەوی ئاسایش و ئابوری نێوان (عێراق و ئیسرائیل)، ئەم نەخشەیەش دوو ئامانجی هەیە یەکەمیان بەستنەوەی ئیسرائیل و ئێراقە لە ڕێگای سوریاوە، دووەمیان گەیاندنی سنوری کوردستانە بە ئاو، کە ئەمەش گورزێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتی تورکیا، چونکە چیتر دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی گرنگی ئاوی نامێنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئەگەری زۆریشەوە کورد لێرەدا دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە سیاسی و دەسەڵاتدارانی کورد هۆشیار بن و بتوانن ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی جا لە فۆڕمی دەوڵەتدا بێت یاخود هەر فۆڕمێکی دیکەی بەڕێوەبردن کە دەتوانێت ژیانێکی ئازاد و ئارام بۆ گەلی کورد فەراهەم بکات. بۆ ئەمەش پێویستە سیاسەتمەدارانی کورد بەرژەوەندییە تایبەتی و شەخسییەکانی خۆیان وەلابنێن و چاو لەو ئامانجە ستراتیژییە ببڕن کە سەدان ساڵە لە پێناویدا خەبات دەکەن. هەربۆیە پلانەکەی ئیسرائیل بۆ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، دەکرێت سود بگەیەنێت بە نەتەوەی کورد و ڕزگاری بکات لە ژێردەستی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا، بەو مەرجەی بتوانن هێڵی برایەتی و هاوخەباتی و هاوئامانجی بە بنەما بگرن و دوربکەونەوە لە هێڵی خۆخۆریی و خیانەت و خۆفرۆشی.
[1] نیۆکۆنەکان یان نیۆکۆنزێرڤاتیز، لە ئەسڵدا جووی ئەمریکین، ئەم گروپە کاریگەری سیاسیان هەبوولە ماوەی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان لە نێوان ساڵانی (١٩٦٠ بۆ ٢٠٠٠)کاندا، لە (سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج بۆش)دا کاریگەرییان گەیشتە لوتکە، ئەم گروپە بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانی و هاوسۆزی مافەکانی ئیسرائیل بوون، هەروەها کاریان دەکرد بۆ برەودان بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە نێو فەزای (ئابوری و سیاسی) ئەمریکادا، (نیۆکۆنسێرڤاتیڤ) ئامانجی سەرەکیان بریتیبوو لە پشتیوانی ئیسرائیل و بەرزکردنەوەی کاریگەری ئەمریکا لە جیهانی عەرەبیدا، هەروەها دەیانویست ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بکەن و هیچ هێزێک لەسەرووی ئیسرائیلەوە نەبێت، مانەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا، مانای پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوایە لە گەیشتن بە نەوتی ناوچەکە.
[2] دەستەواژەی هیلالی شیعی بۆ یەکەمجار لەسەر زاری پادشای ئوردن (مەلیک عەبدوڵای کوڕی حسێن) لە ساڵی ٢٠٠٤ هاتە ئاراوە، هەر لەو کاتەشەوە بەکاردێت لەلایەن سیاسیەکان و خەڵکانی ترەوە.