لۆمپەن
سیاوەش گۆدەرزی
15 كاتژمێر لەمەوپێش
سیاوەش گۆدەرزی
لۆمپەنەکان ئەوانەن لە باتی مێشک، دەست و مەچەکیان بەکار دێنن. لە باتی باس و دیالۆگ و مەنتیق، زمانشڕی و جنێو بەکار دەبەن. لۆمپەنەکان لە باتی فاکت و بەڵگە پشت بە دەنگۆ و فەیکنیویز دەبەستن.
لۆمپەنەکان لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنساوە هەتا ئیمڕۆ تەنیا شکڵ و شەمایلیان گۆڕیوە، ئەگینا لە ناخ و ناوەرۆکدا هەمان شتن و هەر لە هەمان چوارچێوەدا تاریف دەکرێن.
ئیمڕۆکە لۆمپەن دەتوانێ شەڕلاتانێکی ئینگلیزی بێت کە بۆ نموونە لەبەر دۆڕاندنی فڵانە تیپی فوتبۆڵ، شارێک وێران بکا، یان دەتوانێ سویدییەکی ناحاڵی بێت بە بێ ئەوەی ڕاسیست بێت و بزانێ ڕاسیزم چییە، وارگەیەکی پڕ لە ژن و منداڵی پەنابەر ئاگر تێبەربدا.
لۆمپەن قەرار نییە شکڵ و ڕواڵەتێکی زلەی وەک (شەعبان بیمخ)ی هەبێ، دەتوانێ شیک و کراواتی و شاپەرەست و ئەوروپانشین بێ، یان دەتوانێ ڕیشدار، حیزبوڵڵایی و چەقۆکێشێکی وەک (لیباس شەخسی) بێت لە شەقامەکانی تاراندا، یان دەتوانێ کورد بێت، کۆنە و تازە سیاسی و بەناو خەباتگێریش بێت، دکتۆر بێ و لە ئەمەریکاش بژی. هەرواتر لۆمپەن دەکرێ ئیسلامی و بەڕواڵەت دیموکرات یان لیبراڵ و کۆمۆنیستیش بێت.
بە کورتی؛ لۆمپەن دەکرێ لە شکڵ و بیچمدا زۆر زۆریش (نۆرماڵ) بێت، بەڵام لەولاوە و لە ناخدا چ لە جیهانی ڕاستی یان مەجازیدا دەستوەشێن، زمانشڕ و جنێو فرۆش، تۆمەتدەر، بوختانچی و دەنگۆ گەیەنەر و فەیکنیویز بڵاوەکەر بێت.