خۆسەر: کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و بارزانی بۆ بەهێزکردنی گوتاری کوردە

دوێنێ



نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی لە هەولێر، پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند دیدارەکە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا."
فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نووسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نموونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی بکات و لەو هێڵە دووربیت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسیەوە.
وتیشى: لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندیەکانی تورکیا باشتربیت لەگەڵ کورد دا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت."

بەوتەى نوێنەرەکەى خۆسەر، کۆبوونەوەکە بۆ هەنگاونان بووە لەسەر "چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژئاوا،" و جەختیکردەوە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناوجەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بیت لەم دۆخەدا."
وتەکانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدان هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو سەرکردەی کوردی لە هەولێر پشتڕاستکردەوە.
ناوبراو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار