ئەنفال: لە دووڕیانی ئەرشیفێکی ون و دیوەخانی ئاوەداندا

شارۆ شاهۆ

3 ڕۆژ لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ

بەم دواییانە ئەرشیفی ناوەندی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری (CABR). کە یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین ئەرشیفە مێژووییەکانی هۆڵەندا و پەیوەندی بە جەنگی جیهانی دووەمەوە هەیە.  زانیاری و بەڵگەنامەی زیاتر لە 425,000 کەسی بڵاوکردەوە کە هاوکاری نازییەکانیان کردووە لە ماوەی داگیرکردنی هۆڵەندا لە نێوان ساڵانی 1940-1945. دەستپێکی ئەم پڕۆژە گەورەیش کە بە شێوازی دیجیتاڵکردن بەڕێوە دەچێت لە ئەیلولی 2023ەوە دەستی پێکردووە و بڕیارە تا ساڵی 2027 تەواو ببێت. لە کۆی 30 ملیۆن لاپەڕەی ئەرشیفەکە، نزیکەی 8 ملیۆن لاپەڕە تا ئێستا دیجیتاڵ کراون. ئەم پڕۆژەیە کە بە "جەنگ لە دادگا" ناسراوە، هەوڵێکی هاوبەشە لە نێوان چەندین دامەزراوەی گرنگی هۆڵەندی وەک ئەرشیفی نیشتمانی، WO2NET، پەیمانگای NIOD و پەیمانگای هویگنس. [1]گرنگی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە دەرفەتی گەڕان و توێژینەوە بۆ نەوەی نوێ و توێژەران ئاسان دەکات، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت زانیاری لەسەر ڕۆڵی باوباپیرانیان لە ماوەی جەنگدا بەدەست بهێنن. لە نێو ئەو کەیسانەی لە ئەرشیفەکەدا تۆمارکراون، ناوی زیاتر لە 150,000 کەس بوونی هەیە کە سزا دراون، بە نزیکەی 20,000 کەسیش لە هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیادا خزمەتیان کردووە لە ساتەوەختەکانی جەنگدا. پرۆفیسۆر هانس ڕێندەرز، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی گرۆنینگن لە میانەی دیدارێکی لەگەڵ BBC ئاماژەی بەوەدا کە تەنها نزیکەی 15% ی دۆسیەکان چوونەتە دادگا لەناو ئەم ئەرشیفەدا، نزیکەی 120 هەزار کەس دۆسیەکانیان ڕەتکراوەتەوە. هەرچەندە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە هەندێک نیگەرانی دروست کردووە سەبارەت بە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی، بەو پێیەی کە ئەرشیفە دیجیتاڵییەکە زانیاری تەواوی ناو و نازناوی خانەوادەیی لە خۆگرتووە کە ڕەنگە سەربکێشێت بۆ ئابڕووچوونی هەندێک لە نەوەی ئەو تاوانبارانە. بەڵام ڕێکارە پێویستەکان گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی تایبەتمەندێتی کەسەکان و بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی زانیارییەکان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری هۆڵنداوە، بەو پێیەی کاتێک توێژەرێک نیازمەندی خۆی نیشان بدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی ناو ئەرشیفەکە دەبێت مەبەستی ڕەوای خۆی بخاتەڕوو لە چۆنێتی بەکارهێنانی زانیارییەکان.[2]

مەبەست لە خستنەڕووی ئەم دەستکەوتە گرنگە لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا ئەوەیە کە هێشتا وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕابردووی خۆیان. ڕابردوویەک ئەگەرچی لە زەرەری تاکەکانی خۆشیان بێت. زیندوو ڕاگرتنی مافی قوربانی و هێنانەدی دادپەروەری بۆ ئەوان تاکو هەنووکەش پرسێکی جێی بایەخە. بەتایبەت لەوەدا کە ناوی ئەو هاوڵاتیانە بخەنەڕوو کە چۆن هاوکاری دوژمنیان کردووە لە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگدا، هەتاکو نەوەی تازەش بتوانێت وانەی لێوە فێر ببێت و نەچێتە پاڵ ئەو خەونە گوتارانەی کە بنەماکەیان لەسەر نەتەوەی سەردەست و ژێردەست، یان ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی یان پاوانخوازی ڕۆنراون.

بە ڕوانینێکی خێراش لە واقیعی نەتەوەی کورد لە دوای خەباتی ڕزگاری و دامەزراندنی حکومەتی سەربەخۆ لە چوارچێوەی ئێراقدا بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی جینۆسایدی نەتەوەکەمان، تێدەگەین بۆچی تاکی کورد لە جێیەکدا ڕاوەستاوە، جێیەک کە وتاری بەرگری هێشتا سیمای بنەڕەتیەتی و پێی دەناسرێتەوە. لەدوای ئەم وتارە، ئەستەمە سیماکانی وتارێکی نوێ بەدی بکەین کە لە چیرۆکی قوربانییەوە هەنگاو بنێین بۆ چیرۆکێکی نوێ کە قوربانی توانیوێتی بگات بە دادپەروەری. بەگوێرەی پەرتووکی "جینۆساید لە عێراقدا، پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد" کە لەلایەن هیومان ڕایتس وۆچ ئامادەکراوە و لە ١٩٩٣ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات کە لەپاڵ دامەزراوەکانی ڕژێمی پێشووی ئێراق بۆ ئەنجامدانی شاڵاوی ئەنفال (١٩٨٧-١٩٨٩)، جاش و موستەشارەکان شاڕۆڵیان هەبووە لە فریودانی گوندنشینان بە بوونی بڕیاری لێخۆشبوونی ڕژێم لێیان و خۆبەدەستەوەدان و ئەنفالکردنیان، سەرەڕای چاوساغیان لە کەنەوپشکنینی گوندەکان و پێدانی زانیاری بە ڕژێم لە پرۆسەی ئەنفالدا. [3]لەپاش پرۆسەی ئازادی عێراق، دادگای باڵای تاوانەکان لیستی ناوی داواکراوانی کەیسی ئەنفالی ڕاگەیاند کە دەبێت لەبەردەم دادگادا ئامادە بن کە کۆی گشتی ٤٢٣ ناوە، کە بە ناوی (وفیق عجیل السامرائی) دەستپێدەکات و بە (محەمەد سەعید هارونی) کۆتایی دێت. لەکۆی ئەم ژمارەیە ٢٦٧ کەسیان کوردن.​​​​​​​​​[4]

لە ئەنفالەوە بۆ دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی موستەشارەکان:

لەکۆی ئەو 267 کەسە کوردەی کە ئاماژەمان پێیدا، هەتاکو ئێستا دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم کە هەردوو پارتی باڵادەستی هەرێم بەڕێوەی دەبەن، هێشتا شکستن لەوەی کە ئەم تاوانبارانە پەلکێشی دادگا بکەن. ئەوەی جێگای سەرنجە هەندێک لەم تاوانبارانە خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینین. ڕۆژانە دەرگای دیوەخانەکانیان لەسەر پشتە، بەدەیان کەس ڕوویان لێ دەنێت بۆ پرسی ئاشتی کۆمەڵایەتی، کە لەڕێگەیەوە هەم دەسەڵاتیان زیاتر بووە، هەم پارەیەکی باشیان مۆڵ کردووە، سەرباری موچەی دیوەخانەکان کە بۆیان تەرخانکراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە. سەربار، یەکێک لە ڕووداوە سەیرەکان کە بەڕاستی بۆ من شۆکهێنەر بوو کە یەکێک لە چالاکوانەکانی پرسی جینۆسایدی کورد لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا: یەکێک لەو دادوەرە کوردانەی کە سەرپەرشتیاری دادگای دیکتاتۆر (سەدام حسێن) بووە لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق، سەردانی ماڵی یەکێک لەو موستەشارانەی کردووە کە لەو لیستەدا داواکراوە وەک تاوانبار و دەبێت لەبەردەم دادگا ئامادە بێت. ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین لە خاڵی جیاوازی نێوان سایکۆلۆژیای تاکی ئێمە و ڕۆژئاوا. لە ڕۆژئاوادا، مێژوو و ئەرشیف بەهایەکی گەورەی هەیە و تاوانباران بەپێی یاسا و دادپەروەری ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێنەوە. بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا، نەک هەر ئەم بەهایە بوونی نییە، بەڵکو بەردەوام هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی دەدرێت. [5]نموونەی بەرچاوی ئەمەش بڕیاری لێخۆشبوونی بەرەی کوردستانی و دەسەڵاتی کوردییە لە ساڵی ١٩٩١دا بۆ جاش و موستەشارەکان، تەنها چەند ساڵێک دوای کارەساتی ئەنفال، بە بیانووی بەشداریکردنیان لە ڕاپەڕیندا. بە بۆچوونی من، کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە سایکۆلۆژیای کۆمەڵگای کوردی هێشتا نەیتوانیوە جیهانبینی خۆی لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی دامەزراوەیی، گەیشتن بە پێناسەیەکی گەردونی بۆ دادپەروەری بەرجەستە بکات. هێشتا لە بازنەی بیرکردنەوەی خێڵەکیدا قەتیس ماوە بەردەوام لە خۆ نوێکردنەوەی نۆرمە خێڵەکی و دینیەکانیدا.​​​​​​​​​​​​​​​​

بێ باکی لە ڕابردوو و ڕوانینێکی بێ منەتانە لە دەستکەوتەکان:

بەگوێرەی پەرتووکی "جینۆساید لە عێراق"، هیومان ڕایتس وۆچ  (HRW)ئاماژە بەوە دەکات کە چواردە تەن بەڵگەنامە کە کراونەتە 847 سندوقەوە، لاپەڕەکانی زیاد لە چوار ملیۆن پەڕە دەخەمڵێندرێت کە هی دامەزراوە سەربازی و ئاسایشییەکانی ڕژێمی پێشوو بوون. هێزە کوردییەکان لە مایسی 1992 وەریانگرت بە مەبەستی شیکارکردنیان و تێگەیشتن لە جینۆسایدی گەلی کورد. دواتر پاش شیکارییان، ئەم ئەرشیفە گەورەیە لە واشنتۆن بە ئەرشیفی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سپێردراون. [6]ئەوەی جێگای سەرنجە هەتاکو هەنووکە هیچ قسە و باسێکی فەرمی بوونی نییە کە ئایا ئەم ئەرشیفە بۆچی ناگەڕێندرێتەوە تاکو کاری لەسەر بکرێت و لەناو دامەزراوەیەکی تایبەت بە ئەرشیف بخرێتە بەر دیدی لێکۆڵەران و هاوڵاتیان. ئەمەش بۆ ئەوەی باشتر ئاشنای جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران ببن لە هەرێمی کوردستان، هەر نەبێ بزانن کە یەکەم کەس دەستەواژەی ئەنفالی پێشنیار کرد ژەنەڕاڵی پلەبەرز (کامل ساجت) بوو کە گوایە بەگوێرەی گێڕانەوەکان پیاوێکی ئیماندار بووە بۆیە ئەم ناوی (ئەنفال)ی لەم پرۆسەیە ناوە.[7]

یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی دۆزی جینۆساید لە کوردستان، جگە لە لاوازی دامەزراوە حکومییەکان، نەبوونی هۆشیاری یاسایی قوربانیانە لە بەرامبەر مافە ڕەواکانیان. ئەم نەبوونی هۆشیارییە لە دوو ئاستدا دەردەکەوێت: یەکەم، لە ئاستی تاکەکەسیدا کە قوربانیان نازانن چۆن سکاڵای یاسایی لە دژی تاوانبارانی ئەنفال تۆمار بکەن. دووەم، لە ئاستی ڕێکخراوەیی و چالاکواناندا کە سنوورداری زمانەوانییان (تەنها زانینی زمانی کوردی) بووەتە بەربەستێک لە بەردەم گەیاندنی دۆزی جینۆساید بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. لایەنێکی دیکەی ئەم کەموکورتییە لە کاری چالاکواناندا دەردەکەوێت کە شانازی بە کۆکردنەوەی ئەرشیفێکی لاوازەوە دەکەن. ئەرشیفێک کە نە میتۆدۆلۆژیای زانستی تێدا ڕەچاوکراوە و نە بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بەڵگەنامەکردن ئامادە کراوە. ئەمەش وای کردووە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت ئەگەر ڕۆژگارێک هاتەپێش ئەم کەیسە ببرێتە بەردەم دادگایەکی تایبەتی نێونەتەوەیی. خاڵێکی هەرە گرنگ کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکرێت، پەیوەندی بە هەڵوێستی سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە هەیە لە دوای دروستبوونی ئێراقی نوێ. سەیرە کە هێزە کوردییەکان، سەرەڕای بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵی 2003 ەوە هەتا ئێستا، نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە داوای لێبوردنێکی فەرمی لە سەرۆک کۆماری ئێراق بۆ گەلی کورد بەدەست بهێنن. ئەم داوای لێبوردنە دەبوو بە فەرمی و بە ڕوونی ئاماژە بە هەموو ئەو تاوانانە بکات کە ڕژێمی پێشوو لە دژی گەلی کورد ئەنجامی داون، لە تاوانی ئەنفالەوە بگرە هەتا کیمیاباران و کوشتنی بەکۆمەڵی خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری.

ئەنجام گیری و ڕاسپاردە:

بەپێی ئەو ئەنجامگیرییانەی هیومان ڕایتس وۆچ سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی کورد لە ئێراقدا پێی گەیشتبوو، هەوڵی دا پشتگیری دەوڵەتان بۆ دادگاییکردن لە دادگای نێودەوڵەتی دادپەروەری لە لاهای ڕابکێشێت، بە تۆمەتبارکردنی ڕژێمی ئێراق بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی دانیشتووانی کوردی گوندنشین. سەرەڕای ئەوەی لە دۆزینەوەی ئەو پشتگیرییە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام توانی نووسینگەی ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قایل بکات کە لەناوبردنە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال لەگەڵ پێناسەی یاسایی جینۆساید لە ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی ١٩٤٨دا یەکدەگرێتەوە و دەکرێت وەک کەیسێکی ڕەوا ببرێتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی داد (ICJ). ئەم هەڵسەنگاندنەی وەزارەتی دەرەوە لە یاداشتنامەیەکدا ڕەنگی دایەوە کە لەلایەن ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتەکەوە بۆ وارێن کریستۆفەری وەزیری دەرەوەی ئەوکات نێردرابوو. بەڵام لەبەر ئەوەی ICJ تەنها ئەو کەیسانەی وەردەگرت کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بۆی ڕەوانە دەکران و پەیوەندییان بە کێشەی نێوان دوو دەوڵەتەوە هەبوو، نەتوانرا ئێراق لەم دادگایەدا بەرپرسیار بکرێت. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە هیچ دەوڵەتێک ئامادە نەبوو لەسەر ئەم پرسە ئێراق تۆمەتبار بکات لە ئەنجومەنی ئاسایشدا، چونکە عێراق پاڵپشتی ڕۆژئاوای هەبوو لە جەنگی یەکەمی کەنداودا بەتایبەت ئەمریکا. پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئەنجامدانی شاڵاوی ئەنفالیشی وەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئێران پاساو دەدرایەوە لە ناوچەکانی باکوردا لەلایەن دەوڵەتانی پاڵپشتی ئێراق .[8]

لەکۆتاییدا، گرنگە ئەو ڕاسپاردەیە بخەینە ڕوو کە ئەرشیفی تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەرهەق بە گەلی کورد بە دیجیتاڵ بکرێت لە چوارچێوەی ئەرشیفێکی نیشتیمانیدا. ئەرشیفێک کە بتوانرێت بە فۆرمێکی نوێتری سەردەمیانە شیتەڵ و پۆلێنی بەڵگەنامەکان بکرێت، ڕاستی و دروستی ژمارەی قوربانیان و چیرۆکەکانیان دیاری بکرێت و بگێڕدرێتەوە بە زمانە زیندووەکان، بەتایبەت زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی قوتابخانەی شیکاری. لەپاڵ ئەمەشدا، فشاری زیاتر بخرێتە سەر حکومەتی عێراق تاکو ببێت بە ئەندام لەناو (بنەڕەتنامەی ڕۆما -١٩٩٨) کە لەلایەن نوێنەرانی ١٢٣ وڵات لە شاری ڕۆمای ئیتاڵیا واژۆکراوە بۆ پێکهێنانی دادگایەک بەناوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە ناسراوە بە (ICC)، کە ئێستا بارەگاکەی لە شاری لاهایە لە وڵاتی هۆڵەندا. لە ئەگەری ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا، [9]ئەوا ئەو کات دەتوانرێت تاوانبارانی ڕژێمی پێشوو دادگایی بکرێن. بەڵام دەبێت مەخابن کە ئەم پێشنیارانە ڕەنگە کاتێک هەنگاوی جددی بۆ بنرێت کە کات درەنگ بووە. نەوەیەکی تازە هاتۆتە ڕێ کە تەنها بە ناو بیستوویەتی کە ئەنفال چی بووە یاخود تاوانی کیمیاباران، ئەویش تەنها لە یادکردنەوەی ساڵانەی جینۆسایدی کوردا نەبێت لە عێراق، کە هەر ساڵێک یادەکە بە کۆڵێک گلەیی و گازندەی قوربانیان و کەسوکاریان بە کۆتا دێت. لەکاتێکدا ئەنفالچی و تاوانبارانیش زیاتر زەنگینتر و دیوەخانەکانیشیان زیاتر جمەی دێت. دوا وتەش: ئەگەر نەتەوەی کورد نەتوانێت خاوەن ئەرشیفێکی دیجیتاڵی گشتگیربێت کە خەم و ئازارەکان بگێڕێتەوە ، تاوانباران بە بەرپرسیارێتی تاوانکاری خۆیان نەگەیەنێت لەناو دادگادا بەدابینکردنی بەڵگەی دروست، دادپەروەری ڕاگوزەر بەدی نەهێنێت بۆ قوربانیان. ئەوا چیتر ئەم نەتەوەیە ناتوانێت خاوەن گوتارێکی یەکگرتوو بێت کە پارادایمێکی نوێی کوردبوونی پێ لەدایک بێت کە بتوانێ وتاری بەرگری تێپەڕێنێت.

 

 سەرچاوە و پەراوێزەکان:


[1] Huygens Institute for the History of the Netherlands. (n.d.). War in court. Royal Netherlands Academy of Arts and Sciences. https://www.huygens.knaw.nl/en/projecten/war-in-court/

[2] Phillips, A. (2025, January 2). Names of 425,000 suspected Nazi collaborators published. BBC News. Retrieved January 6, 2025, from https://www.bbc.com/news/articles/cj6z3g0d3x3o

 

[3] Sciences Po. 1988 Anfal Campaign in Iraqi Kurdistan. Mass Violence and Resistance, https://www.sciencespo.fr/mass-violence-war-massacre-resistance/fr/document/1988-anfal-campaign-iraqi-kurdistan.html.

[4] Kurdistan Genocide Network Association. The Anfal Campaign: The Genocide Against the Kurdish People in Iraq. https://kgna.krd/public/storage/file_zip/17154800403pQXBWUbP7.pdf.

[5] PoliticPressMedia. “[Video title].” Facebook video, April 15, 2023. https://www.facebook.com/politicpressmedia/videos/189052523483183/.

[6] Middle East Watch. Genocide in Iraq: The Anfal Campaign Against the Kurds. New York: Human Rights Watch, 1993. p. XXVI.

[7] الخزرجي، نزار عبد الكريم فيصل. الحرب العراقية-الإيرانية 1980-1988: مذكرات مقاتل. المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، 2014، ص. ٤٦٣.

[8] Hiltermann, Joost. The 1988 Anfal Campaign in Iraqi Kurdistan. Mass Violence and Resistance, 3 Feb. 2008, https://www.sciencespo.fr/mass-violence-war-massacre-resistance/fr/document/1988-anfal-campaign-iraqi-kurdistan.html.

[9] ئێراق تەنها واژووی پەیماننامەی ڕۆمای کردووە لە ١١ی دیسەمبەری ٢٠٠٠، بەڵام هەنگاوەکانی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی نەگرتووەتەبەر، بۆیە ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC). ئەمەش واتای ئەوەیە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناتوانێت ڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ناو خاکی عێراق یان تاوانی هاوڵاتیانی عێراق بکات، مەگەر لە دوو حاڵەتدا: یەکەم، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسیەیەک بنێرێتە دادگاکە، دووەم، ئەگەر عێراق خۆی داوای قبوڵکردنی دەسەڵاتی دادگاکە بکات بۆ کەیسێکی دیاریکراو.

PGAction. Iraq and the Rome Statute of the International Criminal Court. https://www.pgaction.org/ilhr/rome-statute/iraq.html#:~:text=On%201%20March%202005%2C%20Iraq's,ICC%20by%20subsequent%20Iraqi%20administrations

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار