پەسەندکردنی یاسای باری کەسێتی
ڕۆزا دڵشاد مەریوانی
دوێنێ
ڕۆزا دڵشاد مەریوانی
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بە یەک پاکێج هەموارکردنەوەی سێ یاسای پەسەند کرد، یەکێک لەوانە یاسای باری کەسێتیی ساڵی 1959 یە؛ کە بۆ وڵاتێک و کۆمەڵگەیەکی فرە مەزهەب و دواکەوتووی وەک عێراق بە پێشکەوتوو دادەنرێت، لە ڕووی پارێزگاریکردن لە مافی ژن لە چوارچێوەی زەواجدا و لە کاتی منداڵخستنەوە و جیابوونەوەدا و..هتد، بەڵام مەترسیی پەسەندکردنی یاساکە لەوە دایە کە پشت بەوە دەبەستێت بەپێی مەزاهیب دادگاکان جیابکرێنەوە و تەمەنی یاسایی بۆ بە شوودانی کچ 15 ساڵ بێت، بە مەرجێک دایک و باوک یان وەلی شەرعیی و دادوەر رەزامەند بن لەسەری، چونکە جیاکردنەوەی دادگاکان بەپێی مەزاهیب دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوەندەی تر کۆمەڵگە پەرتەوازە و دابەش ببێت، هاوکات ئەوەی رەنگە زۆربەمان بیرمان لێنەکردبێتەوە مەترسییە دوور مەوداکانێتی بە بیانووی ئەوەی «ئێمە کوردین کاریگەریی نییە لەسەرمان، لە کاتێکدا شارەکانمان پڕە لە هاوڵاتیی عەرەب. ئێمە وەک دایک و باوکی کورد، کچ لەو تەمەنە زووەدا نادەین بەشوو یان ئەوەی ئەو کارە دەکات ئازادە». بەڕاستی بیرکردنەوە لەمانە وەک ژنێک ئینجا وەک دایکێک پەستم دەکات، چونکە بوون و جێبەجێکردنی یاسایەکی لەو جۆرە لە وڵاتێکی هەژار و فرە مەزهەب و پڕ لە کێشە و ناکۆکی نێوخۆیی و سیاسیی-دا لە داهاتوودا کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر وڵات و کۆمەڵگەکەی بە کوردیشەوە، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت ئێمە بەشێکین لە عێراق، بۆیە بوون و جێبەجێکردنی یاسایەکی لەو جۆرە کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی و دنیا و مافی مرۆڤ بە گشتی و منداڵ بە تایبەتی، بەداخەوە زیاتر دەچینە دواوە و وێنەمان لەبەرچاوی جیهان و کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتیی ناشیرین دەبێت و ئەوەندەی تر نامانخوێننەوە و بە وڵاتێک دەناسرێین نەک تەنیا مافی مرۆڤی تێدا پێشێل دەکرێت، بەڵکو بەناوی یاساوە منداڵی تێدا دەفرۆشرێت، هەروەها دوای چەند ساڵێک لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کۆمەڵگە پڕ دەبێت لە دایکی گەنجی تەڵاقدراو، زیادبوونی نەخۆشییەکانی منداڵان و منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەت و..هتد بەهۆی زوو بە شوودانی دایکیانەوە و زوو منداڵخستنەوە و چەندان کارەساتی دیکە، کە وامان لێدەکات شەرم بکەین بڵێین کوردی عێراقین و لە وڵاتێکدا دەژین کچەکانمان بە یاسا مافیان وەک منداڵێک لێ زەوت دەکرێت.