دژە تیرۆر: درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاڕاستەى دانە غاز کراوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر ـ سلێمانى، ڕایدەگەیەنێت درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیاو یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون.
ئێوارەى ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕێگەى درۆنەوە هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی خۆکوژ ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا، کە دەکەوێتە سنووری چەمچەماڵ.
هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەى دژە تیرۆر، هاتووە: بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیا و یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، هێرشەکەش هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدواوە نەبوو و کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون"، لە راگەیەندراوەکەدا واهاتووە.
دژە تیرۆر دەشڵێن: دەزگا ئەمنییەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییە دەکات و هەر زانیارییەکی نوێ لەم بارەیەوە ڕادەگەیەنرێت".
وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، لەبەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سامانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت.