لیژنەی نەوتی پەرلەمانى عێراق: یاسای نەوت و غاز لەم خولەدا تێناپەڕینرێت

3 هەفتە لەمەوپێش
لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی سامانەکان هەیە، ئەمەش بووە هۆی ئاستەنگ لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، و تێپەڕاندنی ڕەتکردەوە لە خولی هەڵبژاردنی ئێستادا.
ئەمڕۆ هەینی باسم نەغمیش غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان، ڕاگەیاند: “یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2007ەوە داواکارییەک بووە، بەڵام هەوڵەکان بۆ یاسادانانی بەهۆی ناکۆکی سیاسی و ڕێککەوتن نەبوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان شکستی هێنا”.
ئەو ڕوونیشیکردەوە، یاساکە بەشێک بووە لە بەرنامەی ئێستای وەزاری، و بڕیاربوو لەم خولەی پەرلەماندا یاسا دەربکرێت، بەو پێیەی لە ساڵی 2023ەوە لیژنەکان پێکهێنران بۆ گفتوگۆکردن لەسەری، هەروەها دوو ڕەشنووس خرانەڕوو کە یەکەمیان لە حکومەتی فیدراڵەوە و دووەمیان لە هەرێمەوە، هەروەها لیژنە هاوبەشەکان پێکهێنران بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا.
ئەندامەکەى لیژنەى نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی پرسە تەکنیکییەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام جیاوازییەکان لەسەر لایەنە کارگێڕییەکان و دەسەڵاتەکان و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نەوتی فیدراڵیدا بووە، جگە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی سەرچاوەکان، هەروەها مافەکانی پێشوو و ئێستا.
باسم نەغمیش غەریباوی، وتى: لیژنەی نەوتی پەرلەمان جموجۆڵی چڕوپڕی لەگەڵ سەرکردەکانی قەوارە سیاسییەکان ئەنجامدا بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگی دەرکردنی یاساکە، بەو پێیەی ئەو سامانە نەوتییە ڕێکدەخات کە بەتەواوی دارایی دەوڵەت دابین دەکات، هاوکات بەشدارە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، ئەمەش بەشدارە لە گەیشتن بە سەقامگیری سیاسی و ئابووری.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندی بە سامانی نەوت و پابەندبوونی هەرێم بەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی و دادگای نێودەوڵەتییەوە هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم یاسایە یەکێکە لەو یاسایانەی کە تەواوکەری دەستوورە".
سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، غەریباوی پشتڕاستی کردەوە کە "ئەو لیژنانەی کە پێکهاتبوون نەیانتوانی بگەنە کۆدەنگییەکی سیاسی، ئەمەش وایکردووە دەرکردنی یاساکە لەم خولەی هەڵبژاردنەدا بابەتێکی چاوەڕواننەکراو بێت".
